یەکێتی و گۆڕان ٨٠ پۆستیان لەم کابینەیەی حکومەت پڕنەکردۆتەوە

ڕاپۆرت 30/05/2021


چاودێر – ڕاپۆرت

ئەگەرچی تەمەنی کابینەی نۆی حکومەتی هەرێم لە دوو ساڵ نزیک بووەتەوە، بەڵام یەکێتی و گۆڕان تا ئێستا نزیکەی ٨٠ پۆستی خۆیان پڕ نەکردووەتەوە، لە کاتێکدا بە پێی ڕێککەوتنی کابینەی نۆیەم لەنێوان پارتی و یەکێتی و گۆڕاندا دەبوو ئەو پۆستانە لە لایەن پارتییەوە بۆ گۆڕان و یەکێتی چۆڵ بکرانایە.
بە پێی ڕێککەوتنی لایەنەکان بۆ پێکهێنانی حکومەت، یەکێتیی نیشتیمانی کوردستان زیاتر لە ٨٠ پۆستی بەردەکەوێت و بزووتنەوەی گۆڕانیش نزیکەی ٤٥ پۆست، بەڵام یەکێتیی نزیکەی ٥٠ پۆست و گۆڕانیش نزیکەی ٣٠ پۆستیان پڕ نەکردووەتەوە.
بە پێی ئەو زانیارییانەی "چاودێر" لە ئەندامانی سەرکردایەتیی یەکێتییەوە وەری گرتوون، یەکێتی تەواوی ناوی کاندیدانی بۆ ئەو پۆستانە یەکلایی کردووەتەوە کە دەبنە پشکی حزبەکەی، "هەوڵیش هەیە لە چەند مانگی داهاتوودا تەواوی پۆستەکان پڕ بکرێنەوە."
کێشەی پڕنەکردنەوەی ئەو پۆستانە بەشێکی لای پارتی بووە و بەشێکیشی پەیوەندیی بە ڕێککەوتنەکانەوە هەیە، چونکە هەندێ پۆست هەیە لای یەکێتی یان گۆڕان یان پارتییە و پێویستی بە بڕیار و ئاڵوگۆڕ هەیە.
لە نێوان گۆڕان و پارتیشدا، ئەگەرچی لیژنەیەک هەیە بۆ چاودێریکردنی جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی نێوانیان، بەڵام کارەکانی ئەو لیژنەیە تا ئاستی نەمان کەم بوونەتەوە.
زانیارییەکانی چاودێر، کە لەناو گۆڕانەوە دەستی کەوتووە ئاماژە بەوە دەدەن، گۆڕان زیاد لە جارێک پرسی یەکلاییکردنەوەی پۆستەکانی لەگەڵ پارتی باس کردووە، بەڵام پڕۆسەکە زۆر زۆر بە خاوی دەڕوات.
لەناو گۆڕانیشدا ناڕەزایی لەو بارەیەوە هەیە و پارتی بە تاوانبار دەزانن لەوەی تا ئێستا ئەو پۆستانەی بۆ گۆڕان یەکلایی نەکردووەنەوە.
پارتی و یەکێتی و گۆڕان پێکهێنەری کابینەی نۆی حکومەتی هەرێمن و بەر لە پێکهێنانی کابینەکەش، ڕێککەوتنی تەواوەتی لەسەر هەیکەلی حکومەت کراوە و وردەکاری پشک و پۆستەکان ڕوون کراونەتەوە.
هەرچی چاودێرانی سیاسین، پێیان وایە پێویست بووە یەکێتی و گۆڕان فشاری زیاتر لە پارتی کرد بۆ وەرگرتنی پۆستەکانیان.
د.یەحیا ئەحمەد، مامۆستای زانکۆی سەڵاحەدین و چاودێری سیاسی، بە "چاودێر"ـی ڕاگەیاند: ئەوە ڕاستە کە هەمیشە ڕێککەوتنەکان وەک خۆیان جێبەجێ ناکرێن، بەڵام دەبوو یەکێتی و گۆڕان بەرگریی زیاتریان لە پشکی خۆیان بکردایە بۆ وەرگرتنیان.
دەشڵێت: "پارتی ئەگەر فشاری لێ نەکرێت، چوارساڵی کابینەکەش تەواو دەبێت ئەو پۆستانە هەر نادات بەو دوو لایەنە، بۆیە وەرگرتن و وەرنەگرتنیان بەندە بەوەی یەکێتی و گۆڕان چۆن فشار لەسەر پارتی دروست دەکەن."