کرێکارو خاوەنکار لەقانونەکانی ناپلیۆندا

ئەحمەد محەمەد سەعید 10/08/2020


سەرەتای باسەکە پێویستمان بەکورتە پێناسێکی هەریەک لە کرێکار و خاوەنکار هەیە ،
کرێکار بەوکەسە دەڵێن کەکارێک لەبەرانبەر کرێیەک لەژێر چاودێری خاوەنکارێک ئەنجام دەدات .  هەرچی خاوەنکاریشە ، بەپێی یاسای کاری عێراقی ژمارە (٣٧ ) ی ساڵی ( ٢٠١٥ ) لەمادەی یەکەم بڕگەی هەشتەم دەڵێت ( خاوەنکار هەر کەسێکی سروشتی یان مەعنەوی ، کەکرێکارێک یان زیاتر دەخاتەکار ، بەرانبەر بەهەر جۆرێک لەکرێ ) .
لەم پێناسانەوە دەگەینە ئەو ئەنجامەی کە هەریەک لەکرێکارو خاوەنکار دوو کەسایەتی جیاوازن ، کرێکار بەهۆی بەکار بردنی هێزی بازوی بۆ پەیداکردنی پاروە نانێک ، ناچارە ڕۆژانە کار بکات ، لەبەرانبەریشدا خاوەنکار بەهۆی بردنی هێزی بازوی کرێکارەوە ، قازانجی چەند قاتی لەڕۆژانەی کرێکارەکە زیاتر دەخاتە سەر سەرمایەکەی ، چونکە هەمیشە سروشتی خاوەنکارەکان کەڵەکە کردنی سەرمایەی زیاترو چەوساندنەوەو کاری گران و زیادە کار بەکرێکارە .
دوای گەڕانەوەی ناپلێۆن ئیمپراتۆری فەرەنسا لەشەری مارانگۆی ئیتالیا ، بەپێی بڕیارێک کەلە ( ١٢ / ٨ /ساڵی ١٨٠٠ ) دا ئەنجومەنێکی بۆ قانونەکان دروستکرد  تاوەک دەستورێک ببێتە بناغەی قەزایی فەرەنسی ، ناپلێۆن هەڵسا بەکەمکردنەوەی ئەندامانی ئەنجومەنەکە بۆ چوار ئەندام ، ئەوانیش لەکەسانی شارەزاو پسپۆڕو یاسا ناسەکان بوون  ، ناپلێۆن هۆکاری کەمکردنەوەی ئەنجومەنەکەی بۆئەوە دەگێرایەوە کە هەرگیز حەزی بەگفتووگۆی زۆرو دورو درێژ نەبووە ، ئەو دەستەیەی  بنەمای قانونەکەیان داڕشت و دواتر ناونرا ( قانونەکانی ناپلێۆن ) و بەبڕیاری ( ١٨٥٢ ) پەسەندکرا .
قانونەکە مافی ڕەهای بەخاوەنکار دابوو کەلێکۆڵینەوە لەکرێکاران بکەن و بنێردرێنە دادگا ، جگەلەوەش مافی بەخاوەنکار دابوو بۆ هەر کرێکارێک دۆسیەیەکی تایبەت دروستبکات بەئارەزوی خۆی هەرچیەکی بوێت لەسەر کرێکارەکە تۆماری بکات ، کرێکارەکەش مافی دەربڕینی ناڕەزایەتی نەبوو ، ڕێگەشی پێنەدەدرا لەشوێن کارێکیتردا کار بکات ، کرێکار مافی ئازادی گۆڕینی کاری لێ قەدەغە کرابوو ، خاوەنکارەکە مافی دەرکردن یاخود دورخستنەوەی کرێکارەکەی هەبوو تەنانەت بەبێ بوونی هیچ جۆرێک لەسەرپێچی ، هۆکاری واز هێنان یاخود دەرکردنی کرێکار لەسەر کارەکەی لە دۆسیەیەکی  تایبەتدا خاوەنکار دەیتوانی چۆنی بوێت ئاوا تۆماری بکات .
خاوەنکار ئەوەندە ئازادی ڕەهای درابووە دەست کە بە ئارەزوی خۆی ستەمی لە کرێکارەکە دەکرد ، لەبەرانبەریشدا هیچ یاسایەک لەگۆڕێدا نەبوو خاوەنکار ملکەچ بە پێدانی حەقدەستی کرێکارەکە بکات .
قانونەکانی ناپلێۆن بەراورد بە بنەماکانی سەرەتای شۆڕشی فەڕەنسی لەپاشەکشەدا بوو .
بۆ داڕشتنی ئەم یاسایانە ناپلێۆن هەڵسا بەکەمکردنەوەی ئەنجومەنی تبیونەکان بۆ پەنجا کەس ، قانونەکان بەبێدەنگی تێدەپەڕین ، ڕەشنوسی قانونەکان لە ساڵی ( ١٨٠٣ ) درا بە ئەبجومەنی یاسا دانان لەساڵی ( ١٨٠٤ ) دا پەسەند کرا .
لێرەدا دەگەینە ئەو ئەنجامەی کە قانونەکانی مەدەنی ناپلێۆن ئەوانەی پەیوەندی بەکرێکارو خاوەنکارەوە هەبووە ، بەهێچ جۆرێک بەرژەوەندی کرێکاری لەبەر چاو نەگرتبوو ، بەدیدی ناپلێۆن کرێکار دەبێت کار بکات لە پێناو خاوەنکارو بۆرجوازەکاندا .
قانونەکانی ناپلێۆن هەرگیز بریتی نەبووە لە ڕێکخستنی پەیوەندی کار لە نێوان کرێکارو خاوەنکاردا . بەمەبەستی پاراستنی بەرژەوەندی هەردوولا  بەڵکو تەنیا بەرژەوەندی خاوەنکار ڕەچاو دەکرا و ستەم و چەوساندنەوەو کاری زیادەو گرانیش بۆ کرێکار بوو .


ئەحمەد محەمەد سەعید 
ئەندامی مەکتەبی تەنفیزی 
یەکێتی سەندیکاکانی کرێکارانی کوردستان