لەوەرزی گەرمادا چۆن منداڵەكەت لەپەتای سكچون و رەشانەوە دەپارێزیت

تەندروستی 15/06/2021


چاودێر:
هەموو ساڵێك لەگەڵ هاتنی وەرزی گەرما  پەتای سكچون و ڕشانەوە لەناو منداڵان و گەورەكانیشدا بڵاودەبێتەوە   بەهۆی خواردنی دەرەوە یان خراپ هەڵگرتنی خواردنی ماڵەوە و بەكارهێنای تەوالێتی دەرەوە و چەندین هۆكاری دیكە، لەم راپۆرتەدا نیشانەكان و  خۆپارێزی و چارەسەرەكانی ئەم پەتایە   لەلایەن پزیشكی پسپۆڕەوە روندەكرێتەوە.

د .ڕۆژان نەبەز ، پسپۆڕی نەخۆشییەكانی منداڵان، لەبارەی   پەتای سكچون و رشانەوە كەلەئێستادا لەناو منداڵان و گەورەكانیشدا باوە، وەڵامی هەموو ئەو پرسیارانە دەداتەوە  لای یك و باوكان دروست بووە.
ئایا خۆپاراستن لەم پەتا وەرزییە كارێكی ئاسانە ؟
د. رۆژان نەبەز ، بەڵێ ،ئەویش بە گرنگیدان بە دەست شتن و پاك و خاوێنی كەل و پەلی بەر دەستی ڕۆژانە، كەمترین بەركەوتنی منداڵەكانتان بە هۆكارەكانی دەرەوە كە گومانی ناخاوینی لێدەكرێت، دووركەوتنەوە لە ئامێزگرتن و ماچ كردنی كۆرپەكانتان بەتایبەت كاتێك لە دەرەوەیت و ئەگەرێیتەوە ماڵەوە تا دەست و دەموچاوت نە شۆیت .
زۆر جار دایك و باوك ئەم قسەیە دەكەن: نەچووین بۆ هیچ شوێنێك و خواردنی دەرەوەشمان نەخواردووە نازانین مناڵەكە چۆن توش بوو یان دەڵێن بە هەوای سپلیت و پانكە وای لێهات ئەمەش هیچ بنەمایەكی زانستی نیە!
ئەو پزیشكە دەڵێت" سەرچاوەی هێنانەوەی مایكرۆب زۆرە ئەشێت بە دەستەوە، بە كلیلەكەتەوە یان بە مۆبایلەكە تەوە بێت، دەیدەیتە دەست منداڵ و دەیباتە دەمی و تووش دەبێت یان ماچكردنی نزیك لە دەمی منداڵ كە كارێكی نا تەندروستە "
* خواردنی دەرەوە یان خراپ هەڵگرتنی خواردنی ماڵەوە یان گەرمكردنەوەی خواردن دوای دەرهێنان لە سەلاجە زیاد لە جارێك، ئەمانەش هۆكارن.
*شەربەت و جبس و ئایسكریمی دووكانەكان لە پلەی گەرمی نەشیاوا هەڵەگیرێت، بەشێكی خواردنەكان ماوەیەكی زۆر لەبەر خۆر ئەمێنێتەوەو بەسەر ئەچێت ، ئەمیش هۆكارێكی ترە.
*توالیت بە تایبەت ، توالیتی گشتی و قوتابخانەكان، ئەمانیش هۆكارێكی ترن ئەگەر باش پاكنەكرێنەوە، مناڵ دەبێ فێر بكرێت زوو زوو دەستی بشوات بە تایبەت دوای دەرچوون لە توالیت.
خۆپارێزییەكان
1.پێویستە ئاوی بەلوعە بكوڵێنرێت بۆ ماوەی 10 دەقە.
2.جوان شتنەوەی سەوزە و میوە ئەتوانرێت 10 بۆ 15 دەقە بكرێتە ناو ئاو و خوێ.
3.مەترسیدارترین گرفتی پەتای سكچوون و ڕشانەوە لە مناڵاندا و بەتایبەت مناڵی تەمەنی خوار 5 ساڵ ((ووشكبوونەوەیە)).
ئەو نیشانانەی وشكبوونەوە كە بۆ دایك و باوك گرنگە بیزانن
1. سەرەتای نەخۆشیەكە ، مناڵەكە زیاتر لە جاران داوای ئاو ئەكات، زوو زوو تینوی ئەبێت.
2.كەمتر لە جاران میز ئەكات
3. ناو دەم و زمانی ووشك هەڵەگەڕێت
4.چاوی بە قوڵا ئەچێت,فرمێسكی نامێنێت.
5. ئەگەر ووشكبونەوە زیادی كرد مناڵەكە توانای شیر و ئاو خواردنەوە و نان خواردنی كەم ئەبێتەوە.
6.هەناسەی خێرا ئەبێت.
7. هۆشی تێكەچێت، زیاتر ئەخەوێت یان كەمتر بە ئاگایە وەك لە جاران.
چ كاتێك دەبێت سەردانی پزیشك بكەیت؟
 د. رۆژان ئاماژبەوەدەكات، هەندێك دەپرسێت دوای چەن جار سكچوون یان ڕشانەوە ئەبێ بیبەمە لای پزیشك؟ لە ڕاستیا بە ژمارە نیە، ئەوەی زۆر گرنگە تەمەنی مناڵەكە و بوون و نەبوونی نیشانەكانی ووشكبوونەوەیە.
لەم كاتانەدا سەردانی پزیشك بكە:
1.سكچوون و ڕشانەوە لە مناڵی خوار تەمەن 6 مانگ.
2.ئەگەر مناڵەكە نەخۆشی درێژخایەنی هەیە ( وەك نەخۆشی شەكرە ، دڵ، گورچیلە)
3.بوونی ئەو نیشانانەی ووشكبونەوە كە لە سەرەوە باسمان كرد ( وەك: شت نەخوات، میز كەم بكات یان هەست كرد وەك پێشوو ووریا نیە).
4.بوونی خوێن لەناو پیسایی یان ڕشانەوەكەی
5.ئازاری توندی سك.
6.بوونی تای بەرز. (38 پلە و زیاتر بۆ تەمەنی خوار 3 مانگ، 39 پلە و زیاتر بۆ سەرو 3 مانگ)
7.ڕشانەوەی بەردەوام كە سوود لە خواردن و خواردنەوە وەرنەگرێت.
8.هەر سكچوونێك زیاتر لە 3 ڕۆژ یان ڕشانەوە زیاتر لە 2 ڕۆژی خایاند.
 لەكۆتایدا ئەو پزیشكە  دەڵێت"تكایە بە بێ ڕێنمایی پزیشك و پشكنینی پیسای شروبی التهابات وەك فلاجیل بەكار مەهێنە، زۆرینەی حاڵەتەكان لە ماوەی 5 بۆ 7 ڕۆژدا بەرەو باشی دەچن، تەنها پێویست بە زیادكردنی خواردنەوەی شلەمەنیەكان و بەردەوام بوون لە پێدانی ئەو شیرەی دەیخوات لەگەڵ ORS دەكات، هەروەها دووركەوتنەوە لە خواردنەوە گازیەكان و شەربەت"