کۆرۆنا و کار و کرێکار

ئەحمەد محەمەد سەعید 23/03/2020


ماوەی چەند هەفتەیەکە ڤایرۆسی (   Covid  / 19 ) کۆرۆنا سنگی مرۆڤەکانی ئەم سەرزەمینەی گرتووەو بەخێراییەکی چاوەڕوان کراو بڵاوبۆتەوە ، لەکۆی ( ١٩٥ ) وڵات ( ١٨٨ ) وڵاتی گرتۆتەوە ، ڕێگا لەڕۆشتنی ڤایرۆسەکە ناگیرێت تەنها بەخۆپاراستن و پاکوخاوێنی و جێبەجێکردنی ڕێنماییە تەندروستیەکان نەبێت .
ئەوەی تاکوئێستا نەتوانراوە بکریت نەبوونی چارەسەر یان پێکوتەیەک دژی ڤایرۆسی کرۆنا ، زیانەتەندروستیەکانی ڕۆژانە ڕوولەهەڵکشانە ، ئاماری تووشبوون تاکو ئێستا سێسەدو سیوپێنج هەزاری تێپەڕاندووە ، بەهەزارانیش گیانیان لەدەستداوە ، زیانەکان تەنها لەڕووی تەندروستیەوە نیە بەڵکو کۆی جومگەخزمەتگوزاریەکان و کەرتەکانی دیکەی ژیانی گرتۆتەوە . زیانەئابووریەکان ئەوەندە قەبەن ئەگەر وابڕوات زۆرێک لەوڵاتان ڕووبەڕوی خاڵیبونی خەزێنە دەکاتەوە و کاروابڕوات ڕەنگە زۆرێک لەوڵاتان  هەرەسی ئابووری ڕابگەیەنن .
جوڵەی بازاڕ و کارگەکان کەل و پەلی پێویست و کاڵا و خۆراک لەبازاڕ ڕوو لە کەمبوونەوە دەکەن ، سەلەو ڕەفەی مارکێتەکان چۆڵ دەبن .
کرۆنا جەنگی جیهانی ڕاگایاندوە و دژبەهەموو مرۆڤەکان چالاکانە دەجەنگێت ، هێشتا ئومێدی زاڵبوون بەسەر ئەم ڤایرۆسە ڕۆشن نیە .لێکەوتە خراپەکانی ئەوەندە بەهێزە دامەزراوەی جیهانی کاری ناچار بە هۆشداری تووند کردوە .
دامەزراوەی جیهانی کار لەوبارەوە ڕایگەیاندووە ، ( ڤایرۆسی کۆرۆنا بووەتە هۆی لەکارخستنی زیاتر لە بیست و پێنج ملێۆن پیشە ، ئەمە جگە لەوەی سەدان هەزار جۆر کاری وەستاندوە ) .
کار لەکارگەو شوێن کارەکان ڕۆژانە کەم دەبێتەوەو دەرگای کارگەو دامەزراوە پیشەسازی و خۆراکیەکان دەبەسترێن ، بەمەش ژیانی زیاتر لە نیوەی مرۆڤایەتی سەختتر دەبێت ، دانیشتوان ڕووبەڕوی کەمی کاڵاو کەل و پەلی پێویست دەبنەوە .
خۆشبەختانە حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕێوشوێنی تووندی لەدژی بڵاو بوونەوەی ڤایرۆسەکە گرتۆتەبەر ، بەڵام ئەوەی جێگای نیگەرانیە کار لە کوردستان وەستاوەو کرێکار بێکار بوون ، وڵاتەکەمان بەهۆی خۆپارێزیەوە زیاتر لە بیست و پێنج هەزار کارگەی  گەورەو بچوک و شوێن کار داخراون ، سەدان هەزار کرێکار و کاسبکار لەدۆخی بێکاری و خراپی گوزەراندان . 
پێویستە حکومەتی هەرێمی کوردستان تەنها ئامۆژگاری نەبێت ، بەڵکو لە پاڵ ئەوەشدا هەنگاوی بەپەلەو خێرا بهاوێت ، فریای بێکارو کرێکار بکەوێت تاکو بێکاری لێکەوتەی خراپ و کێشەی کۆمەڵایەتی لەپاڵ ڤایرۆسی کۆرۆنا بڵاو نەبێتەوە ،ئومێد دەکەین حکومەتی هەرێم و کەسانی خێرخوازو سەرمایەدارانی ئەم وڵاتە لەڕێگای داوو دەزگا پەیوەندیدارەکانەوە هەوڵی گەیاندنی خێرای هاوکاریەکانیان بگەیەننە کرێکارو بیکاران ، ئەوانەی داهاتی ڕۆژانەیان تەنها لەڕێی بازوو دەستی قڵیشاویانەوە پەیدای دەکەن و ئێستا بیکارن ، ئەوانەش کرێکارن.

 


ئەحمەد محەمەد سەعید
ئەندامی مەکتەبی تەنفیزی سەندیکاکانی کرێکارانی کوردستان