​تێڕوانینی مام جەلال بۆ رێکخراوە دیموکراتیەکان

ئەحمەد محەمەد سەعید 03/02/2020

تێڕوانینی مام جەلال بۆ رێکخراوە دیموکراتیەکان

یەکەم بیرۆکەی دروستکردنی ڕێکخراوە پیشەیی و دیموکراتیەکان لە  ( ٢٦ / ١ /١٩٥٣ ) لەلایەن بەڕێز مام جەلالەوە وەک بیرۆکەیەک بوو ، پاشان هەوڵی جدی دا تاکو ئەوڕێکخراوانە 
لەقۆناغی بیرۆکە دەرچن و ببنەواقیع.
بەپێی زانیاریەکان بەڕێز مام جەلال لەپاڵ خەباتی سیاسی دەستی بە تێکۆشان و خەباتی ڕێکخراوەیش کردووە ، لە سەرەتای تێکەڵ بوون بەژیانی سیاسی .
ئەوەی زانراوە بەرێزیان بایەخی تەواوی بەکرێکارو پیشە جۆراوجۆرەکانی ئەوسەردەمەداوەو هەوڵی ڕێکخستنی و یەکخستنی داوە تاوەکوو بتوانن هەر پیشەو لەڕێگای  جۆرێک لەڕێکخراوبوون خۆیان یەکبخەن ، سەرەتای ساڵی پەنجاکان زۆر هەوڵیداوە کرێکاران ڕێکخراوێکی تایبەت بەخۆیان هەبێت ، هاوشێوەی قوتابیان و جوتیاران ، تاکو لەڕێی سەندیکایەک بتوانن ژیان و بژێوی و حەقدەستی ڕۆژانەیان باشتر بکەن .
( سەردەم سەردەمی ڕێکخراوە پیسەیی و دیموکراتیەکانە ،بۆیە پێویستە تێبکۆشین چین و توێژەکانی کۆمەڵگا لەناو ڕێکخراوو سەندیکاکان ڕێکبخەین ) .
ئەمە وتەی مام جەلالە لەئاهەنگی نەورۆزی ساڵی ( ١٩٨٤ ) ی سورداش بەئامادەبوونی دەیان شۆڕشگێڕی ئەوسەردەمەو ، دەیان هەزار کرێکارو جوتیارو هاوڵاتی کوردستان.
 خەڵکی جۆش دەدا تاکو لە پاڵ خەباتی شۆڕشگێرانەدا کرێکاران و پیشەوەران خەباتی ڕێکخراوەیی خۆیان دەسپێبکەن ، بتوانن بەئازادی کارو هەڵسوڕان بەشێوازی مەدەنیانە لەپاڵ خەباتی سیاسی درێژە پێبدەن .
یەکێتی نیشتمانی کوردستان وەک کاریگەرترین پارتی شۆڕشگێڕو سیاسی ، بەبیرو بڕوایەکی تەواو بەڕەخساندنی دۆخێکی کراوە لەپاڵ خەباتی چەکداری شۆڕشگێرانەی ، ماوە ی دەدا بەهەر ئەکتەرێکی شانۆی ڕێکخراوە دیموکراتی و پیشەیی و جەماوەریەکان ، بەئەوپەڕی ئازادی بواری بەهەر هەڵسوڕاوێکی ڕێکخراوو بزوتنەوە کۆمەڵایەتیەکان دەدا  زۆر سەرسەختانە لەبوارو پیشەکانی خۆیان خەباتی ڕێکخراوەیی خۆیان درێژە پێبدەن بەشێوەیەکی دروست .
یەکێتی نیشتمانی کوردستان هەڵسوڕاوانی ڕێکخراوو سەندیکاکان هان دەدات بەتەواوی توانایان بەرگری لەمافە مەدەنی و دیموکراتەکانیان بکەن . مەودای هەڵسوڕانی کاری ڕێکخراوەیی لەڕێکخراوە دیموکراتیەکانی یەکێتی  لەهەموو لایەنەسیاسیەکان ڕەخساوترە .
ئەوەی جیگای هەڵوێست لەسەرکردنە دوای چوارەمین کۆنگرە ئەوەی ئومێدی ئێمەی کرێکارانە ئەوەیە ، ڕێکخراوە دیموکراتیەکان گرنگی  زیاتری پێبدرێت ، 
لێرەو لەوێ قسە لەسەر بچوککردنەوەی ئەم ئۆرگانە گەورەیەی یەکێتی دەکرێت ، زۆر سەیرە نەمانی ناوەند و ئەم ئۆرگانە زیندوە مانای پشت گوێخستنی هەوڵە گەشەدارەکانی بەڕێز مام جەلالە ، کەمکردنەوەی دەسەڵاتی ڕێکخراوە دیموکراتیەکان بەواتای پشتگوێ خستنی دەیان ڕێکخراوی ( دیموکراتی ، جەماوەری ، پیشەیی ) یە، بایەخ نەدانە بەسەرجەم چین و توێژەکانی کۆمەڵگا بەجۆرێک لەسەداپەنجای کۆمەڵگا پشت گوێ دەخرێت .
ئەرکی ئەنجومونی سەرکردایەتی یەکێتی  لەئێستادا گرانترە ، دەبێت بەتەواوی توانایان هەوڵی زیاتر بدەن بۆ بەزیندوو هێشتنەوەی مەکتەبی ڕێکخراوە دیموکراتیەکان و دەسنیشانکردنی کادری کاراو بەتواناو ناردنیان بۆ ئەو ڕێکخراوانەی کە زیندوون و نوێنەرایەتی زۆربەی چین و توێژەکانی کۆمەڵگادەکەن ، ئومێدەوارین مەکتەبی ڕێکخراوەدیموکراتیەکان دەوری کاریگەری خۆیان بگێڕن لەوشیارکردنەوەی تاکەکانی کۆمەڵگاو بەرزکردنەوەی ئاستی وشیاری ڕێکخراوەکانیان .

ئەحمەد محەمەد سەعید
 ئەندامی مەکتەبی تەنفیزی
یەکێتی سەندیکاکانی کرێکارانی کوردستان