١ی ئایار جەژن یان شیوەنی کرێکاران؟

ئەحمەد محەمەد سەعید 07/05/2020


بەشی دووەم
   دەتوانین تاکو ( ١ ) ی ئایاری ساڵی ( ١٨٨٦ ) بەجەژنی کرێکاران  ناوبنێین ، بەهۆی ئەوەی کە دەسەڵاتداران هیچ توندوتیژیەکیان بەرانبەر بەکرێکاران لەساڵی( ١٨٥٦ )  وە بەکار نەهێنابوو .
 کارەساتەکە لە ( ١ ) ی ئایاری ساڵی ( ١٨٨٦ ) وە دەسپێدەکات .
خەباتی چینی کرێکاران و ڕەنجدەرانی جیهان لەپێناو کەمکردنەوەی کاژێری کارکردن بۆ هەشت کاژێر و کۆبونەوەی زیاتر لە چوارسەدهەزار کرێکار کاردانەوەی دەسەڵات لەئاست داواکانی کرێکاران بەکارەساتی دڵتەزێن کۆتایی هات ، کرێکاران سەروەریان بۆ خۆیان تۆمارکردو دەسەڵاتدارانیش ڕۆژی ڕەشی مێژووییان بەمێژووی خۆیان ڕەشترکرد.
هەرسنەکردنی ئەو حەشیمەتە زۆرەی کرێکاران و وەڵامدانەوەی بەئاگرو کوشتن و زیندانیکردن و دەرکردنی کرێکاران لەکارەکانیان کۆتایی هات ، ئەم ستەمەی دەسەڵاتداران سەرەتایەکی نوێی هاوسۆزی چینی کرێکارانی جیهان بەرانبەر ئەمریکا گەرمتر بوو پشتیوانی زیاتریان پەیداکرد .
چۆنێتی ڕوداوەکەو دەرئەنجامەکانی ..
کرێکارانی ویلایەتی شیکاگۆ لەگۆڕەپانی هایمارکێت کۆبوونەوە ، پۆلیسی شیکاگۆ بەتەقە وەڵامی کرێکارانیان دایەوە و ئاگربارانیان کردن ، لەڕوداوی تەقەکردنەکە ژمارەیەک کرێکار کوژران و ژمارەیەکیتر بریندار بوون ، پاشان بۆمبێک لەلایەن کەسێکی نەناسراوەوە هەڵدرایە ناو پۆلیسەوەو( ١١ ) کەسیتر کوژران کە ( ٧ ) کەسیان لەهێزەکانی پۆلیس بوون ، بەهۆی ئەو ڕوداوەشەوە ( ٤ ) لەسەرکردەکانی کرێکاران دەسگیرکران و لەڕێگای دادگاوە سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێنرا .
 هەر جەندە ماوەی چەند ساڵێکی کەم دەنگی ناڕەزایی کپکرا بەڵام کارەساتەکە ئەوەندەگەورەبوو نەتوانرا فەرامۆشبکرێت ، هەربۆیە لەکۆنگرەی سۆسیالستەکانی جیهاندا کەلەفەرەنسا لەساڵی ( ١٨٨٩ ) دا بەسترا داواکرا ( ١ ) ی ئایاری ساڵی ( ١٨٩٠ ) یادی ئەو ڕۆژە لەسەرتاسەری جیهان بەڕێوە بچێت .
بەم شێوەیە خەباتی چینی کرێکاران قۆناغێکی دیکە بەرەو پێشەوە ڕۆشت ، لە کۆنگرەی ساڵی ( ١٩٠٤ ) ی سۆسیالستەکانی جیهان کەلەئەمستردامی هۆڵەندا بەسترا داواکرا کرێکارانی جیهان لە ( ١ ) ی ئایاری هەموو ساڵێک کار نەکەن و بکرێتە پشوی جیهانی .
لەساڵی ( ١٩٥٥ ) کەنیسەی کاسۆلیکی ( ١ ) ی ئایاری وەک ڕۆژی جیهانی کرێکاران ناوبرد ، دوای ( ٧٢ ) ساڵ بەسەر تێپەڕبوونی کارەساتی هایمارکێتی ویلایەتی شیکاگۆ ئەمریکا لەساڵی ( ١٩٥٨ ) وەک ڕۆژی وەفا بۆ ڕوداوەکانی گۆڕەپانی هایمارکێتی ویلایەتی شیکاگۆ ناساند ، کەواتە لە مێژووی ئەو کارەساتەوە جەژن گۆڕا بەشیوەن و لەجیاتی ڕۆژی جەژن بە ڕۆژی جیهانی کرێکاران ناونرا .


ئەحمەد محەمەد سەعید 
ئەندامی مەکتەبی تەنفیزی یەکێتی سەندیکاکانی کرێکارانی کوردستان