کرێکارو دادگای کار

ئەحمەد محەمەد سەعید 21/07/2020


بەشی دووەم و کۆتایی
یاسای نوێی کاری عێراقی ژمارە ( ٣٧ ) ساڵی ( ٢٠١٥ ) کەئێستا ڕەشنوسی هەموارکراوی یاساکە ئامادەیە و هەرکاتێک لەپەرلەمانی کوردستان خوێندنەوەی بۆکراو دەنگی پێویستی پێدرا یاساکەدەکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە ، بەدەرچونی ئەو یاسایە یاسای ژمارە ( ٧١ ی ساڵی ١٩٨٧ ) بەتەواوی ڕەتدەکرێتەوەو لەڕوی یاساییەوە کار بەیاسای ژمارە ( ٧١ ) ناکرێت و لەدادگاکاندا کار بەیاسای کاری ژمارە ( ٣٧ ) دەکرێت ، هەرچەندە یاسا نوێیەکەش بەدەرنیە لەکەم و کوڕی بەڵام پێشکەوتووترەو ڕونتر پێداگری لەمافی کرێکار دەکات .
دامەزراندن یان دروستکردنی دادگای کار لەهەر شارێک مەبەستی سەرەکی پاراستنی مافی کرێکارە و دادوەرێک کاندید دەکرێت کەلەلایەن ئەنجومەنی باڵای دادوەریەوە  لەسەر پێشنیاری دادگای تێهەڵچونەوە .
لەمادەی ( ١٦٦ ) دا هاتووە دادگای کار تایبەتمەندە بەسەیرکردنی ئەم بابەتانەی خوارەوە ...
ا - ئەو داخوازی و پرس و ناکۆکیە مەدەنی و سزاییانەی کەلەم یاسایە ( مەبەست یاسای ژمارە ٣٧ ) ە یاسای خانەنشین و دەستەبەری کۆمەڵایەتی کرێکاران و یاساکانی تردا هاتوون .
ب - بڕیاری کاتی لەو داخوازیانەی کەدەکەونە چوار چێوەی دەسەڵاتیەوە ، ئەگەر دادگای کار نەبوو ، ئەوا دادگای بەرایی پێی هەڵدەستێت .
ج - داخوازی و بابەتەکانیتر کەیاساکان دەیانخەنە چوار چێوەی دەسەڵاتی دادگای کارەوە .
لێرەدا پێویستە ئاماژە بەوە بکەین کەکرێکار لەکاتی زەوتکردنی مافەکەی لەلایەن خاوەنکار یان هەرکەس و لایەنێکی ئاشکراوە دەستی بەسەردا بگیرێت ، باشترین بژاردە پەیوەندی ڕاستەوخۆیە بە یەکێتی سەندیکاکانی کرێکارانەوە ، هانا بۆ ئەو دامەزراوە مەعنەویە بەرێت ، چونکە سەندیکاکانی کرێکاران لەلایەن پارێزەری تایبەتی سەندیکاوە سکاڵا لەسەر خاوەنکارەکە تۆمار دەکات لەدادگای کار ، هەرکاتێک سكاڵا تۆمارکرا  کرێکار پێویست ناکات لەدانی ڕەسمی پێشکەشکردنی داخوازیەکەی هیچ ترسێکی هەبێت چونکە دادگا دانی ڕەسمی پێشکەشکردنی سکاڵاکەی لەئەستۆگرتووە .
دادگاکان بەوە ناسراون کاتێک سکاڵایەک دەخرێتە بەردەستی دادوەر ، بەپێی جۆری سکاڵاو پێویستی داخوازیەکە ، دادوەر ماوە ماوە کاتی داد بینیەکە درێژ دەکاتەوە ، بەپێچەوانەوە دادبینی لەدادگای کار بەتەواوی لەبەرژەوەندی کرێکارە .
 لەمادەی ( ١٥٧ ) ی یاسای نوێی کار ژمارە ( ٣٧ ) بڕگەی چوار بە یاسا چارەسەری کردوەو دەقی بڕگەکە دەڵێت ...
( پێویستە دادگای کار لەماوەی ٣٠ ڕۆژدا لەبەرواری پێشکەشکردنی سکاڵاکەوە بڕیار لەسەر کێشەکە بدات و پلەی کۆتایی وەربگرێت ) .
یاسای کاری ئەردەنی ئاماژە بەدوو دامەزراوە دەکات کەبەرگری لەمافی کرێکار دەکەن ، لەو کەس و لایەنانەی کەمافی زەوت دەکات ئەوانیش هەردوو دەسەڵاتی دادوەری ( سلگە الاجور و  محكمە الصلح ) ن .
لەهەر حاڵەتێکدا و لەهەر دۆخێکی ناسروشتی ، کرێکار دەسبەرداری مافە داراییەکانی بێت ، دادگا ڕێگرەو سەرجەم مافەکانی کرێکارەکە دەگەڕێنێتەوە ئەگەر ڕێکەوتن لەنێوان کرێکارەکەو خاوەنکارەکەشدا هەبێت لەسەر دەسهەڵگرتنی کرێکار لەمافەکەی ، یاسا ئەو ڕێکەوتنە هەڵدەوەشێنێتەوەو ماف و شایستە داراییەکان بۆ کرێکارەکە دەگێڕێتەوە .
ئەوەی لێرەدا پێویستە بگوترێت ، دەبێت یەکێتی سەندیکاکانی کرێکارانی کوردستان لەسەر ئاستی پارێزگاکان ، بەتەواوی توانایان دەسبەچالاکی وشیاری یاسایی بکەن  لە شێوەی ۆرک شۆپ و لەڕێگای سۆشیال میدیاشەوە بەتایبەت لەسەر یاساکانی (  کارو یاسای خانەنشین و دەستەبەری کۆمەڵایەتی )   تاکو کرێکاران وشیاری تەواویان پێبگات و بتوانن لە ڕێگای دادگای کارەوە مافە زەوتکراوەکانیان بەشێوەیەکی یاسایی وەربگرنەوە .
ئومێد دەکەین یەکێتی سەندیکاکانی کرێکاران ئەم ئەرکە لەئەستۆبگرن ، هەرچەندە هەوڵی لەو جۆرە بەکەمی بەدیدەکرێت ، هەروەها  پێویستە ئەنجومەنی دادوەری گرنگی زیاتر بە دادگای کار بدات و کاراتری بکات ، تاکو لەهیچ شوێنك خاوەنکار زاتی ئەوە نەکات مافی کرێکار زەوت بکات .


ئەحمەد محەمەد سەعید 
ئەندامی مەکتەبی تەنفیزی 
یەکێتی سەندیکاکانی کرێکارانی کوردستان