بڕیارێكی نوێی حكومەتی ناوەند هەرێمیش دەگرێتەوە

ئابوری 10/06/2021


چاودێر
بەبڕیارێكی بەڕێوەبەرایەتی گشتی خۆراكی وەزارەتی بازرگانی حكومەتی فیدراڵ، گۆڕانكاریی لەبەشە خۆراكی مانگانە كراوە و هەرێمی كوردستانیش دەگرێتەوە.
نەوزاد شێخ كامیل، بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی هەرێم، رایگەیاند: بەپێی نووسراوێكی بەڕێوەبەرایەتی گشتی خۆراكی وەزارەتی بازرگانی حكومەتی فیدراڵ، كە ئاڕاستەی لقی بەڕێوەبەرایەتییەكانی خۆراك كراوە، رایانگەیاندووە، ئامادەكاری بكەن بۆ وەرگرتنی ئەو بەشە خۆراكانەی كە لەئایندەیەكی نزیكدا، بەسەر هاووڵاتیاندا دابەش دەكرێت.
ناوبراو، باسیلەوەشكرد: بەپێی نووسراوەكە بۆ هەر كەسێك برنج سێ كیلۆ، شەكر یەك كیلۆ، زەیت یەك لیتر، دۆشاوی تەماتە 400 گرام، پاقلەمەنی یەك كیلۆ بریتین لە فاسۆڵیا و نیسك و نۆك، ئارد نۆ كیلۆ دەبێت.
لەساڵی 2020وە دابەشكردنی بەشە خۆراكی هاووڵاتیان لەهەرێمی كوردستان بەسستی بەڕێوەدەچێت و خراپی كوالێتی نیگەرانی لێكەوتۆتەوە.