بۆچی بێ ئەوەی دووگیان بیت شیر لە مەمكت دێت؟ د. ژیان خەلیل وەڵام دەداتەوە

تەندروستی 11/07/2021


چاودێر:
شیرهاتن لە مەمك بەشێوەیەكی ئاسایی پاش منداڵبوون ڕوودەدات، هەندێكجار لە ماوەی دووگیانیش روودەدات، بەڵام هەندێكجار نەك هەر خانمان بەدەر لە دووگیانی و منداڵبوون، بەڵكو پیاوانیش تێبینی دەكەن شیر یان دەردراوی سپیی وەكوو شیر لە مەمكیان دێت، پزیشكێكی پسۆڕیش دەڵێت" بەرزبوونەوەی  هۆڕمۆنی پڕۆلاكتین دەبێتە هۆی دروستبوونی دەردراوی سپیی هاوشێوەی شیر لە هەر كەسێك و هەر رەگەزێكدا"
هۆكارەكان
د.ژیان خلیل محمود،پسپۆڕی نەخۆشییەكانی مەمك، دەڵێت" ،دروستبوونی شیر لە مەمكدا لەكاتی دووگیانی و شیردانی سروشتی بەهۆی هۆرمۆنی (پڕۆلاكتین) روودەدات، بۆیە بەرزبوونەوەی ئەم هۆرمۆنە بە هەر هۆیەك بێت دەبێتە هۆی دروستبوونی دەردراوی سپیی هاوشێوەی شیر لە هەر كەسێك و هەر رەگەزێكدا، ئەم هۆرمۆنە و چەندینی دیكە لەلایەن (ژێرمێشكەڕژێن) دەردەدرێن كە لە بنەوەی مێشكدا هەڵكەوتووە"

 ئەو پزیشكە ئاماژەبەوەشدەكات، نەخۆشكەوتنی ئەم رژێنە، جا بە دروستبوونی گرێ یان نەخۆشیی دیكە، دەبێتە هۆی زۆربوونی هۆرمۆنی هاندەری دروستبوونی شیر (پرۆلاكتین)، بەڵام بەدەر لەمە، هەندێك هۆی دیكەش هەن كە هانی دەرچوونی شیر لە مەمكەوە دەدەن لەكاتی نائاساییدا، وەكوو: 
1- زۆر ورووژاندنی مەمك و گۆی مەمك. 
2- دەرمان، وەكوو دەرمانی نەخۆشییە دەروونییەكان و بەشێك لە دەرمانەكانی دابەزێنەری گوشاری خوێن. 
3- ناچالاكیی رژێنی دەرەقی. 
4- نەخۆشیی درێژخایەنی گورچیلە. 
5- هەندێك دەرمانی رێگری لە منداڵبوون. 
6- كەمیی هۆرمۆنی نێرینە لە پیاواندا. 
هەندێك خانمیش هەن كە لە منداڵی شیرەخۆرەی كەسانی دیكەش نزیك بن، مەمكیان شیر دروست دەكات، بەڵام ئەمە حاڵەتێكی دەگمەنە. 
وتیشی، لە هەندێك كەسی دیكەشدا كەسەكە هیچ نەخۆشییەكی نییە، تەنیا مەمكی زیاد لە پێویست هەستیارە بۆ هۆرمۆنی پرۆلاكتین و لە ئاستی ئاساییشدا ئەو هۆرمۆنە شیریان پێ دەردەدات. 
نیشانەكان 
 د. ژیان خەلیل، لەبارەوەی نیشانەكان باس لەوەدەكات،  بەپێی حاڵەت و هۆكارەكان جیاوازن، وەكوو: 
1- شیرهاتنی ناوبەناو یان بەردەوام لە گۆی یەكێك لە مەمكەكان یان هەردووكیان 
2- دەڵاندنی شیر لە مەمك، لەخۆوە یان بە وروژاندنی مەمك و گۆی مەمك. 
3- تێكچوونی سووڕی مانگانە. 
4- سەرئێشە و گرفتی بینایی 
لە پیاواندا دەشێ هاوكات لەگەڵ شیرلێهاتنی مەمك، ئەم نیشانانە هەبن: 
1- گەورەبوونی مەمك یان گۆی مەمك 
2- هەستیاربوونی مەمك 
3- گرفت لە رەپبوونی چووك 
4- كەمبوونەوەی ئارەزووی سێكسكردن 
دەستنیشانكردنی هۆكارەكان 
 ئەو پزیشكە رونیدەكاتەوە، سەرەتا لە رێگەی پرسیاركردن و پشكنینی جەستە بە دەست، پزیشك هەندێك سەرەداوی دەستدەكەوێ، پاشان بڕیاری پشكنینی تاقیگەیی و وێنەیی دەدات كە رەنگە یەك یان زیاتر لەمانە بگرێتەوە. 
1- پشكنینی دووگیانی 
2- پشكنینی خوێن بۆ زانینی ئاستی هۆرمۆنی شیر (پڕۆلاكتین) یان رژێنی دەرەقی یان هەردووكیان. 
3- پشكنینی دەردراوی مەمك لە تاقیگەدا. 
4- سكانی موگناتیسی (ئێم ئاڕ ئای)ی مێشك، بۆ ئەوەی بزانرێ گۆڕانكاری هەیە لە ژێرمێشكەڕژێن 
5- سۆنار یان وێنەی تیشكیی مەمك. 
چارەسەر 
لەبارەی چارەسەرەكان د. ژیان خەلیل، دەڵیت" چارەسەرەكە بەپێی هۆكارەكە دەبێت، هەندێكیان هیچ چارەسەرێكی تایبەتیان ناوێت. هەندێكجار تەنیا پێویست بە گۆڕینی شێوازی ژیان دەكات، وەكوو كەمكردنەوەی هۆكارەكانی ورووژانی مەمك و نەپۆشینی جلی تەسك و دانانی پادی تایبەت بە هەڵمژینی شیر لەنێو ستیان" 
هەندێكجار بۆ لەبنهێنانی هۆكاری دروستبوونی شیرەكە، چارەسەری كەسەكە دەكرێ، لە رێگای یەكێك یان زیاتر لەمانە: 
1- گۆڕینی دەرمانێك كە هۆكاری دروستبوونی حاڵەتەكەیە. 
2- چارەسەركردنی گرفت لە غودەی دەرەقی، ئەگەر گرفتێك هەبوو. 
3- لابردنی گرێ لە ژێرمێشكەڕژێن لەڕێگای نەشتەرگەری. 
4- پێدانی هۆرمۆنی نێرینە. 
5- دەرمانی وشككردنی شیر.