کەرەنتینە؛ کتێب و بیرکردنەوە ... ؟!

سەروەت تۆفیق 25/03/2020




مرۆڤ هەر لەگەڵ دروستبوونی ئەوەی بۆ دەرکەوتووە؛ کە کارێکی قورس و گرانە بە تەنیا بژی و بەرکەوتنی نەبێ لەگەڵ خەڵک؛ تا بیروڕا بگۆڕنەوە و کات ببەنە سەر و گەشت بکەن؛ لە یەکترییەوە فێری شتی نوێ ببن؛ لە لایەکی ترەوە ئەم بەرکەوتنانە زۆرجار بەبێ باجی قورسیش تێنەپەیڕون و شەڕ و دەنگەدەنگ و تەنانەت ماڵ وێرانیشی بە دوای خۆیدا هێناوە. ئەوەش روونە کە لە بەرئەنجامی بەریەک کەوتنی شارستانیانە و کێبڕکێی ئەقڵ و بیروڕا وایکرد جیهان لە پێشکەوتن و داهێنانەکانی بەردەوام بێ و ژیان بگاتە ئەم ئاستە گەشەکردووە.

ئەوەی لە ئێستادا دەگوزەرێت بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە و کەرەنتینەکردنی گشتی. هەم جۆرێکە لە تاقیکردنەوەی ئیرادەی ئینسانەکان. هەم دەرفەتێکی گەورەیە بۆ ئەوانەی کە دەیانەوێ گۆڕانکاری بنەڕەتی لە بیرکردنەوە و کردارەکانیاندا بکەن. لە باشەوە بۆ باشتر و تەرکیز خستنە سەر خۆمان لە جیاتی خەڵکی تر. چونکە خۆبەشت زانین ئەوەیە تەرکیزت لەسەر لە خەڵکیتر بێ و خۆشت پڕ بیت لە کەموکوڕی و بەجێماوێکی ئەقڵی کۆن بی. بۆیە ئەم کاتەی کە لەبەردەستی هەمووانە لەوانەیە دووبارەبوونەوەی لە مێژوودا زەحمەت بێ. چەندە ناخۆشە ئازادی سنورداربێ و جوڵە و بینینی خەڵک کەمتربێ. ئەوەندە ناخۆشترە کە شتێکی نوێ فێر نەبووبێتین و لانیکەم گۆڕانکارییەکی کەمیش بێ لە بیرکردنەوەماندا رووی نەدابێ. بۆیە کە هەمووان لە کەشتییەکداین هەم گرنگە واز لە رق و کینە بهێنین؛ کە کەس نازانێ ئەو سەری دەریاکە کوێیە و دەگەینە کەنار؛ یان نا. هەم گرنگە بپرسین لە خۆمان کە دەمانەوێ چۆن ئەو کاتە زۆرەی کە هەیە و خەڵکیش بێزاربوونی خۆیان لە بەرامبەری دەردەبڕن؛ چی بکەین تا راستەوخۆ بۆ سودی خۆمان و ناڕاستەوخۆش بۆ سودی گشتی بەکاری بهێنین.

پێش هەموو شت باشترە ئینسان لەوە تێ بگات؛  هیچ کات ئینسانێکی کامڵ و خاوەن بیروباوەڕی بەهێز و تەندروست و کەسایەتی گەورە لە رووی بیرکردنەوەوە لەناو فەوزا و ژاوەژاودا پێ ناگات؛ پێش بگات بۆ مەودایەکی کورتە؛ چونکە بیرکردنەوەکە کورت بووە. لەبەرئەوەی لە فەوزادا ئینسان کاتی ئەوەی نابێ بیربکاتەوە و راست و چەپی خۆی ببینێ و مێشکی لەو بازنە بچوکەی کە بۆخۆی کێشاویەتی دەخولێتەوە؛ ئەم خولاندنەوە بەردەوامە بوار بە هیچ کەس نادات بیرکردنەوەو ئەزمونێکی نوێ و وانەیەکی باش فێربێ و فراوانتر بیر بکاتەوە. تا هیچ نەبێ لە ساڵانی رابردووی تەمەنمان نەچین. 

سەرنج بدەن جگە لە کۆمەڵگە دواکەوتووەکان هیچ مرۆڤێک بە چاوی مناڵییەوە لە ئاستی پێگەیشتن نابیندرێ؛ ئەوەش هۆکارەکەی لەوانەیە ئەوەبێ کە زۆرینەی خەڵک لە کۆمەڵگەی دواکەوتوودا درەنگ گەورە دەبێ.  بۆیە لە جیاتی قسەی زۆر باشترە گوێبگرین لە خەڵکانی خوێنەوەر و پێگەیشتوو کە دەزانن کۆمەڵگە چۆن ئاڕاستەی بیرکردنەوەی باشە بکەن. نەک پێچەوانەکەی. یاخود لە لاپەڕەی کتێبەکان و تەماشاکردنی فیلم و دراماکانەوە فێربین کە رێگەیەکی زۆر گونجاو راستە بۆ تێگەیشتن و پێگەیشتنمان. قسەی کتێب هەزاران جار. لە ریز کردنی وشە بێ مانا و لاوازەکان باشترە کە هیچی لێوە فێرنەبی. 

لە لایەکی ترەوە ئەوانەی کە هەمیشە پێیانوایە کێشە و گرفت و خەمیان هەیە. ژیان ئاوڕیان لێ ناداتەوە و بەدبەختن بە قەولی خۆیان. پێویستە لە هەموو کەس بەهێزتر و خۆڕاگرتربن. لەوانەیە ئەو نەهامەتی و بێزارییە بزانیت ئاڕاستەی بکەی. مژدە هێنەری هزری پێ بێ، چونکە پێویستە هەستێک؛ یاخود ناڕەحەتیەکی راستەقینەت هەبێت تا هزر لە دایك بێت. واتە ئەو ئیرادە باشەی کە هەتە خۆشتبووێ و کاری باشە لەگەڵ بیرکردنەوەکانتدا بکە؛ تا توانای پەلکێش کردنی چواردەوری خۆتت هەبێ. ئاخر هزر لە سەرەتاوە ئەنجامەكانی زامن نییە. بەڵکو ئەو کاریگەریانەی کە لەسەر ئینسانەکە دروست دەبێ دواتر بەرهەمێکی دەبێ. لەوانەیە ئەگەر (نیتچە) نەخۆش نەبوایە، بیریارێكی لێ دەرنەچوایە. ئەو لە شتێكی كەم بوو، بۆئەوەی ببێت بە بیریار ئەویش شۆک و نائومێدیەکی گەورە بوو. چونکە ئەوکاتەی ئینسان لەو نائومێدیە خۆڕاگر دەبێ سەرباری ئازار و ناڕەحەتیەکانی دەتوانێت بۆ باشەو لە پێناو باشە؛ تەندروست و هێمن بیر بکاتەوە. مومکین نییە جیاواز و بە تواناتر و کاریگەرتر دەرنەکەوێ. رێک وەک ئەو نێوان دوو بەردە دەبێ؛ کە هەتمەن گوڵی لێ دەڕوێ.  

دەگونجێ ئێمە نەبینە هیچ کام لەوانەی کە هەبوون. بەڵام دەکرێ مرۆڤێکی دوبارە نەبین. مرۆڤی دوبارە بە سیفەتی ئەوەی هەمیشە قسەی خەڵک دەڵێتەوە؛ بێ ئەوەی خۆی بیربکاتەوە یەکسەر بڕوا دەکات. رقی لە هەموو شتێکە و دانی خێر بەکەسدا نانێت؛ بێ ئەوەی خۆی زیادەیەکی پێ بێ؛ نەک هەر بۆ خۆی؛ بەڵکو بۆ چواردەور و کۆمەڵگە و ژیان بە گشتی. دوبارەیە واتە لە هەموو خراپەکانی خەڵک شت فێر دەبێ؛ بێ ئەوەی باشییەکانیان ببینێ و سودێکی لێوەربگرێ. دوبارەیە واتە لە بێ کەڵکەکانە بۆ کۆمەڵگە. بە کورتی تەنها لە خۆی ناچێ. بۆ ئەوەی ئەم دوبارەییە لە ناو بەرین پێویستە بخوێنینەوە و بیربکەینەوە تا فێربین و دەربڕینەکان بەرز بکەینەوە؛ چونکە دەربڕین زمانی بیرکردنەوە.

بۆیە ئەم کاتەی کە ئێستا هەمانە لە کەرەنتینەدا بابیکەینە ناسنامەی گۆڕانکاری باش لە بیرکردنەوە و کردارە هەڵەکانمان راست بکەینەوە و دڵی هەموو ئەوانە بدەینە کە لێمان زویر بوون. واتە رێگە و دەرفەتێکە بۆ بنیاتنانی خودی خۆمان و پێداچونەوەیەک بێ بە لایەنە باش و خراپەکانی خۆماندا لە رێگەی بیرکردنەوە پۆزەتیڤەکان. دواتر قازانجی یەکەم لەم بیرکردنەوەیە خۆمان دەبین؛  دووەم کۆمەڵگە .


سەروەت تۆفیق