بەڕێز فەیگن... هەست بە شەرمەزاری ناكەن!؟

د. سەروەر عەبدولرەحمان 13/10/2019


نامەیەكی كراوە بۆ كونسوڵی گشتی ئەمەریكا لە هەرێمی كوردستان:

بەڕێز ستیڤ فەیگن كومبو كونسولی گشتی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا لە هەولێر
پاش سلاو و رێز... هیوامان شادیتانە.
بەرێزم... سەرەتا دەمەوێت ئەوە بخەمە روو كە بۆچی ئەو نامەیە ئاراستەی بەرێزتان كراوە، چونكە بەرزترین نوێنەری فەرمیی بەهێزترین دەوڵەتی جیهانن لە هەرێمی كوردستاندا و زۆرترین بەرژەوەندیتان لەناوچەكەدا هەیە، جگە لەوە بەڕێزتان لەبەرئەوەی لەهەموو كونسولەكانی پێشوتان زیاتر لەنێو خەڵكی كوردستانن و لەهەموو بەرپرسانی ولاتەكەت زیاتر هەست بە ئازار و مەینەتیەكانی خەڵكی كوردستان دەكەن.
بەڕێز فەیگن... گەلی كوردستان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا لە رووی مێژووییەوە كۆنترین نەتەوەی زولم لێكراوە، لە رووی جوگرافیەوە ولاتەكەی بەرفراوانترین زەویی داگیر كراوە، لە رووی ژمارەی دانیشتوانەوە گەورەترین گەلی بێدەوڵەتە، هەمیشە خوازیاری ئاشتی و پێكەوە ژیان و یەكسانی بووە، بەلام بەداخەوە سەدان ساڵە لەلایەن دەسەلاتدارە دواكەوتووەكانی گەلانی ناوچەكەوە (عەرەب و فارس و تورك)ەوە دەچەوسێتەوەو جینۆساید دەكرێت، لەهەندێ سەردەمدا ولاتانی پێشكەوتووی ئەوروپاو روسیاو ئەمەریكاش دەستباریان لەگەل داگیركەرانی كوردستان گرتووەو بەشێك بوون لە هۆكاری تێكشكانی شۆڕشەكانی كورد و ناهەمواریی گەلی كوردستان.
بەڕێزم... بەپێی ئەو پرەنسیپانەی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا بانگەشەی بۆ كردووە، دوابەدوای تەوای بوونی جەنگی یەكەمی جیهانی كورد چاوی لەوە بوو لە بانگەشە چواردە خاڵیەكەی (ودرۆ ویلسن)دا جێگەی ببێتەوەو لێی بەهرەمەند بێت، بەلام بۆ كورد نەك هەر بانگەشەیەكی پوچ و بێ بنەما بوو، بەلكو لەوسەردەمەدا ئەمەریكا پێچەوانەی پرەنسیپەكانی خۆی پاڵپشتێكی سەرسەختی ئەتاتوركی كرد دژ بە كورد، لە جەنگی دووەمی جیهانیدا كورد خوازیار بوو وەك نەتەوەیەكی داگیركراوی بێ دەوڵەت سودمەند بێت لە بانگەشە رەنگاورەنگەكانی هاوپەیمانان بەسەرۆكایەتی ئەمەریكا، بەلام نەك هەر سودی لێ نەبینی بەڵكو ئەو كۆمارە ساوایەی كە لە رۆژهەلاتی كوردستان دایمەزراندبوو، تەمەنی تەنها یانزە مانگ بوو، لەژێر فشاری ئەمەریكاو بە هەماهەنگیی سۆڤیەت و ئێران لەباربرا، لەسەروەختی جەنگی ساردیشدا ئەمەریكا یەكێك لەو دەوڵەتانە بوو دەستی بالای هەبوو لە لەباربردنی شۆڕشی ئەیلولدا، بەڕێز فەیگن خوێندووتەتەوە كە خودی (هنری كیسنجەر)ی وەزیری دەرەوەی ئەو سەردەمەی ولاتەكەت چی دەڵێت؟ با بیرت بخەمەوە كە دەڵێت: "ئێمە وەك ئەمەریكا سیاسەتێكی نامۆڕالانەمان بەرامبەر بە كوردەكان پەیرەو كرد، نە هاوكاریمان كردن و نە وازیشمان لێهێنان تا بۆ بەرژەوەندی خۆیان رێگەیەكی تر بگرنەبەر". بەرێزم... بەداخەوە دەوڵەتەكەت تا ئەمرۆشی لەگەڵدابێت لەو سیاسەتە نامۆرالانەیەی بەردەوامە، ئاخۆ بەڕێزتان لەئاست ئەمەدا هەست بە شەرمەزاری ناكەن!؟ هەست بە خەجاڵەتی ناكەن لەكاتێكدا دوابەدوای پرۆسەی ئازادی 2003 زۆرترین سەربازتان لە بەشەكانی تری عیراقدا كوژران كەچی لەكوردستاندا باوەشی سۆز و خۆشەویستی و هاوكاریتان بۆ كرایەوە! لەشەڕی دژ بە تیرۆر و داعشدا كوردستان بنكەی سەرەكیتان بوو، پێشمەرگە زۆرترین قوربانیدا، كەچی لەساتی ریفراندۆمدا بۆ سەربەخۆیی كوردستان (بەو تێبینیانەشەوە كە لەسەری بوو) كە لەسەرەتایی ترین مافەكانی گەلانە، نەك جێتان هێشتین بەلكو بەشێك بوون لە هەوڵی لەباربردنی ئەو مالۆچكەیەی كورد!؟ بەداخەوە دەسەلاتدارانی ئەمەریكای بانگەشەكاری ئازادی لەژێر پەردەی دروشمەكانی مافی مرۆڤ، دیموكراسیەت، كۆمەڵێكی مەدەنی، بەشێكن لەو كارەساتانەی بەسەر ئەو میللەتەدا دێت!؟
بەڕێز فەیگن... بەڕێزتان وەك بالاترین بەرپرسی ئەمەریكی هەست بە شەرمەزاری ناكەن كاتێك (دۆنالد ترەمپ)ی سەرۆكی ولاتەكەتان ئەمە هەڵوێست و گوتەی بێت بەرامبەر بە كورد؟ كاتێك پرسیاری لێدەكەن بۆچی هاوكاری كوردەكان ناكەن؟ وەلامی ئەوەیە كە كوردەكان لەشەڕی نۆرماندیدا هاوكاری ئەمەریكایان نەكردووە! لات سەیر نیە سەرۆكی گەورەترین ولاتی دنیا دەم لە مێژوو بكوتێت و شارەزاییشی نەبێت و ئاوا خۆی بكات بە گاڵتەجاڕ! ئەی نازانێت كە لەو سەردەمەشدا كورد بێدەوڵەت و بێ سوپا بوو و لەهیچ بڕیارێكدا نەبوو و لەسایەی ولاتەكەی بەرێزتان و هاوپەیمانەكانی ئەورۆژگاردا ئەوساش جینۆساید دەكرا!؟ هەست بە شەرمەزاری ناكەن كاتێك دەبینن لەجێگەی جۆرج واشنتن و جیفرسۆن و لنكۆلن كەسێكی میزاجیی بازرگانی چاوچنۆكی وەك ترەمپ سەرۆكی دەوڵەتەكەتان بێت و بێت سوكایەتی بەنەتەوەیەك بكات كە تا دوێنێ بەهێزترین هاوپەیمان و پاڵپشتی بووە لە رووبەڕوو بوونەوەی تیرۆردا و زیاد لە یانزەهەزار كچ و كوڕی خۆی بۆ كردبێت بە قوربانی! ئەمە نیشانەی ئەوەیە كە سەرۆكی دەوڵەتەكەتان یا كەسێكی زۆر بێ زانیاری و ئاست نزمە، یا بازرگانێكی گەمژە و چاوچنۆكە! ئاخر ئەگەر وا نیە چ ویژدانێك ئەوەی پێ قەبول دەكرێت رۆژانە ژن و منداڵ و پیر و پەككەوتە دەكوژرێن، سەدان هەزار كەس ئاوارە بوون و ماڵ و حاڵیان جێهێشتووە، میللەتێك لەژێر هەڕەشەی جینۆساییدایە گوایە دۆست و هاوپەیمانی دەوڵەتە خاوەن شكۆكەتان بووە! كەچی بێدەنگ بن لەئاستیداو زاتێكی وەك ترەمپی سەرۆكی دەوڵەتەكەتان خەریكی كردنەوەی هوتێلەكەی بێت لە توركیاو سوپاسی ئەردۆغان بكات! ئایا ئەمە ئەوە ناگەیەنێت كە سەرۆكەكەتان میللەتێكی لەبەرامبەر هۆتێلێكدا فرۆشت!؟
بەڕێز فەیگن... ئێمە نەتەوەیەكی بریندارین، سەدان ساڵە لەپێناو ئەوەی تەنها وەك مرۆڤ بژین قوربانی دەدەین، بەلام داگیركەران و هاوپەیمانەكانیان پێمان رەوا نابینن، رۆژێك بەناوی ئایین و رۆژێكی تر بەناوی شیوعیەت، جاریكیش لەژێرپەردەی ئازادی و دیموكراسی و مافی مرۆڤدا دەمانچەوسێننەوەو جینۆسایدمان دەكەن. ئەو كارەسات و تاوانكارییەی ئەمرۆش لە رۆژئاوا بەسەر نەتەوەكەماندا دێت، بەشێوەیەكی ناراستەوخۆ ئەمەریكا بەشێكە لێی، وەك هەڵوێستەكانی تری رابردووتان بۆ هەتا هەتایێ لە یادەوەری نەتەوەییماندا ناسڕێتەوە. دڵنیاتان دەكەم گەلی كورد، لەگەڵ ئەو هەموو نەهامەتییانەی بە سەری هاتوون، ئایندە دەباتەوە، بە پێچەوانەی ئەو دیكتاتۆرانەی چوونە نێو زبڵدانی مێژووەوە كە ئەردۆگان یەكێكە لەوانە، بەڕێزم مەسەلەیەكی كوردیش هەیە دەڵێت ئەگەر كەڵەشێریش نەبێت رۆژ هەر دەبێتەوە، خواش لە سولتان مەحمود گەورەترە!
بەڕێز فەیگن من تێدەگەم لە ئێوە فەرمانبەرێكی بێدەسەلاتن لەو مەكینە گەورەیەی سیاسەتی ئەمەریكا بەڕێوە دەبات، بەلام هیچ نا وەك مرۆڤێك هەقە هەڵوێستێكتان هەبێت، ئایا تا ئێستاش هەست بە شەرمەزاری ناكەن!
وێڕای ڕێزم بۆتان

د.سەروەر عەبدولڕەحمان عومەر
مامۆستای مێژوو
13/10/2019