کرێکارو دادگای کار

ئەحمەد محەمەد سەعید 14/07/2020


بەشی یەکەم 
یاسای کاری هەموار کراوی  ئێراقی ژمارە ( ٣٧ ) ساڵی ( ٢٠١٥ ) بەشی حەڤدەهەم ، پێنج مادە باس لە دادگای کارو پێکهێنەرەسەرەکیەکانی دادگا دەکات ، لەگەڵ گرنگی ئەم دادگایە ، لەمادەی ( ١٦٥ ) دەڵێت دەبێت لەهەر پارێزگایەک دادگایەک یان زیاتر  هەبێت ، پێکهێنەرە سەرەکیەکانیشی ، دادوەرێک و نوێنەری ئەو یەکێتیە گشتیەی کرێکاران  لەگەڵ نوێنەرێکی یەکێتیە خاوەنکارەکان ئەمانە ڕەگەزە سەرەکی و پێکهێنەرەکانی ئەو دادگایەن کە بڕیارەکان دەگەڕێتەوە بۆ دادوەری دادگای کارو یەکلا کردنەوەی کێشەکان بە شێوەیەکی یاسایی .
کرێکار لەگەڵ ئەو هەموو چەوسانەوەیەی لەڕێگای کاری قورس و نەشیاو کەخاوەنکار بەرانبەر کرێکار دەیکات ، جگە لە کاری زیادە و تاقەت پڕوکێن ئەوانەی کەلەتوانای کرێکاردا نین و بەناچاری لەژێر زەحمەتی ژیانی خۆی و خانەوادەکەی ئەنجامی دەدات . 
پێویستە کرێکار شارەزا بکرێت بەو یاسایانەی  بەرژەوەندی و مافی کرێکار دەپارێزێت ، پێویستە کرێکار لەکاتی زەوتکردنی مافەکەی پەنا بۆ یەکێتی سەندیکاکانی کرێکاران ببات ، لەگەڵ ئەوەشدا کرێکار دەبێت ئینتیمای نیقابی هەبێت لەبەرانبەریشدا ئەرکی یەکێتی سەندیکاکانی کرێکارانیشە بەردەوام پەیوەندی بەهێزی لەگەڵ کرێکاراندا هەبێت و لەنزیکەوە ئاگاداری کارو شوێنکارەکەشیبێت . پێویستە سەندیکاکانی کرێکاران لەپەیوەندی بەردەوامدابێت لەگەڵ بەڕێوەبەرێتیەکانی کارودەستەبەری کۆمەڵایەتی شارەکان ، دەبێت  هەماهەنگی تەواو لەنێوان ئەم دوو دامەزراوە جیاوازەدا هەبێت ،  بەشێوەی بەردەوام گفتووگۆو ڕاگۆڕینەوەو کردنەوەی خولی وشیاری یاسایی بۆ کرێکاران بەتایبەت یاسای کارو یاسای دەستەبەری کۆمەڵایەتی ، دەبێت  کرێکار ئاشنا بکرێت بەمادەو بڕگەیاساییەکان و ئاستی وشیاری کرێکار بەجۆرێک بەرزبکرێتەوە کە ئاگایی تەواوی سەرجەم ئەو مادەیاساییانە بیت کەمافی پارێزراوو دەستەبەر دەکات .
یاسای کاری ئێراقی مافی کریکارو خاوەنکاری پاراستووە هەروەها مافی بەکرێکار داوە  لەڕێگای دادگای کارەوە داوای مافی خۆی لەچوار چێوەی سکاڵا بەشێۆوەی نوسراو تۆمار بکات ،  دەستەبەرکردنی مافی کرێکار لەکاتی زەوتکردنیا لەڕێگای دادگای کارەوە پارێزراوترە ، نەک چارەسەرکردنی کێشەکان لەڕێگای کۆمەڵایەتیەوە .
مادەی ( ١١ ) یاسای کاری هەموارکراوی ژمارە ( ٣٧ ) ی ساڵی ( ٢٠١٥ ) لەبڕگەی یەکەمدا بەڕونی دەڵێت ( کرێکار مافی ئەوەی پێدراوە لەدادگا سکاڵا تۆمار بکات ، ئەگەر ڕووبەڕوی هەر جۆرێک لەکاری زۆرە ملێ یا جیاکاری یا گێچەڵی سێکسی ( تحرش ) لەبەکارخستن و پیشەدا  بویەوە .
لەبڕگەی دووەمدا هەڕەشەی توند لەوانە دەکات هەرکەس و لایەنێک پێچەوانەی ئەم یاسایە هەڵسوکەوت لەگەڵ کرێکاردا بکات لەلایەن دادوەری دادگای کارەوە ڕوبەڕوی سزای بەندکردن یاپێبژاردن دەبێتەوە ، لێرەدا پێویستە یەکێتی سەندیکاکانی کرێکاران کرێکار ئاشنا بکات بەیاسای کارو کێشەکان لەدادگای کار یەکلا بکاتەوە ، هەوڵی پاراستنی ماف و بەرژەوەندیەکانی کرێکاران بەسودی کرێکار کۆتایی پێ بێنێت .


ئەحمەد محەمەد سەعید 
ئەندامی مەکتەبی تەنفیزی 
یەکێتی سەندیکاکانی کرێکارانی کوردستان