په‌نجه‌ره‌ شیعر

کوردستان 26/01/2022

موحسين ئه‌حمه‌د عومه‌ر

مه‌به‌ست له‌ په‌نجه‌ره‌شیعر، شیعره‌ وه‌ك په‌نجه‌ره‌، په‌نجه‌ره‌ وه‌ك شیعر. شوێنێك كه‌ دنیاى لێ ده‌بینى، سنوورێك له‌ نێوان ئێره‌ و ئه‌وێ، ئه‌م په‌نجه‌ره‌یه‌ خه‌سڵه‌تى شیعرى به‌ ئێره‌ و ئه‌وێ ده‌به‌خشێ، سنوور بۆ خۆى ده‌بێـته‌ شیعر، ئامانجیش له‌ شیعر خۆى هه‌ڵگرتنى هه‌موو سنوورێكه‌، ئازاد كردنى مرۆ، له‌ خۆى، له‌ دڵه‌ڕاوكه‌ى خۆى، گه‌ڕانه‌وه‌ به‌ره‌و خۆ، چوون به‌ره‌و ئه‌ویتر، جیهانێكى تر، مانه‌وه‌ و جێگیربوون له‌ناو په‌نجه‌ره‌ شیعرییه‌كان. یه‌كێ له‌ خه‌سڵه‌ته‌كانى ئه‌م كۆمه‌ڵه‌ شیعره‌، ئۆقره‌ نه‌گرتنه‌ له‌سه‌ر ئایدیا و وێناى واقیعى یان وردتر لۆژیكى، به‌ڵكو خۆلادانه‌ له‌ لۆژیك، وه‌ك: بۆنى ده‌نگت ده‌كه‌م!.. ده‌ریا به‌ هه‌موو ڕۆژه‌كانى... كۆكردنه‌وه‌ى تریفه‌...تاریكیم له‌ناو وه‌رزێكدا جێهێشتووه‌.. دارستانى میهره‌بان... ئه‌مانه‌ هه‌موویان وێنای شیعرین، له‌ بنچینه‌شدا ئه‌مه‌ بریتییه‌ له‌ بنیاتنانى جوانى، جوانى وه‌ك ئایدیالێكى مرۆیى، هه‌ر ئه‌م شته‌یه‌ مرۆڤ به‌ دوایدا وێڵه‌ و پێیه‌وه‌ سه‌راسیمه‌یه‌. ئه‌م كۆمه‌ڵه‌ شیعره‌، به‌و هه‌موو خه‌سڵه‌تانه‌وه‌، كۆمه‌ڵه‌ شیعرێكى سه‌ركه‌وتوون، سه‌رنج و تێبینى و ڕامان له‌ لاى خوێنه‌ر دروست ده‌كه‌ن، هه‌ر ئه‌مه‌ش بۆ خۆى ئامانجى هه‌موو تێكستێكه‌، ئه‌مه‌ واته‌ به‌ ئایدیالكردنى شته‌كان و پێدانى بایه‌خێكى بێپایان كه‌ له‌گه‌ڵ چه‌شه‌ى مرۆ ده‌گونجێ.



پەنجەرەكەم بۆ گریان نییە!
سامی هادی


لە تاریكترین باوبۆراندا
تەنیا منم
هەست بە شكانی پەنجەرەكە دەكەم
هەست دەكەم
تیشكی هەناسەم
سكێچی ئەو كچەش تەڕ دەكات
ڕۆژێك لە ڕۆژان
لە ئێوارەیەكی بێباڵندە
دانپیانانەكانمی ون كرد.

سلێمانی/ ٢٠٢١
*

بۆنی دەنگت دەكەم
ڕەنگی شەرمەكانت هێندە ڕەش بوو
نەمتوانی وەڵامی ئاوێنەی
خەونەكانت بدەمەوە
ئەو هەموو شەرمە،
ئەگەر ڕەش نەبێ‌
ئیتر چۆن سەیری چاوت بكەم

٢٠٢١
*

دەریا بە هەموو ڕۆژەكانی
تەنیا دەڵێت
ئاو نەرمونیانترین باڵندەیە

٢٠٢١
*

دڵنیام
خەونێكی ئاڵۆزت دیوە
هەموو دارستانەكان بوورابوونەوە
دیوار ڕەنگەكانی بووبوو بە شەراب
تەنیا خۆت
دوای زۆر بێدەنگیی من
گوتت: گاڵتەم كرد كە گوتم
جەستەم بوو بە كۆلارە

٢٠٢١
*

مانگ بە هەموو نیگەرانییەكانییەوە
هێشتا هەور ئیرەیی
بە تەنیایییەكەی دەبات
بڵێم چی.
جریوەی ئەو پەنجەرەیەش ناكەمەوە
نەبادا باران، بەیانی باشی بیر چووبێتەوە.

٢٠٢١
*

بۆنوبەرامەی گوڵە هەتاوییەكان
هیچ كات ڕقیان لە تەڕبوونی پاییز نەبووە
ئەگەر بڵێم وەك لەتەسێوێكی سەرخۆش
لە شكۆفەی ماچێكی پڕ لە تاریكی
بانگت بكەم.. خۆشم دەوێی
دڵنیام بوورانەوەی وەرزێكە
لە تارماییی ئێوارەیەكی هەمیشەكوژاوە.

١٠/٢٠٢١
*

ئەو چوارشەممەیەم بیرە
كەس نەیگوت با بچین تریفە كۆ بكەینەوە
كەس نەیگوت كاتژمێر چەندی نیوەی شەوە
كەس نەیگوت، ئەو هەموو تاریكییە كێ‌ كۆیان دەكاتەوە؟
ئەو پێنجشەممەیەم بیرە
تەنیا تۆ بوویت گوتت
سێبەری هەموو ماچەكانم لایە
لە هەینی، دەیانكەم بە گالیسكە

٢٠٢١
*

لە هەزارویەك ئەستێرەوە
پێت دەڵێم
ناوی ئەو شارۆچكەیەم بیر چووەتەوە
كە یەكەم ماچی خۆشەویستی
یەكەم ئامێزی خۆشەویستیت تیا نووسییەوە
بە هەموو وشكەساڵیی ئەمساڵیشەوە
بیرت دەكەم (زیلانەكەم)

٢٠٢١
*

ڕۆژهەڵاتییەك فێری كردم
چۆن مانگەشەو كۆ بكەمەوە
فێری كردم
ماچ جگە لەوەی باڵندەیە
لە خەواڵووبوونی وەرزەكانیشدا
دەجریوێنێ‌
فێری كردم
شەرم لە شەراب نەكەم و
لە دواچركەی ئۆرگازمدا
هێندە سەیری چاوی بكەم
ئیتر… ونبوونم بیر بچێتەوە.

٩/٨/٢٠٢١
*

ئەی باڵندەكانی خۆرئاوابوون
جیاوازیی نیشتیمان و هێلانە چییە
دەڵێم… هیچ
گرنگ ئەوەیە، خەونەكانت
پێش تەڕبوون كۆ بكەیتەوە

١/٧/٢٠٢١
*

ئاو
هیچ بیری نییە بۆ سەیركردنی
مانگ.
*

میهرەبانترین دارستان
لە ونبوونی وەرزەكاندا سووتا
*

تاریكیم لەناو وەرزێكدا
جێ‌ هێشتووە
چراكەشم بێ چەتر
باران كۆ دەكاتەوە
ئەو هەموو هەناسەیە هیی كام پەنجەرەت بوو
بێباكانە بە خۆرەتاوت دەگوت
لەودیوی پەنجەرەش ماچ هێشتا جوانە

٢٠٢١
*

لەم ڕۆژگاری بەفرانبارەدا
كەس پەنجەكانی بۆ كڕینی پیانۆیەك
نافرۆشێ‌.
ئەم ڕەشەبایە هێشتا هەر بێدەنگە
مناڵ و سەگێك بیریان چووەتەوە
چونكە هەردووكیان لە كڵاوڕۆژنەیەكی
پیردا بە ژماردنی باران پێدەكەنن

٢٠٢١
*

سیاسییەكان ڕۆیشتن
لەگەڵ دوادەنگی سپێتی
قازەكان ڕۆیشتن
مێژووش بێ چرا ویستی
ئاشتیان بكاتەوە
كەچی باران هێندە بە پێكەنینی
تەڕبوون باری
ئیتر سنوورەكان بوون بە تەمومژ
سڕانەوە

٢٠٢١
*

ئەو هەموو فرمێسكانەم
لەسەر كام پەنجەم كۆ كەمەوە
ئەی نەمگوت لە دوای شەستەوە
تەنیا پاییز و گەڵاكان هاوڕێمن
ئیتر لەودیو پیریی وەرزەكاندا
ژنێك بە گاڵتەوە نامەی بۆ دەناردم
منیش لە شەرمی ڕەشەبادا
هەموو چراكانم دەكرد بە خەڵووز

٢٠٢١
*

مانگ بەو هەموو بێدەنگییە
بە چرپە دەڵێت
زەوی لە من مناڵترە
بەڵام
من لە خەوی یەك گۆرانی قووڵدام
ئەویش هەمیشە دەگریت

٢٠٢١
*

لەنێو ئاڵۆزیی وەرزەكاندا
چۆن ئاشتت بكەمەوە
كە سەیركردنی تۆ بۆ باران
وەك شۆڕەبییەكی تینووە و
گەڵاكانی دەخواتەوە
بە جریوەی پاسارییەكان
ئای كە پێدەكەنێت
ناشزانی لێرە ڕەنگی پێكەنین
بۆ هەمیشە خۆڵەمێشییە.

٢٠٢١
*

لەنێو هەموو وەرزەكاندا
گۆرانییەك هەیە
پەنجەرەم پڕ دەكات لە تەمتومان
ئەو، من، ڕەنگە تۆش
ئەو ئێوارەیە
پێویستمان بە تۆزێ‌ بانگكردنی
هەناسەی جەستە بێت

٢٠٢١
*

پێكەنینەكانت كۆ دەكەمەوە
بە دڵنیایییەوە
تەنیا منم
ئاسوودەترین خۆرئاوابوون

٢٠٢١
*

چەپەكان بە چرپە چەپاندییانە
گوێی دەریا
ئیتر شەپۆل تووڕە نابێت و
ماڵی دەریاش هیی هەموانە

٢٠٢١
*

لەم ژوورە
تەنیا گەڵاكان دەژمێرم
بۆنی پەنجەرەكەش هێندە خۆڵەمێشییە
نازانم لەودیو
وەرزەكان ئاشت بوونەتەوە
یان هێشتا چاوەڕوانی
كردنەوەی دەرگای جریوەی
باڵندەكان دەكەن

٢٠٢١
*

لە درەختی پاییزی
هەموو تەمەنی ژنێك دەترسام
كەچی یادەوەریمی كرد بە بخورد و
خۆشیم بە ئینجانەی گوڵێكی پڕ شەرم

٢٠٢١
*

كە لە هەولێر دەركرام
بیرم دەكردەوە
زۆر بیرم كردەوە
ڕەنگەكان بۆ هێندە توندوتیژ بوون
ئاشتبوونەوەمان لەكام دەرگای
قەڵاوە دەست پێ‌ دەكات.
ئیتر تۆرام.
ڕەنگە بۆ وەرزەكانی مەرگیش نەگەڕێمەوە.

٢٠٢١
*

وەك شێت
بەسەر پەیژەكەدا
ڕۆژژمێری ونبوونم لێ دەكردەوە
ئیتر بیرم بۆ ئەوە نەچوو.
تەنیا پشیلەكانن سەیرمان دەكەن

٢٠٢١
*

سواڵكەرەكە پێی گوت
ئەم ڕیشە سپییەت
هێشتا تاریكیی پەرتبووی
ژیان كۆ دەكاتەوە.

٢٠٢١
*

بیرەوەرییەكانم سووتان
بۆ ئەوەی
ژیان… ئاشت بكەمەوە
ئیتر خەڵووز نابێت بە باڵندە و
ژنە هاوڕێكەشم
پەردەی پەنجەرەكانی فرۆشت و
شووشەكانیشی كرد بە باران

٢٠٢١
*

چەندین تارمایین
زمانێک‌ نییە
ڕەنگەكانمان جیا بكاتەوە
ئەم سەفەرە
بە دیوارە شیعرییەكەی ڕامبۆی گوت
كاتێک‌ قاچیان بڕییەوە
شیعر چی گوت
ئەی پاریس بێ‌ باران خەوت،
دڵنیام،
ئیتر كەس بە گوڵەمۆرەكان ناڵێت
بەیانی باش هیچ مانایەكی نەماوە

٢٠٢١
*

ترسێكی منداڵانە
هەموو بەیانییەك پێم دەڵێت
كات مانگی دارستانە و
شەویش ئەو وشەیەیە
قەت، نابێت بە گۆرانیی باخچە

٢٠٢١
*

هەموومان داپۆشراوین
بە تەمتومانێكی ڕاكردوو
هەموومان ڕەنگ كراوین
بە وردەئاوێنەی
زەمەنێكی ونبوو

٢٠٢١
*

ژنێك بۆ تەڕبوونی باران دێت.
لەناو مەستبوونی دارستاندا
خەمی پەنجەرەیەك لە پەنجەرەكانی بێهوودەیی
ئیتر نە پاییز مەستە و
نە زستان بیر لە دواڕۆژی
بەستەڵەك دەكاتەوە
منیش، ڕەنگە بتوانم بڵێم
نازانم چی كۆمان دەكاتەوە كە دەبێ‌ بگرین.

٢٠٢١
*

ئەو هەموو بێدەنگییە بدەم بە كێ‌
جگە لەو ڕووبارەی هێندە پێكەنی
تا وشك بوو
ئەو هەموو دیوارە چۆن بڕووخێنین
كە پیتەكانی شەرمی خۆمانی تیا
بوو بە كۆتر

٢٠٢١
*

شەو باش
دەكرێ‌ ئەمشەو
بە یەكەوە چرایی بخوێنینەوە
دەكرێ‌ پێكەكان
لە بری خواردنەوە تا درەنگانی شەو
سەیریان بكەین
دەكرێ‌ جەستەمان
ڕەنگاوڕەنگ بكەین،
ئەوەی من بێ بە هیی تۆ،
هیی تۆش بۆ كۆترەكان
دەكرێ‌ بڵێم… ئیتر تۆ سۆزانی نیت
منیش هەتاوێكی مێباز

٢٠٢١
*

گۆرانییەكەم
لەودیوی ڕووبارەكەوە
تووڕەیی شەپۆلەكان كۆ دەكاتەوە
تا بیانكات بە ماڵێك
بۆ خەونی ڕەشی ئەو پەنجەرانەی
بۆ هەمیشە تۆران

٢٠٢١
*

كە ئاوڕم دایەوە
تۆ خەونت دەژمارد
ئەو چركەیە لەناو تاریكی بوو
ناویشی یەكشەممە بوو
خۆشم نەمزانیبوو
هەمیشە یەكشەممە بۆنوبەرامەیەكی
تایبەتی هەیە
بێ‌ ئاوێنە، پێكەنینەكانی كۆ دەكاتەوە
لە بەردەم پەنجەرەیەكی كراوەدا
گەڵاكان دەدوێن
لە وەرزەكاندا،
تەنیا تۆزێ‌ لە زستان نیگەرانە
ئیتر ماركە و ناوی هەموو پاڵتۆكان دەزانێ‌
تۆزێ‌ ئاشنای شەرابە
پێی وایە لە نێوان مرۆڤ و شەرابدا
كۆنترینیان هێشتا ونە
بە دەنگی نیوەڕۆیانی هەینی
زۆر پێدەكەنێت
حەزی لە سەردانی گۆڕستان نییە
بە پشمینی هەورەبرووسكە
دەبوورێتەوە
كە سەرمای دەبێت
لەو سكێچە دەچێت بێ ناسنامەی
وەرزەكان
ئیتر دەخەوێت

٢٠٢١
*

هەواڵەكە
هەموو پەنجەرەكانی شكاند
تەنیا ویستی
بە چرپەی تارمایییەك بڵێت
ئیتر پاییز و باڵندەكان ناگەڕێنەوە.

٢٠٢١
*

ژیان لەم كەنارانەدا
پڕە لە شەرمی هەتاو
ئەی دەریا
ئەو هەموو بێدەنگییە چییە لێرە
كۆ بووەتەوە.

٢٠٢١
*

وەرزەكان بێ گەمارۆی باران
هێندە سەیری شەپۆلی دەریا دەكەن
بیریان نییە سەرخۆشەكان
هیچ گۆرانییەك نادۆزنەوە
تا بۆنی پەنجەرەی ڕەنگەكان بكات.

٢٠٢١
*

تەنیا دوو ڕۆژ لە حەفتە
دەتوانم پێت بڵێم
باڵندەكان… كەی دەگەڕێنەوە

٢٠٢١
*

چۆلەكەكە پێكەنی
ژنەكەش داگیرسا
ئەوە دواپەنجەی داستانێک بوو
تەنیا شنەبایەک‌ كردی بە پیانۆ.

٢٠٢١