بەوێنەوە: توركیا بەم شێوەیە 15 هەزار كوردی كوشت

ڕاپۆرت 24/02/2019



دوای شكستی ئیمپراتۆری عوسمانی لەجەنگی جیهانی یەكەمدا و ئیمزاكردنی پەیماننامەی سیڤەر لەنێوان عوسمانیەكان و هاوپەیمانان، عوسمانیەكان بەشێكی زۆری ناوچەكانی ژێر كۆنتڕۆڵی خۆیان بەجێهێشت. هاوپەیمانان دەیانویست ئیمپراتۆری عوسمانی لەتەواوی ئەو ناوچانە داببڕن كە دانیشتوانەكەی تورك نەبون و سەربەخۆیی بدەنە دانیشتوانەكەی.
لە بەندەكانی 62 و64ی بەشی سێیەمی پەیمانەكە بەڵێنی دەوڵەتێكی سەربەخۆ بە كوردەكان درا. بڕیار بوو ئەو دەوڵەتە لەناوچەی رۆژهەڵاتی ئەنادۆڵ كە زۆربەی دانیشتوانەكەی كوردن دابمەزرێت.
لەهەمان كاتدا ژمارەیەك لە نەتەوەپەرستەكانی توركیا بە سەركردایەتیی مستەفا كەمال ئەتاتورك، پەیمانی سیڤەریان رەتكردەوە، ئەم هەنگاوەش بوەهۆی هەڵگیرسانی جەنگێك بەناوی "جەنگی سەربەخۆیی". ئەم جەنگە بە ئیمزاكردنی پەیمانی لۆزان لە 24ی جولای 1923 و هەڵوەشاندنەوەی پەیمانی سیڤەر، كۆتایی هات.

سوڵتان محەمەدی شەشەم دوای راگەیاندنی کەوتن و کۆتایی خەلافەتی عوسمانی

وەفدی دانوستانکاری عوسمانی کە پەیمانی سیڤەریان لەگەڵ هاوپەیمانان ئیمزا کرد

 

دوای روخانی ئیمپراتۆری عوسمانی و راگەیاندنی دەوڵەتی توركیا، هەڵوەشاندنەوەی پەیمانی سیڤەر و گۆڕینی بە پەیمانی لۆزان بوەهۆی نائومێدی كوردەكان، چونكە لە پەیمانی لۆزاندا كە ساڵی 1923 ئیمزا كرا، بەڵێنەكانی پێشو لەبارەی دیاریكردنی چارەنوس و دامەزراندنی دەوڵەتی كوردستان رەتكرانەوە.
كوردەكان لەسەردەمی جەنگی جیهانی یەكەمدا، لەپاڵ سوپای عوسمانیدا دەجەنگان. لەمیانەی جەنگی سەربەخۆیی توركیا مستەفا كەمال ئەتاتورك خۆی لە كوردەكان نزیك كردەوەو پەیوەندیەكی باشی لەگەڵدا بەستن، بەڵام دوای سەركەوتنی بەسەر هێزەكانی هاوپەیماناندا و ئیمزاكردنی ئاگربەست لە ئۆكتۆبەری 1922 كە بە پەیمانی مۆدانیا ناسرا، دژی كوردەكان وەستایەوە.

وێنەی چەکدارانی کورد کە لەپاڵ سوپای عوسمانیەکاندا بون

 

عیسمەت ئینۆنۆ، نوێنەری ئەتاتورك لە دانوستانەكانی لۆزاندا بە راشكاوی رایگەیاند، حكومەتی توركیا بە نوێنەرایەتیی تورك و كورد كار دەكات و هەردوكیان یەك میللەتن و هیچ ناكۆكییەكیان لەنێواندا نیە.


مستەفا کەمال ئەتاتورک

عیسمەت ئینۆنۆ

 

بەڵام دوای كۆتایی جەنگی سەربەخۆیی، كۆماری نوێی توركیا بونی نەتەوەیەكی بەناوی كورد قەبوڵ نەكرد، ئەوانی بە "توركە شاخاویەكان" ناوبردو هەوڵی لەناوبردنی ناسنامەی كوردی دا. دەوڵەتی نوێی توركیا، كوردەكانی ناچاركرد كە بەزمانی توركی قسە بكەن. لەچوارچێوەی لەناوبردنی ناسنامەی كوردەكاندا، ناوی زۆرێك لەناوچە كوردنشینەكانی لە كوردیەوە كرد بە توركی. لەهەمانكاتدا بەرپرسانی توركیا هەڕەشەیان لە كوردەكان كرد كە ئەگەر بێت و دانیشتوانی ناوچە كوردنشینەكان پابەند نەبن بە یاسا تازەكانی توركیاوە، ئەوا لە تەواوی مافەكان و ئاوەدانكردنەوەش بێ بەشە دەبن. لەگەڵ زیادبونی فشارەكانی توركیا بۆ سەر كوردەكان و پەیڕەوكردنی سیاسەتی بەتوركیكردنی ناوچە كوردیەكان، راپەڕینی كوردەكان لە مانگی فێبریوەری 1925 بەناوی راپەڕینی شێخ سەعیدی پیران دەستپیپێكرد.

وێنەی شێخ سەعیدی پیران و ژمارەیەک لەهاوڕێکانی


شێخ سەعیدی پیران (لەدایكبونی 1865 ئەرزروم- كۆچی دوایی 1925 دیاربەكر) لە شێخەكانی نەقەشبەندی بوو، كە رابەرایەتی راپەڕینی كوردەكانی گرتە دەست و بە راگەیاندنی ئامانجی دامەزراندنی دەوڵەتی كوردستان، سەرەتا هەموو هۆزە كوردەكانی یەكخست ز دواتر داوای لەهەموو موسوڵمانانی توركیا كرد تا دژی حكومەتی ئەتاتورك راپەڕن. ئەو ئەتاتوركی بەسوكایەتیكردن بە ئیسلام تاوانبار كرد.
شێخ سەعید رۆژی 13ی مارسی 1925 شۆڕشەكەی راگەیاند. ئەو لەگەڵ هەوادار و لایەنگرانیدا توانی چەندین شاری وەكو بەتلیس و ئەلازغ و موش لەكوردستان لەدەستی حكومەتەكەی كەمال ئەتاتورك دەربهێنێت. شێخ سەعید هێرشی كردە سەر شاری دیاربەكر و بۆ ماوەی دوو مانگ شارەكەی گەمارۆ دا، بەڵام بەرگریی سەرسەختانەی سەربازانی سوپاكەی ئەتاتورك بوەهۆی رێگریی كردن لەكەوتنی شاری دیاربەكر. دوای ئەوە شێخ سەعیدی پیران و 52 كەس لەهاوڕێكانی دەستگیركران و لە 10 مەی 1925 رادەستی دادگایەك لەرۆژهەڵاتی توركیا كران. دوای 50 رۆژ مانەوە لە زیندان  سەرئەنجام لە 28ی مانگی جوندا بە تۆمەتی "خیانەت لە دەوڵەت" دادگا سزای لەسێدارەدانی بۆ شێخ سەعید و 52 هاوڕێی دەركردو لەهەمان رۆژدا 28یان لەسێدارەدران و ئەوانی دیكەش هاوڕێ لەگەڵ شێخ سەعیدی پیران رۆژێك دواتر لە 29ی جون لەشاری دیاربەكر لەسێدارەدران.

وێنەی لەداردانی شێخ سەعیدی پیران

 

دوای لەسێدارەدانی رابەرانی شۆڕشەكە، بەرپرسانی توركیا بەئامانجی شكاندنی گەمارۆكان و پاكسازیی ناوچە كوردنشینەكانی دەوروبەری دیاربەكر، هێزی زیاتریان بە چەكی قورسەوە رەوانەی شارەكە كرد و ئۆپەراسیۆنێكی سەربازیی بەرفراوانیان دەستپێكرد، ئەم ئۆپەراسیۆنە نەك بوەهۆی كۆتایهێنان بە راپەڕینی كوردەكان، بەڵكو بوەهۆی لەسێدارەدان و كوشتنی هەزاران هاوڵاتی مەدەنی.
لەمیانەی سەركوتكردنی راپەڕینی كوردەكان، هێزەكانی توركیا هەزاران هاوڵاتی كوردیان كوشت و سەدان گوندیان وێران كرد. بەپێی هەندێ لە راپۆرتەكان، ئۆپەراسیۆنی سەربازییەكەی توركیا بوەهۆی كوشتنی زیاتر لە 15 هەزار كورد و وێرانكردنی 200 گوند. جگە لەوەش هەزاران كورد بەرەو سنورەكانی رۆژهەڵاتی توركیا هەڵاتن و پەنایان بردە بەر ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی فرەنسیەكان لە سوریا.



سەرچاوە: سایتی عەرەبیە-فارسی
و. لەفارسیەوە: رزگار فایەق