کرێکار لە یەکەم پڕۆگرامی یەکێتیدا

ئەحمەد محەمەد سەعید 25/12/2019

لەسەرەتای دروستبوونی یەکێتی و داڕشتنی پەیڕەو پڕۆگرامی ئەو پارتە لەساڵەکانی حەفتاوشەش ، دەستەی دامەزرێنەر لەپڕۆگرامی یەکێتی کەڕێبازی ژیانی سیاسی ڕێکخراوەکەیان دیاریکرد، بەمەبەستی چارەسەرکردنی کۆی کێشە ئاڵۆزەکانی کۆمەڵگاو فەرامۆش نەکردنیان ، چینی کرێکارانیان بیر نەچوو .
بیرو ڕای یەکێتی دامەزراندنی عێراقێکی دیموکرات و سەربەستی کاری سیاسی ڕێکخراوی دیموکراتی و سەربەستی پێکهێنانی نیقابەو ڕێکخراوی جوتیاران و لاوان و مامۆستایان و ئافرەتان بووە لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا چۆن مافی دامەزراندنی ئەم ڕێکخراوانەیان  هەبێت دەبێت ئاوەهاش مافی بەرگری و ئازای مانگرتن و کۆبونەوەی جەماوەریشیان هەبێت.
یەکەم پڕۆگرامی یەکێتی بۆ چین و توێژەکانی کۆمەڵگا لەخاڵی حەوتەم بەشی کرێکار  مەبدەئی یەکێتی بۆ پاراستنی ژیان و ژینگەی کرێکاران زۆر بەجوانی لەپێنچ خاڵی جەوهەریدا سەرجەم ئومێدو خواستەکانی کرێکاران باس دەکات ، دەیانکاتە خاڵی وەرچەرخان لەژیانی سیاسی و ڕێکخراوەیی  چینی کرێکاران .
لەساڵی ١٩٧٦ ئەم خاڵانەی کەلەکۆتای ئەم نوسینەدا وەک خۆیان دەینوسمەوە دەکاتە بەرنامەی درێژخایەنی خەباتی سیاسی و ڕێکخراوەییەوە، ئەگەر بەوردی لەم خاڵانە ڕۆچین دەتوانین دەیان ڕاڤەو لێکدانەوەی جیاوازی بۆبکەین ، بەبۆچونی بەندە ئەگەر بمانەوێت سودو مەعریفە زانستیەکەی وەک خۆی وەر بگرین ، دەتوانین سەرجەم بڕگەو بەندەکانی یاسای کارو یاسای خانەنشینی لەو پێنچ گەوهەرەدا ببینین لە ( پاراستنی مافی کرێکار ، بڕینەوەی موچەیەکی شایستە بەژین و ژیانی و دابینکردنی ژیانێکی شایستە ، دابینکردنی مافی پێکهێنانی نیقابە ، پێدانی مافی مانگرتن ، کەمکردنەوەی کاژێرەکانی کارکردن لەهەشت کاژێرو زیاتر بۆحەوت کاژێر لەڕۆژێکدا کەم بکرێتەوە ، پاراستنی مافی کرێکار لەشوێن و سەلامەتی کار ، چاککردنی گرێبەستی کار بەسودی کرێکار ، بڕینەوەی موچەیەکی شایستە بۆ ژیانی کرێکار .
گەوهەرەکان : 
١ . پاراستنی کرێکارانی شارو لادێ و بڕینەوەی موچەیەکی گونجاو لەگەڵ چۆنایەتی کارەکەیان کەلایەنی کەمی ژیانێکی ئاسودەیان  بۆ تەئمین بکات .
٢ . دیاریکردنی ماوەی کاری ڕۆژانە بە حەوت سەعات .
٣ . تەئمینکردنی مافی دامەزراندنی نیقابەو جۆشدانی بزوتنەوە کرێکاریەکان تادەوری مێژوویی خۆی ببینێت لەژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابوری وڵاتدا .
٤ . تەئمینکردنی مافی مانگرتن و خۆپیشاندان .
٥ . چاککردنی شەرتەکانی کارکردن و پاراستنی کرێکاران لەنەخۆشی و مەترسیەکانی کار .
بەکورتی ئێمەی کرێکاران دەخوازین چوارەمین کۆنگرەی یەکێتی ڕەچاوی پێشکەوتنەکانی دنیا لەبەرچاو بگرێت و دیدێکی زانستیانەی ڕوونی بۆ کرێکاران لەپەیڕەوو پڕۆگرامی ئەم کۆنگرەیەدا بە داکۆکیکردنێکی زیاترو وەستان لەسەر خەباتی ڕەوای کرێکاران و پشتیوانی تەواو لەمافە ڕەواکانی کرێکاران بکات.

ئەحمەد محەمەد سەعید 
ئەندامی مەکتەبی تەنفیزی یەکێتی سەندیکاکانی کرێکارانی کوردستان