گرنگترین ڤیتامینەكان بۆ بێهێزی و شەكەتیی بەردەوام
چاودێر"
هەندێك لەخەڵكی بەردەوام هەست بە بێهزی و بێتاقەتەی ماندوویی دەكەن، بێ ئەوەی هیچ یەكێك لەنەخۆشییەكانیان هەبێت، شارەزایان و پسپۆڕان هۆكاری ئەو ماندوبون و بێهێزییە دەگەرێننەوە و بۆ كەمبوونەوە یان نەمانی بەشێك لە ڤیتامینەكان لە جەستەدا ئەویش وەك( كۆمەڵەی ڤیتامین B، C، D) كە ئەم ڤیتامینانە لە زۆرێك لەخۆراكەكاندا هەیە،"چاودێر" لەم ڕاپۆرتەدا دەیخاتە ڕِوو.
لەوبارەیەو د. كامەران ڕەسوڵ ،پسپۆڕی زانستی خۆراك، گرنگترین ئەو ڤیتامین و تەواوكەری خۆراكی و كانزایانەی كە یارمەتی زیادكردنی چالاكیی جەستە و كەمكردنەوەی هیلاكی دەدەن دەخاتە ڕوو لەوانەش:
١ - كۆمەڵەی ڤیتامین ( B ) ەكان بە تایبەت:
- ڤیتامین ( B 1 ): ڕۆڵێكی سەرەكیی هەیە بۆ وەرگرتنی وزە لە كاربۆهیدراتەوە لە لایەن خانەكانی لەشەوە، گرنگترین سەرچاوەكانی خۆراك: پاقلەمەنییەكان، شوفان، دانەوێڵە تەواوەكان.
- ڤیتامین ( B2 ): گرنگە بۆ وەرگرتنی وزە لە پڕۆتین و چەوری بە تایبەت لە خانەكانی دڵ و ماسوولكەكان: گرنگترین سەرچاوەكان؛ سپێناح، سۆیا، چەوەندەر، هێلكە، گۆشتی قەل و جگەری ئاژەڵ.
- ڤیتامین ( B 3 ): هۆكاری یاریدەدەری پێكهێنانی زیاتر لە (200 ) ئەنزیمی گرنگ و یارمەتی پێكهاتووی هۆرمۆنەكانە بە تایبەت غوودەی دەرەقی. گرنگترین سەرچاوەكان: گۆشتی سوور و پەلەوەر، ماسی، برنجی بۆر، عەلی بابا.
- ڤیتامین ( B 6 ): زۆر گرنگە بۆ گۆڕینی ماددەی گلایكۆچینی خەزنكراو لە ناو جگەر و ماسولكەكان بۆ وزە؛ سەرچاوەی خۆراك: سپێناخ، مۆز، گوڵەبەڕۆژە، ماسی سەلموون و توونە، گۆشتی مانگا و قەلەموون، پەتاتەی شیرین.
- ڤیتامین ( B 12 ): ڕۆڵێكی كارای هەیە لە بە دەستهێنانی وزە لە خۆراكە و هەروەها كەمی دەبێتە هۆی كەمخوێنی؛ سەرچاوەكانی خۆراك؛ گۆشتی سوور و ماسی و بەرهەمەكانی شیر.
٢ - ڤیتامین ( C ): دژە ئۆكسانێكی گرنگە و یارمەتی خۆپاراستن و زوو چاكبوونەوە دەدات لەبێهێزی و هیلاكی دوای پەتا و هەڵامەت و نەخۆشی، گرنگترین سەرچاوەكانی خۆراك: میوە مزرەمەنییەكان، هەڵوژە، شلیك، بیبەر.
٣ - ڤیتامین ( D ):كەمی ڤیتامین دی هۆكارێكی شەكەت بوون و هیلاكی و تەشەنووجی ماسوولكەكانە، سەرچاوەی سەرەكی بریتییە لە تیشكی خۆر لە نێوان سەعات دەی بەیانی بۆ چواری عەسر، لە خۆراكدا بڕێكی زۆر كەم هەیە بێجگە لە زەیتی جگەری نەهەنگ، ماسییە چەوریەكان وەك سەلموون و ماكڕوێل.
گرنگترین تەواوكەرە خۆراكییەكان و كانزاكان:
١ - كریاتین
٢ -ئەنزیمی ( q 10 )
٣ - ئۆمێگا - 3
٤ - مەگنسێۆم
٥ - ئاسن