ئەردۆگان عوسمانییەكی ئیخوانی و ئیخوانییەكی عوسمانی

هاوکار فایەق 18/01/2020


هەمومان كەم تا زۆر ئاگامان لەوە هەیە و دەزانین كە سەرۆكی توركیا هەركات بۆی كرابێت وبۆی لوا بێت بەناوی پاراستنی سنورەكان وئاساییشی توركیا و سەروەری خاكی توركیاوە ، پەلاماری شوێنێك یاخود پارچەیەكی كوردستانی داوە و داگیری كردوەو خەڵكی ناوچەكەی ئاوارە كردوە و ماڵ وحاڵی بەتاڵان بردون ، جا ئەم پەلامارانە هەرپارچەیەكی كوردستان بێت بۆ ئەو گرنگی نیە ، ئەو تەنها ئامانجی داگیركردنی كوردستان و خاكەكەیەتی و سەپاندنی ئەجێنداكەیەتی ، بۆیە لەمەیاندا عوسمانییانە بیردەكاتەوەو لای خەڵكی توركیا وا خۆی نیشاندەدات كە تەنها ئەو قارەمان وڕزگاركەر و پارێزەری توركیایە و تەنها ئەو فیداكارە و هەرئەو خەمخۆری توركیایە و هەر ئەویش دەتوانێـت پارێزگاری لەدەسكەوتەكانی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی بكات.
خۆشبەختانە ئێستا خەڵكی توركیاش ئەوەندە هۆشیارییان هەیە كە دەزانن ڕاستیەكان لەكوێوە سەرچاوە دەگرن ، ئەمەشیان لەهەڵبژاردنەكانی ناوخۆی توركیا بۆ ئەردۆگان و پارتەكەی سەلماند و بەدەنگەكانیان توانیان سزایەكی گەورەی ئەردۆگان و پارتەكەی بدەن ، میللەتی توركیاش ئیتر لەوە تێگەشتون كە ئەردۆگان بەسیاسەتە هەڵەكانی بەرەو هەڵدێریان دەبات.
گرژی و ئاڵۆزیەكانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست وایكرد كە ئەردۆگان ئەم هەلە لەبەرژەوەندی خۆی بقۆزێـتەوەو بەناوی پاراستنی سنورەكانیەوە پەلاماری ڕۆژئاوای كوردستان بدات و زۆر ناوچە و شوێنی داگیربكات ، دوای ئەوە كە زانی ئەو داگیركاریەشی بۆ چۆتە سەر بۆیە هەر بەوەشەوە نەوەستاو بڕیاریدا بەناردنی هێزی سەربازی بۆ لیبیا و دەسخستنە نێو ئەو وڵاتەشەوە.
ئەم ڕەفتارانەی توركیا هەرزوو لەلایەن وڵاتانی ئەوروپا و ناوچەكەوە ڕەتكرایەوە و بڕیارەكانی توركیایان شەرمەزاركرد و كەوتە بەر ڕەخنەو گلەیی وڵاتانی جیهان ، تەنانەت هەندێك لایەن وگروپی ناوخۆیی لیبیاش هەڕەشەی هەڵگیرساندنی شەڕیان دەكرد لەگەڵ توركیا ، گەربێـت و هێزی سەربازی ڕەوانەی ناوچەكە بكات.
ئەردۆگان زۆر هەوڵیدا بەبێ جەنگ دەست بەسەر لیبیاو كەناراوەكانیدا بگرێـت كە ئەمەش سەرەتای دروستبونی ناوچەیەكی ئیخوانی بوو لەناوچەكەدا، بۆیە ئەمجارەیان هەوڵەكانی سەرۆكی توركیا بۆ ئیمپراتۆریەتی عوسمانی نەبو بەڵكو بۆ برا ئیخوانییەكانی بوو لەمیسر و ناوچەكە دەیویست لەشوێنێكدا كۆیانبكاتەوە ، بۆیە ئەمجارە ئیخوانانە بیریكردوە ، بەڵام هەرزوو خەلیفە حەفتەر ئەم هەوڵانەی ئەردۆگانی پوچەڵكردەوەو لەگۆڕینا.
گەر خەلیفە حەفتەرو ئەلسەرراج بگەنە ڕێكەوتنێك توركیا ڕیسەكەی هەڵدەوەشێتەوە، چونكە بەپێی ئەو ڕێكەوتنە دەبێـت هێزەكانی توركیا لەلیبیا بكشێنێـتەوەو ناوچەكە جێبهێڵێت بەمەش خەونەكەی ئەردۆگان نایەتەدی .
ئەردۆگان دەیەوێـت بەهەر شێوەیەك بێـت لەسەردەمی حوكومڕانی خۆیدا خۆی بكاتە پاڵەوانی ئیخوانەكان و پێگەیەكی باش بۆ ئیخوانیەكان دروست بكات جا ئەوە لەهەر وڵاتێك بێَـت گرنگ نیە تەنها ئەوە گرنگە كە لەسەردەستی ئەردۆگان ناوچەیەك فەراهەم بكان بۆ بەهێزبونی دەسەڵاتی ئیخوانەكان، جا ئەو دەسەڵاتـە شكست یاخود سەركەوتو گرنگ نیە .
ئەردۆگان ئێستا خۆی بەنوێنەرو پێشەوای  ئیخوانەكان دادەنێـت لەناوچەكەدا و ئیخوانەكانیش شەڕی هەیمەنەی خۆیان بەئەردۆگان دەكەن .
سەرۆكی توركیا پێشتر دەیویست ئەم ئەزمونە لەمیسر لەسەردەمی مورسی تاقیبكاتەوەو بەهێَََََََزیان بكات بەڵام بۆی نەچوەسەر و سەركەوتو نەبون، بەدەستگیركردنی مورسی و دواتر مردنی ئیخوانەكان بەتەواوی بێهێَز بون وپەرتەوازە بون ، بۆ ماوەیەكی زۆریش كەوتنەوە دواوە.
ئەردۆگان لەداگیركردنی ڕۆژئاوای كوردستاندا بەنیازی فراوانكردنی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی بوو بەڵام شكستی گەورەی هێنا، بەهەمان شێوە لەداگیركردنی لیبیا و دروستكردنی ناوچەیەكی ئیخوانیشدا هەر شكستی هێناوە ، بۆیە ئەردۆگان لەهەردو نازناوەكەدا شكستی گەورەی تۆماركردوە.