ماكرۆن و كونسوڵی ئەمریكا مەترسیی سەر كوردستانیان رەواندەوە

ڕاپۆرت 30/08/2021

ئەمریكا جەنگی ناوچەكە بە فەڕەنسا و بەریتانیا دەسپێرێت
چاودێر: 

 سەردانە شەو و رۆژییەكەی ئیمانوێڵ ماكرۆن سەرۆكی فەڕەنسا بۆ كوردستان و لێدوانەكانی ئەمڕۆی كونسوڵی ئەمریكا لە هەولێر ئەو مەترسیی و دوودڵیانەیان رەواندەوە كە لە دوای رووداوەكانی ئەفغانستانەوە دروستبوون كە دوای كشانەوەی ئەمریكاییەكان چارەنووسی هەرێمی كوردستان دەكەوێتە مەترسییەوە.

ئیمانوێڵ ماكرۆن سەرۆكی فەڕەنسا زلهێزی جیهان و یەكەم بەهێزترینی یەكێتیی ئەوروپا دوای چوونە دەرەوەی بەریتانیا لە یەكێتییەكە، لەسەر خواستی ئەو لوتكەی دراوسێكانی عێراق لە بەغدا لە رۆژی شەممە سازكرا.

بە گوتەی شرۆڤەكاران ئەم لوتكەیە دەبێتە سەرەتایەك بۆ گەڕانەوەی عێراق بۆ نێوەندی عەرەبی دوای بەشداریی بەرفراوانی وڵاتانی عەرەبی لە كۆنگرەكەدا، بەتایبەت دەوڵەتانی كەنداوی عەرەبی و میسر و ئوردن.

لە دوای لوتكەكە، سەرۆكی فەڕەنسا ماكرۆن هاتە كوردستان شەو ورۆژێك مایەوە، سەردانی موسڵیشی كرد، لەهەولێریش لەگەڵ گەورەبەرپرسانی هەرێمی كوردستاندا كۆبووەوە.

ماكرۆن لە لێدوانەكانیدا گوتی: هێزەكانی ئێمە لە عێراق و هەرێمی كوردستان دەمێننەوە، ئەمریكا بڕواتەوە یان نا.

هاوكات ماكرۆن لە لێدوانەكانیدا لە هەرێمی كوردستان دووپاتی لەبەردەوامی پشتیوانییەكانی پاریس بۆ هەرێمی كوردستان لە سەرجەم بوارەكاندا كردەوە.

لەلایەكی دیكەوە ئەمڕۆ رۆبێرتۆ پالادینۆ كونسوڵی ئەمریكا لە هەولێر لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا بۆ دەزگە رۆژنامەوانییەكانی هەرێمی كوردستان گوتی: ئەمریكا تەنها هێزە شەڕكەرەكانی لە عێراق و هەرێمی كوردستان دەباتەوە و راهێنەر و دبلۆماتان دەمێننەوە.

كونسوڵی ئەمریكا لە هەولێر گوتیشی: ئێمە لە هەرێمی كوردستان دەمێنینەوە و سەرۆك جۆ بایدنیش تێگەیشتنی زۆری بۆ پێوەندییەكانی لەگەڵ هەرێم هەیە، ئێستا پێوەندییەكان لە ئەوپەڕی باشیدان.

هاوكات رەتیشیكردەوە رەوشی عێراق و هەرێمی كوردستان هیچ پێوەندییەكیان بە ئەفغانستانەوە هەبێت.

بەشێك لە شرۆڤەكارانی نێوخۆیی و دەرەوەیی لەبارەی ئەم گۆڕانكاریی و پێشهاتە نوێیانەی لەسەرەتای ئەم هەفتەیە روویانداوە، دەڵێن: فەڕەنسا هەوڵ دەدات دوای كشانەوەی ئەمریكا جێگای ئەمریكا لە عێراق و هەرێمی كوردستان بگرێتەوە.

بە گوتەی شرۆڤەكاران فەڕەنسا كە بە دۆستی مێژوویی كورد ناسراوە دوای كشانەوەی ئەمریكا جێپێی خۆی زیاتر بەهێز دەكات لە هەرێمی كوردستان.

بەشێك لە چاودێران ئاماژە بەوە دەكەن ئەمریكا دەكشێتەوە لە عێراق خۆی بۆ شەڕی چین ئامادە دەكات، بۆیە ئەم ووردە شەڕانە دەسپێرێت بە هاوپەیمانەكانی بەتایبەت فەڕەنسا و بەریتانیا و ئەڵمانیا و رەنگەش توركیاشی لەگەڵ بێت.

بە گوتەی بەشێك لە چاودێران بەر یەككەوتنی توركیا و فەڕەنساش لە هەرێمی كوردستان بە دوور نازانن بەتایبەت كە پێوەندییەكانیان لە باشیدا نییە، دواین لێدوانی سەرۆكی توركیا رەجەب تەیب ئەردۆغانیش بە نمونە دەهێننەوە كە دوای سەردانەكەی ماكرۆن بۆ هەرێم گوتی: هەر كەسێك هەر هەنگاوێك بهاوێژێت لە ناوچە دەبێت پرس و ڕا بە توركیا بكات.