گەندەڵەكانی عێراق لە رۆژی گەندەڵیدا

مەلا بەختیار 09/12/2019


ئەمڕۆ، رۆژی دژایەتی گەندەڵییە. لای من، رۆژێكی هەرە گرنگە. راگەیەندراوە كە عێراق لە پلەبەندی دوانزدەهەمین وڵاتانی گەندەڵی جیهانە. واتا: لەریزی سۆماڵ و وڵاتانی هەرە بۆگەنی گەندەڵییە!
هەر ئەمڕۆش دەستەی نەزاهەی عێراق فەرمانی دەستگیركردنی (226) تۆمەتباری گەندەڵكاری دەركردووە، بەمشێوەیەی خوارەوە:
- (12) پەرلەمانتار و (10)یان ئێستایش پەرلەمانتارن.
- پارێزگارێكی ئێستا و (11)ی پێشوو.
- (118) ئەندام ئەنجومەنی پارێزگاكانی پێشوو. (11)ی ئێستایە.
- (32) بەڕێوەبەری گشتی، كە (19)یان هێشتا بەڕێوەبەرن و لە وەزارەتەكانی (نەوت، كارەبا، پەروەردە، تەندروستی، پیشەسازی و دیوانی وەقفی سوننی).
- (11) بەڕێوەبەری تری پێشوو لە (ئەنجومەنی وەزیران، ئەمینداری بەغداد، وەزارەتی خوێندنی باڵا، تەندروستی، شارەوانی، ئاوەدانكردنەوە، گواستنەوە و پیشەسازی). 
لەمانە (51) فەرمانیان جێبەجێكراون، (68)یان لە دادگاكاندا، لێكۆڵینەوەیان لەسەر كراوە.
ئەم ژمارە گەندەڵە، هێشتا بەشێكی كەمی گەندەڵكارانە. زۆر زۆرتریان ماوە. چونكە لە عێراقدا (600) ملیار دۆلار لوش كراوە.
وڵاتێك ئەمەندە نوقمی گەندەڵی بوبێ، هێشتا لای حیزب و كاربەدەستان، مایەی پرسیارە، خەڵك بۆ راپەڕیوە؟
دەپرسین: لەم گەندەڵكارانە و لەوانەی تریش كە دەدرێنە دادگا، ئاخۆ چەندی كورد بێ؟ بەتایبەتی لەو وەزارەتانە، وەزیری كورد و جێگر و بەڕێوەبەری گشتیشی تیادا هەبوون و هەن!
گومانیشمان نییە، لە كوردستانیشدا، گەندەڵی، لە دیاردەیەكی قێزەونەوە دەبێتە كێشەی سیاسی و حوكمڕانی و كۆمەڵایەتیش!!