"بڕیاری لابردنی لێبڕینی مووچە كەمئەندامانی نەگرتەوە"

ئابوری 29/07/2021

چاودێر:
بڕیاری لابردنی لێبڕینی مووچە، كەمئەندامانی نەگرتەوە و هاوشێوەی مانگەكانی پێشوو، مووچەیان بەلێبڕینەوە وەرگرت.
سامان حسێن، لێپرسراوی گشتی یەكێتی كەمئەندامانی كوردستان، ئەمرۆ پێنجشەمە، دوای وەرگرتنی مووچە، لەبەردەم یەكێك لەبانكەكانی شاری سلێمانی، ئاشكرایكرد، بڕیارەكەی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم، كەمئەندامانی نەگرتۆتەوە.
وتیشی " هاوشێوەی مانگەكانی پێشتر، لەكاتی دابەش كردنی مووچە، تەنیا 100 هەزار دیناری وەرگرتووە".
ئاماژەی بەوەشكرد: ئەو بڕیارەی ئەنجومەنی وەزیران دەریكرد لەبارەی لابردنی لێبڕینی مووچە و دابەش كردنی مووچە بەرێژەی 100%، جێبەجێنەكراوە و مووچەی تەواویان پێنەدراوە.
داواشی لەسەرۆك و جێگر و وەزیرەكانی كابینەی نۆ كردووە، چاوێك بەژیان و گوزەرانی سەرجەم كەمئەندامانی كوردستان بخشێنەوە و هەر هیچ نەبێت ئەو 12 مووچەیەی لەكابینەی 8 وەریان نەگرتووە، بۆیان خەرج بكرێتەوە.

پێش سەرهەڵدانی قەیرانی دارایی، زۆربەی كەمئەندمانی هەرێمی كوردستان، مانگانە 150 هەزار دیناریان وەرگرتبوو، بەڵام لەدوای ساڵی 2014وە، زۆربەی مووچەكانیان پاشەكەوت كرا و لێبڕین ئەوانیشی هاوشێوەی مووچەخۆرانی تر گرتەوە.