تموحی گەورە، عەقڵێکی گەورەشی ئەوێت

ئاشتی عەبدوڵڵا 26/02/2017

گوێت لەهەندێ قسە ئەبێت یان هەندێ نووسین ئەبینیت، تەواو دڵگران ئەبیت، کاتێک لەڕێی ئەم رایانەوە ئەزانی ئەم کۆمەڵگەیە بەرەو چ هەڵدێرێک ئەڕوات، ئەبینیت زۆرن ئەو کەسانەی کەفاشیەت لەهەناویاندا هەیە. لەمردن و ژیانیشدا یەک ئاڕاستە ئەدوێن و ئەنووسن، کە ئەوەی وەک ئەوان نەبێت شایەنی مردنە، شایەنی سڕینەوەیە، ناکرێت بەم جۆرە هەنگاو بەرەو ئەو ئامانجانە بنرێت کەشەڕی بۆ ئەکەین، ناکرێت لایەک خراپ بێ وڵاتی تووشی نەهامەتی کردبێ بیەوێت هەمووان بسڕێتەوە و خۆی حاکم بێت بۆ ئەبەد، ئێمەش هەمان رێکار هەمان بیرکردنەوە تەنها بەرەنگی جیاوازتر یان بێ رەنگ، وەک ئەو، هەناوی تاکەکانی کۆمەڵگە پڕبکەین لەفاشیەت و رق و کینە بڵاوبکەینەوە، بەم پێوەرە بێت باش و خراپمان نیە هەمووان وەک یەک بەڵاین و هەورێکی رەشین بۆ ئەم کۆمەڵگەیە. بریا هێندەی قسەمان بۆ بڵاو کردنەوەی رق و توندوتیژیە، نیو هێندە قسەمان بۆ مرۆڤ دۆستی و ئاشتەوایی و خۆشەویستی بوایە، بەو پێوەرە بێت ئێمە چۆن ئەتوانین جیاواز بین یان وێنەیەکیتر نەبین لەجلادەکان؟ هەمووان ئەزانین دەسەڵاتێکی حزبی و ستەمکار بۆتە نەهامەتی بۆ ئەم گەلە، بەڵام بەم جۆرە نووسین و قسانە و بڵاوکردنەوەی رق و کینەیە لەناو کۆمەڵگەدا ، دەسەڵات هیچ زیانێک ناکات و بگرە جێ پێی خۆی قایمتر ئەکات، چونکە کۆمەڵگەیەکی لێک هەڵوەشاو خاڵی لەتموحی گەورەی بەرامبەرە. تموحی گەورە بە هەناوێکی فاشیانە بەدەست نایەت، بەڵکو بە (عەقڵێکی گەورە ، تموحی گەورەش) بەدەست دێت، عەقڵێکی گەورە ئەتوانێت پلان و دەیان رێگاچارەشی لەبەردەم دابێت بۆ گۆڕینی دەسەڵات و سیستمێک، کە خوازیاری گۆڕینین، هیچ دەسەڵاتێکیش لەبەردەم عەقڵی گەورەو تموحی گەورەی گەلێک ناتوانێت بەردەوام بێت، بەڵام ئێمە بەم هەمەجیە و بەم بیرکردنەوەیەو بڵاوکردنەوەی بیری توندوتیژی و رق و کینە ناتوانین هیچ تموحێکمان بەدیبێنین. بەم ئاراستەیە لەقسەکردن و نووسین، هەگبەمان زۆر خاڵی ئەبێت لەبیرکردنەوەی جیاوازتر و مرۆڤانەتر و دوور روانین بۆ داهاتووێکی جیاوازتر، داهاتوویەک کەشایەنی گەلێکی ماندووبێت، بیەوێت کەسانێک بێن و ئەم هەرێمە خاڵی بکەن لەستەمکار، خاڵی بکەن لەکوشتن و رق و کینە، ئەمە عەقڵێکی گەورەی ئەوێت، ئێمە گەلێکی ماندووین ئەمانەوێت تموحی گەورەمان هەبێت بۆ ژیان و مرۆڤ دۆستی، بۆ سیستمێک کەرێز لەکەرامەتی مرۆڤ بگرێت.