گۆڕینەوەی دۆلار بە دینار بە شێوەی کێبڕکێ داهاتی نەوت ناگرێتەوە
چاودێر
دوای ئەوەی وەزارەتی دارایی بڕیاری دا گۆڕینەوەی دۆلار بە دینار بە شێوەی کێبڕکێ بێت و بەوەش مانگانە ٩ ملیار دینار بۆ داهاتی گشتی زیادی دەکرد، بەڵام عەلی حەمە ساڵح، پەرلەمانتاری گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان دەڵێت ئەو داهاتە هی نەوت ناگرێتەوە و بەوەش قازانجی بانکە ئەهلییەکە هەر بەردەوام دەبێت، کە بریتییە لە بانکی RT BANK و ئەگەر وەزارەتی دارایی مانگانە ٣٠٠ ملیۆن دۆلار بکات بە دینار ئەو بانکە ٩ ملیار دینار قازانج دەکات.
ئەو پەرلەمانتارە وتیشی: "پێشتر ھەر ١٠٠ دۆلار بە ١١٧ ھەزار دینار دەدرا بە بانکی کوردستان، بانکی کوردستان خۆی لە بازاڕدا دەیفرۆشت. پاشان گوازرایەوە بۆ RT BANK و ١٠٠ دۆلار دەدرا بە ١٢٠ ھەزار دینار و ئەمیش خۆی لە بازاڕدا دەیفرۆشت."
دەشڵێت: "پێشتر مانگانە حکومەت ٣٠٠ ملیۆن دۆلاری دەگۆڕییەوە، ھەندێک مانگ قازانجی ئەم بانکانە لە ڕابردوودا ٢٧ ملیار دینار بووە (بە ١١٧ وەریاندەگرت و بە ١٢٧ دەیانفرۆشت). لەم دواییەدا قازنجی مانگانە دابەزی بۆ ٩ ملیار دینارە بە (١٢٠ ھەزار وەریاندەگرت بە ١٢٣ ھەزار دەیانفرۆشت)."
بە وتەی عەلی حەمە ساڵح، لە کابینەی پێشوو و ئەم کابینەشدا، چەندین جار داوایان کردووە ئاڵوگۆڕی دۆلار بە دینار لە یەک بانکی ئەھلی وەربگیرێتەوە و حکومەت خۆی ڕاستەوخۆ دۆلار بە بازرگان و بانکەکان بفرۆشێت. ئێستا وەزارەتی دارایی بڕیاری داوە فرۆشتنی دۆلار بە دینار بە شێوەی زیادکردنی ئاشکرا دەبێت، بەڵام ئەم بڕیارە لە ئێستادا داھاتی نەوت ناگرێتەوە، تەنیا بۆ ئەو داھاتانەی دیکەی وەزارەتی داراییە کە بە دۆلارە.
"پێویستە ڕێگە لەم قۆرخکارییە بگیرێت کە زیانی مانگانەی لە ڕابردوو زیاتر لە ٩ ملیار دینار بووە بۆ قازانجی یەک بانک، فرۆشتنی دۆلار بە دیناریش بە کێبڕکێ بێت." پەرلەمانتارەکەی گۆڕان وای وت.