شارەوانیەكانی هەرێم بێ ئاگان لە كۆرۆنا

هاوکار فایەق 27/02/2020



لەو ڕۆژەوەی ئەم ڤایرۆسە كوشندەیە گەرووی مرۆڤایەتی گرتووە، بێگومان هەمولایەكمان بەحكومەتیشەوە بانگەشە بۆ ڕێكارە تەندروستیەكان و خۆپاراستن لەو نەخۆشییە دەكەین و هاوار دەكەین هەر یەك لای خۆیەوە ئاگاداری پاراستنی تەندروستی خۆی بێت، لەهەموو كەناڵەكانی ڕأگەیاندن و سایتە ناوخۆییەكانشەوە بەسوپاسەوە توانیویانە بە شێوەیەكی زۆر باش هاوڵاتیان هۆشیار بكەنەوە شایەنی دەستخۆشین .
بەڵام لێرەدا تیشك دەخەمە سەر چۆنێتی كاركردنی كۆمپانیاكانی پاكردنەوەی خۆڵ و خاشاك، كە ئێستا هیچ كارمەندێكی ئەو كۆمپانیانە هۆشیار نەكراونەتەوە نە لەلایەن حكومەتەوە نە لەلایەن ئەو كۆمپانیایانەی كەكاری تێدا دەكەن، ئایا چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەو پاشەڕۆ پیسانەدا بكات كە كۆی دەكەنەوە ، كە ئێستا ئەو پاشەڕۆیانە بۆمبێكی مەترسیدارن.
حكومەتیش تا ئێستا هیچ مەرج و هۆشدارییەكی نەداوەتە ئەو كۆمپانیایانە كە هیچ نەبێت لانی كەم تا كۆتاییهاتنی ئەم نەخۆشیە جلوبەرگی تایبەت بداتە كارمەندەكانی ، تا ئێستاش كارمەندە بەڕێزەكانی ئەم بوارە بەجلوبەرگی خۆیانەوە كاردەكەن كە هەندێكیشیان دەبینم تەنانەت دەستكێشیشیان لەدەست نیە بەڕاستی ئەمە كارەساتە.
هەر ئەمڕۆ و لەگەرمەی هەڵمەتی هۆشیاكردنەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا، كارمەندێكی كۆمپانیایەكی بواری پاكردنەوەی خۆڵ و خاشاكی سلێمانیم بینی، بەبێ دەستكێش و جلوبەرگی تایبەت بەو بوارە چۆن پەلاماری ئەو زەرفە خۆڵانەی دەدا  و بەڕاكردن دوای ئەو ئۆتۆمبێلە دەكەوت كە خۆڵەكەی تێدەكرد ئۆتۆمبێلەكەش ئەوەندە خێرا دەڕۆی كە كارمەندەكە تا دەگەشتە ئۆتۆمبێلەكە نیوەی خۆڵەكەی هەڵدەڕشتە سەر شەقامەكە هەرچی كلێنكس و پاشەڕۆی ناتەندروست بوو بڵاو دەبویەوە، بەڕاستی ئەمە نەك ڤایرۆس بەئاسانی هەمو نەخۆشیەك دەگوازێـتەوە، بۆیە بەپێویستم زانی كە لایەنی پەیوەندیدار ئاگادار بكەمەوە كە هیچ نەبێـت تا كۆتایی هاتنی ئەم نەخۆشییە كارمەندە بەڕێزەكانی بواری پاكردنەوەی خۆڵ و خاشاك بۆ پاراستنی گیانی خۆیان و هاوڵاتیان  با جلوبەرگی تایبەت و تەندروست  بپۆشن.