سەندیکای کرێکاران بۆچی؟

ئەحمەد محەمەد سەعید 28/09/2020


بەشی یەکەم
سەندیکای کرێکاران بریتیە لە پەیوەندی و ڕێکخستنی کۆمەڵێک کرێکار  لەجۆرو پیشەیەک یاخود یەکگرتنی کرێکار لە چەند پیشەیەک و ڕێکخستنیان لە پێناو باشترکردنی کارو بژێوی ژیانیان و پاراستنی مافەکانی کرێکاران و  پێشخستنی بەرهەمەکانیان .
دروستکردنی سەندیکا لەپێناو بەرەوپێشبردنی وشیاری سیاسی و ڕێکخراوەیی و ڕۆشنبیری  و پیشەییە لەلای کرێکاران .
سەندیکای کرێکاران بە ( یەکێتی کرێکاران یاخود سەندیکای کرێکاران ) ناونراوە ، بێگومان ئەم ڕێکخراوانە لەپێناو بەرژەوەندیە هاوبەشەکانی کرێکاراندایەو کرێکاران لەکەرتەکانی پیشەسازی و بازرگانی و بیناسازی و کەرتەکانی دیکە ، بەگشتی لەکەرتی تایبەتدا لەچوارچێوەی یەکێتیەک یاخود سەندیکایەکدا ڕێکدەخرێن ، سەندیکای کرێکاران ئەو کەسایەتیە مەعنەویەیە کە بەرژەوەندی و مافی کرێکاران دەپارێزێت .
دروستبوون و سەرهەڵدانی سەندیکاکانی کرێکاران مێژویەکی کۆنی نیە ، بەپێی ئەو نوسراوانەی لەبەردەستدان مێژوی سەرهەڵدانی دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی هەژدە ، کاتێک کۆمەڵ و دەستەی بچوک لەکرێکاران لە شانشینی بەریتانیای گەورە دژ بە ستەمی خاوەنکارو دەسەڵاتدارانی حکومەت دەستیان بەگردبوونەوەی نهێنی و دەربڕینی ناڕەزایەتی دەکرد لەشوێنکارەکانیاندا ، بەڵام دەکرێت بڵێین ئەم دەستەو گروپانە ڕێکنەخرابوون و بەگروپی دابڕاو لەیەکترو نەبونی پەیوەندی و هەماهەنگی لەنێوانیاندا ئەم گروپ و کۆمەڵانە نەبوونە ئەو هێزەی کەخاوەنکارو دەسەڵاتداران ناچار بەگفتووگۆ بکەن .
دروستبوونی ئەم شێوازە لەدەستەو گروپ بەشێوازی پچڕ پچڕ تاکو ناوەڕاستی سەدەی نۆزدە بەردەوام بوو ، ئیدی لەوە بەدوا لەوڵاتانی ئوسترالیاو ئەمریکاو کەنەدا سەندیکای کرێکاران دروستبوون و لەلای کرێکاران ڕەواجی پەیداکرد .
کرێکاران بەپاڵپشتی سەندیکاکانیان لە کەنەداو ئەمریکا بەشێوەیەکی ڕێکخراو کەوتنە چالاکی نواندن ، بەشێوەیەک کە کرێکار مافی تەواوی لەبەرانبەر کاری گران و کاژێری کارکردن و کەمکردنەوەی بۆ هەشت کاژێر لەڕۆژێکدا بوونە داواکاری سەرەکی و لەپێشینەیان .
لەبەرانبەر زوڵم و ستەمی خاوەنکارو دەسەڵاتی دەوڵەتدا جوڵانەوەی هاملتۆن سەریهەڵدا کەبە جوڵانەوەی هەشت کاژێر کار ناسراوە ، ستەم و چەوسانەوەی خاوەنکارو دەوڵەت بەتایبەت لەوڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ، کاری گران و پێنەدانی حەقدەست و پێشێلکردنی مافەکانی کرێکاران ،  کرێکارانی ناچار بەگردبوونەوە کردو زیاتر لەچوارسەد هەزار کرێکار بەئامادەبوونی ( بیتر ماکغوایر ) سەرۆکی یەکێتیە کرێکاریەکانی ئەمریکا گردبوونەوە ، داواکاری ( هەشت کاژێر کارکردن ، هەشت کاژێر پشوو ڕابواردن و چونە دەرەوەی کرێکاران لەگەڵ خانەوادەکانیان ، هەشت کاژێر نوستن ) بونە دروشمی سەرەکی و داخوازی سەرەتایی کرێکاران .
بەداخەوە لەجیاتی گفتووگۆ ، کارەساتی سوتان و هەڵواسین و گرتنی سەرکردەکانی کرێکارانی لێکەوتەوە .
هەرچەندە گردبوونەوەکە بڵاوەیپێکرا بەڵام تەواوی سەرکردەکان و کرێکارانی سورترکرد لەپێداگری تا بەدەسهێنانی مافەکانیان ، بەتێپەڕبوونی کات و بەردەوامی داخوازیەکانی کرێکاران یەکێتی و سەندیکا کرێکاریەکان توانیان زیاتر خۆیان ڕێکبخەن و دەسکەوتی زیاتر بۆ کرێکاران بەدەسبێنن و حکومەت و خاوەنکار ناچار بەگفتووگۆ ( مفاوچات ) بکەن بۆ بەدەسهێنانی مافی زیاتر .
بێگومان ئەو دەسکەوتانەی دوای ڕودانی کارەساتی ساڵی ( ١٨٨٦ ) ی شیکاگۆ بەهەوڵی سەرکردەکانی کرێکاران و خەباتی بەردەوامیان بەدەسهات .
دوای ( ١٣٤ ) ساڵ لەپێشکەوتنی سەندیکاکانی کرێکاران ئازادی کارو هەڵسوڕان و تێکۆشان و ڕەخساندنی دۆخی دروستکردنی سەندیکای ئازاد و دروستکردنی گروپی فشار ، سەندیکا کرێکاریە ئازادەکان سەرکەوتنیان لەبواری ڕێکخراوەییدا بەدەستهێنا ، لەهەرێمی کوردستان هەڵسوڕانی سەرکردەکانی سەندیکاکانی کرێکاران بەجۆرێک پێچەوانەی کاری ڕێکخراوەیی کاردەکەن و نێوانی ئازادی کارو هەڵسوڕان بەرتەسک دەکەنەوەو ڕێگرن لەئازادی کاری سەندیکایی ، ئومێدی بەدیهێنانی دەسکەوت بۆ کرێکاران لەم جۆرە سەندیکایانە زۆر لاوازە ، هەڵەی هەڵسوڕانی نیقابی لەخودی هەڵسوڕاواندایەو پێویستە هەوڵی هێنانە پێشەوەی کادری پیشەیی بدرێت کە باوەڕی تەواوی بە قەزیە کرێکاریەکان هەبێت نەک ڕاهاتن لەسەر کار وەک ڕۆتین تەنها ئامادەگی بێت لەتەلاری سەندیکاکان .


ئەحمەد محەمەد سەعید 
ئەندامی مەکتەبی تەنفیزی 
یەکێتی سەندیکاکانی کرێکارانی کوردستان