بەریتانیا دەست بە دیپۆرتكردنەوەی پەنابەران دەكات

ڕاپۆرت 29/03/2021

چاودێر:

وەزیری ناوخۆی بەریتانیا بریتی باتیل بەرگری لە سیستمی نوێی پەنابەران دەكات لە وڵاتەكەی كە گفتوگۆ و مشتومڕی توندی لەنێو پەرلەمان دروستكردووە، تەنانەت گرووپە مافپەروەرەكانیش كە هۆشداری دەدەن لە ئەو گۆڕانكارییانەی حكومەتی بۆریس جۆنسن سەرۆك وەزیران پێشكەشكی كردوون پەیوەست بە ماف و پارێزگاری پەنابەران كە دەبنە پێشێلی یاسای نێودەوڵەتی.

حكومەتی بەریتانیا بەرگری دەكات لە هەمواری یاسای پەنابەران كە گەورەترین گۆڕانكارییە بۆ ماوەی چەندین ساڵە لە سیستمی پەنابەران دەكرێن، دەشڵێن رێگا دەدەن بە رێكخستنی ژیانی هەموو ئەو كەسانەی مافی پەنابەرییان هەیە، بەڵام رێ دەگرن لە تۆڕی پەنابەرانی نهێنی و بازرگانی بە مرۆڤەوە.

 ئەم هەمواركردنە مەترسی دروستكردووە بۆ ئەو دامەزراوانەی پشتگیری لە پەنابەران دەكەن بەتایبەت چارەنووسی ئەو كەسانەی بە رێڕەوی ئاوی لە فەڕەنساوە دەگەنە بەریتانیا.

وەزارەتی ناوخۆ دەڵێت: ئەو كەسانەی مافی پەنابەرییان پێ دەدرێت ئەوانەن كە لە ناوچەی شەڕ و ململانێی چەكدارییەوە هاتوون، ئەوانەی دیكە دەبێت لە ماوەی 24 سەعاتدا دیپۆرت بكرێنەوە، ئەمە خاڵی مشتومڕە.

 حكومەتی بەریتانیا دەڵێت، ئامانج لە ئەم هەنگاوە بەرەنگاربوونەوەی تۆڕی بازرگانی مرۆڤە، بەڵام پسپۆڕانی یاسایی ئاماژە بە ئەوە دەكەن، ئەم رێوشوێنانە دژی یاسای نێودەوڵەتییە كە رێدەگرێت لە هەر دیپۆرتكردنەوە لە پێش پێداچوونەوە بە كەیسەكانیان.

ئەوانەی دەگەنە خاكی ئەوروپا، داوای مافی پەنابەری دەكەن‌و وڵاتەكانیان بە بوونی ململانێی جەنگ ناسراوە، قورسە ئەوانە دیپۆرت بكرێنەوە، بەپێی سیستمی نوێی بەریتانیاش مافیان سنوردارە، لەوانە پارێزگاری كاتی، پێداچوونەوەی خولی بە دۆسێكانیان و دواتر چەسپاندنی مافی مانەوە و مافی پەنابەری لە وڵات.

ئەوانەشی كە لە یەكێتی ئەوروپا چوونە بەریتانیا بەتایبەت لە فەرەنساوە لەسنوری ئاوییەوە، لە رووی یاساییەوە ناكرێت بگەڕێندرێنەوە، لەو كاتەشەوەی بەریتانیا لە یەكێتی ئەوروپادا نەماوە نەتوانراوە پەیمانی دبلن جێبەجێبكرێت كە رێ دەدات بەریتانیا خوازایارانی پەنابەری بنێرێت بۆ یەكێتی ئەوروپا كە چونە ئەوێ بۆ یەكەمجار، بەڵام ئێستا بۆ بەریتانیا ئەم رێككەوتن لە ئارادانەماوە.

ئەم رێوشێنانە دیپۆرتكردنەوە خێرا دەكات، بۆ ئەوانەی مافی مانەوەیان رەتدەكرێتەوە، بەخێراییش پێداچونەوە بە دۆسێكاندا دەكرێتەوە بۆ رەتكردنەوەی ئەوانەی مافی مانەوەیان نییە، بەڵام گرنگی زۆری بۆ ئەوانە هەیە كە داواكەیان بۆ مانەوە پەسەند دەكرێت، دەروازەیەكی راستەوخۆیە بۆ گەیشتن بە رەگەزنامەی بەریتانی.

هاووڵاتیانی 3 وڵاتی عەرەبی عێراق و سودان و سوریا زۆرترین سودمەند دەبن لە مافی مانەوە و رەگەزنامە، بەهۆی بوونی مەترسی راستەوخۆ لەسەریان.