جۆ بایدن : بەو مەرجە دان بە حكومەتەكەی تاڵیباندا دەنێین
جیهان 31/01/2022
سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، مەرجی داننان بە حکومەتی نوێی تاڵیبان ئازادکردنی هاوڵاتیەکی وڵاتەکەیەتی کە پێش دوو ساڵ لە لایەن بزوتنەوەکەوە دەستگیر کراوە.
جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا لەچوارچێوەی پێشکەشکردنی وتارێکیدا لەبارەی دووم ساڵڕۆژی بە بارمتە گرتنی هاوڵاتیە ئەمەریکیەکەوە ئاماژەی بەوەدا، مارک فریریچ ئەندازیارێکی شارستانی بووە و چەندین ساڵ لە بوارەکەی خۆیدا خزمەتی بە ئەفغانستان کردووە.
وتیشی، حکومەتی تاڵیبان بە بێتاوانی هاوڵاتییە ئەمەریکیەکەیان لە زیندانەکاندا هێشتووەتەوە.
جۆ بایدن باسی لەوەشکرد، رزگارکردنی مارک فریریچ مەرجێکی سەرەکی ئەمریکایە بۆ داننان بە رەواییەتی حکومی تاڵیبان لە ئەفغانستان، وتیشی، ئامادەی هیچ دانوستانێک نین لە بارەی مەرجی رزگارکردنی بارمتە ئەمەریکیەکە.
هاوکات، لەلایەن خۆیەوە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، مارک فریریچ لە ماوەی مانەوەی لە ئەفغانستاندا خزمەتی زۆری بەو وڵاتە کردووە و هەمیشە کەیسی رزگارکردنی تاڵیبان کرابێت.
نید برایس وتەبێژی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ئەوەشی خستەڕوو،" بۆ حکومەتی تاڵیبانمان روون کردووەتەوە کە شەرعییەتی تاڵیبان مەحاڵە هەتا بارمتەیەکی ئەمریکی لە ئەفغانستان بە نا یاسایی لە زیندان بێت".
ئاماژەی بەوەشدا، ئازاد کردنی بارمتە ئەمەریکیەکە یەکێکە لە سەرەتایترین مەرجەکانی ئەمریکا و ئامادەی دانوستان نین لەسەری.