نرخی هێلكە بەرزبۆتەوە

ئابوری 16/09/2021

چاودێر
جارێكی تر لەبازاڕەكانی هەرێمی كوردستان، نرخی هێلكە بەرزبۆتەوە و پێنج هێلكە بە1000 دینار دەفرۆشرێت.
بەپێی ئەو زانیارییانەی لەچەند بازرگان و خاوەن دووكانێكەوە دراونەتە چاودێر، دوای ئەوەی لەرۆژانی رابردوودا، نرخی تەبەقێك هێلكە بەنزیكەی چوار هەزار دینار فرۆشراوە، بەڵام لەئێستادا نرخی یەك تەبەق هێلكە بۆ نزیكەی پێنج هەزار دینار بەرزبۆتەوە و پێنج هێلكە بە 1000 دینار دەدرێتە هاووڵاتیان.
سۆران عەبدولغەفور، بەڕێوەبەری چاودێری بازرگانی سلێمانی، ئاشكرایكردووە، هۆكاری بەرزبوونەوەی نرخی هێلكە پەیوەندی هەیە بەبەرزبوونەوەی نرخی سەرجەم پێداویستیەكانی هێلكە، وەك عەلەف و مریشكیش گران بووە.
روونیشكردەوە،" نرخی تەبەقێك هێلكە لەپارێزگای سلێمانی، پێنج هەزار دینارە و لەپارێزگانی دیكەی هەرێم گەیشتووەتە شەش بۆ حەوت هەزار دینار و پێنج هێلكەش بە هەزار دینار دەفرۆشرێت ".
ئەمە لەكاتێكدایە رۆژانە لەهەرێمی كوردستان، نرخی ماددەیەك یان پێداویستیەكی رۆژانەی هاووڵاتیان بەرزدەبێتەوە و نرخی شتێكی تر بەرزدەبێتەوە.
بەرپرسانی باڵای حكومەت و وەزارەتە پەیوەندیدارەكانی هەرێمیش، بەردەوام پاساوی بەرزبوونەوەی نرخی دۆلاری ئەمریكی بەرامبەر بەدیناری عێراقی دەهێننەوە، بەڵام دواجار هاووڵاتی باجی گران بوونەكە دەدات.