زانیاری نوێ لەبارەی 200 ملیار دینارەكە و مووچەی مانگی 8

ئابوری 26/08/2021


چاودێر: تایبەت
تاوەكو ئەمڕۆ پێنجشەممە، 200 ملیار دینارەكەی حكومەتی عێراق، بۆ هەرێمی كوردستان نەنێردراوە و بەهۆيەوە، دابەش كردنی مووچەی ئەم مانگە، بەخاوی بەڕێوە دەچێت.
بەپێی ئەو زانیارییانەی لەوەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمەوە دراونەتە (چاودێر)، هەرچەند بڕیار بوو لەم هەفتەیەدا، 200 ملیار دینارەكە لەلایەن بەغداوە رەوانەی هەرێم بكرێت، بەڵام هێشتا نەنێردراوە.
لەزانیاریەكاندا، ئەوەش خراوەتە روو،" بەهۆی گەشتی وەزیری دارایی عێراق بۆ دەرەوەی وڵات نەتوانراوە واژوو لەسەر ناردنی پارەكە بۆ هەرێم بكرێت و بەهۆشیەوە، دابەش كردنی مووچەی مانگی ئابی مووچەخۆرانی هەرێم، بەخاوی بەڕێوە دەچێت".
هەر بەپێی زانیارییەكانی (چاودێر)، پیشتر بەرپرسانی باڵای حكومەتی هەرێم، باسیان لەوە كردبوو، تاوەكو 2ی ئەیلول واتە پێنجشەممەی هەفتەی داهاتوو، دابەش كردنی مووچە كۆتایی پێدێت، بەڵام لەئەگەری نەناردنی 200 ملیارەكە لەهەفتەی داهاتوو، دابەش كردنی مووچە 10 بۆ 14 رۆژی تر دوادەكەوێت و درێژە دەكێشێت.
ئەمە لەكاتێكدایە دەنگۆی دابەش كردنی مووچە لەرۆژانی هەینی و شەممە لەئارادابوو، بەڵام وەزارەتی دارایی هەرێم ئەوەی رەتكردۆتەوە.
دوێنێ چوارشەممە 25ی ئاب، مووچەی وەزارەتی تەندروستی بەبێ لێبڕین و ئەمڕۆ پێنجەشممە بڕیارە مووچەی دیوانی وەزارەتی پێشمەرگە و لیواكان دابەش بكرێن.
پێشتر وتەبێژی حكومەتی هەرێم، رایگەیاند، لەماوەیەكی دیاریكراودا مووچەی گشت وەزارەتەكان دابەش دەكرێت.
حكومەتی عێراق مانگی تەموزی رابردوو 200 ملیار دیناری وەك سلفە رەوانەی هەرێم كردو بەهۆیەوە حكومەتی هەرێم توانی مووچەی مانگی تەموز بەبێ لێبڕین دابەش بكات.