نەبوونی پارە لەبانكەكان و پێنج هەزاری دڕاو مووچەخۆرانی تەنگەتاو كردووە
چاودێر: تایبەت
هەرچەندە دابەشكردنی مووچەی مانگی 1ی 2021 دەستی پێكردووە، بەڵام چەند بارە بوونەوەی نەبوونی پارە لەبانكەكانی سنووری پارێزگاكانی سلێمانی و هەڵەبجە، نیگەرانی دروست كردووە و وەزارەتی دارایش، هێشتا نەیتوانیوە ئەو گرفتە چارەسەر بكات.
ماوەی دوو مانگە دابەشكردنی مووچە لەسنووری پارێزگاكانی سلێمانی و هەڵەبجە گرفتی بۆ دروست بووە و رۆژانە لەكاتی چوونی فەرمانبەرانی ژمێریاری و لیژنەكانی تایبەت بەدابەشكردنی مووچەی فەرمانگەكان، وێڕای چاوەڕوانی چەندین كاتژمێر، بەڵام بەگیرفانی بەتاڵ دەگەڕێنەوە و مووچەخۆرانی تووشی بارێكی خراپی دەروونی كردووە.
بەپێی ئەو زانیارییانەی لەچەند فەرمانگەیەكی سنووری سلێمانی تایبەت دراونەتە چاودێر، لەدوای راگەیاندنی لیستی مووچەی رۆژانەی فەرمانگە و دامەزراوە حكومییەكان لەلایەن وەزارەتی دارایی و ئابووری حكومەتی هەرێم، كاتێك فەرمانبەرانی بەشی ژمێریاری و لیژنەكانی دابەشكردنی مووچەی ئەو فەرمانگە و بەرێوەبەرایەتیانە بەمەبەستی وەرگرتنی مووچە رۆژانە دەچنە بانكەكان، لەوسەرەوە بەگیرفان و دەستی بەتاڵەوە دەگەڕێنەوە.
لەكاتی دابەشكردنی مووچەی مانگی 12ی 2021 و بۆ ماوەی زیانر لەهەفتەیەك مووچەی هێزەكانی ئاسایش لەسنووری سلێمانی و دەوروبەری دواكەوت، دواتر كەسوكار و وارسی سەربەرزی شەهیدان تووشی هەمان گرفت بوونەوە و چەند رۆژێك مووچەكانیان دواكەوت.
رۆژی 1 و 2ی شوبات كە هاوكات بوو لەگەڵ دابەشكردنی مووچەی مانگی كانوونی دووەمی 2022ی وەزارەتی پەروەردە بەهەمان شێوە مووچەی بەشێكی زۆر لەمامۆستایانی ناوەوە و دەرەوەی شارەكان لەسنووری پارێزگای سلێمانی دواكەوت و بەهۆی نەبوونی پارەوە بەشێك لەیاریدەدەر و بەڕێوەبەری خوێندنگاكان لەكاتژمێر 8ی بەیانی تا نزیكی ئێوارە كاتەكانیان لەناو بانكەكان لەچاوەڕوانی وەرگرتنی مووچە بەسەر بردووە.
هەر بەپێی زانیارییەكان، چەند بارە بوونەوەی دیاردەكە و پێدانی پێنج هەزار دیناری دڕاو دوو رەقەم و خراپ بوو یەكێكی ترە لەنیگەرانی مووچەخۆران و هێشتا هیچ لایەنێكی فەرمی وەزارەتی دارایی و بەرپرسانی باڵای حكومەت نەهاتوونەتە دەنگ و لێدوان و روونكردنەوەیان نەداوە.
لەزانیارییەكانی چاودێر، ئەوەشخراوەتەڕوو،" دیاردەی نەبوونی پارە لەبانكەكانی سنووری پارێزگاكانی هەولێر و دهۆك كەمترە و مووچەخۆرانی ئەو سنوورانە رۆژانە بەپێی خشتەی راگەیاندراوی مووچە، مووچەكانیان لەكاتی خۆیدا وەردەگرن.
لەئێستاشدا وەزارەتی دارایی دەیەوێت لەرێگەی ئەو لیژنەیەی بۆ لێكۆڵینەوە لەو گرفتە دروستیكردووە بەزووترین كات چارەسەرێك بدۆزێتەوە.