پرسی پێكهێنانی حكومەت و سێ پاكێجەكەی یەكێتی (بەغدا، كەركوك، هەولێر)

د. سەروەر عەبدولرەحمان 27/03/2019



سەرباری تێبینی لەسەر پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان و راگەیاندنی ئەنجامەكانی، شەش مانگی بەسەردا تێپەڕیوە كەچی هێشتا نە حكومەت پێكهاتووە و نە پەرلەمانیش كەوتۆتە كار.
ئەوەی مەبەستی ئێمەیە لەم وتاردا سێ پاكێجەكەی یەكێتیە، كە لێكی گرێداون و وەك مەرجی رێككەوتن و بەشداریكردن لە حكومەتدا پێشكەشی كردووە، بەڵام پرسیار ئەوەیە كە ئاخۆ یەكێتی تاچەند مۆفەق بووە لە دەربڕین و تەرح كردنی هەر سێ پاكێجی (بەغدا، كەركوك، هەولێر) بەیەكەوەو بەم شێوازە:
یەكەم: بەغدا: یەكێتی وەك حزبێكی سیاسی داوای موستەحەقاتی خۆی دەكات، هەروەك پێشتر و لە هەلبژاردنەكانی تر و كابینەكانی تردا زۆر بە ئاسانی وەك موستەحەقاتی خۆی چەندین پۆستی وەرگرتووە، بەڵام لە ئێستادا یەكێ لە مەرجەكانی یەكێتی بۆ بەشداریكردنی لە حكومەتی هەرێم وەرگرتنی پۆستی وەزیری دادە لە بەغدا، ئەمە لەكاتێكدایە بەحیساب لەبەغدا لەگەڵ زۆرینە رێك كەوتووە، هاوپەیمانێتیان لەگەڵ شیعە هەیە، دۆستی ئێرانن (كە هەیمەنەی بەسەر پرۆسەی سیاسی عیراقدا هەیە)، بالاترین پۆست كە سەركۆمارە بەدەست خۆیانەوەیە، كەچی ئەوەی جێگەی سەرسوڕمانە داوای ئەو پۆستە لە پارتی دەكەن، لەچەند هەولێكدا بۆ دانانی وەزیری داد سەركەوتوو نەبوون و عادل عبدالمهدی هاوپەیمان یان و هاوڕێی سەركۆمار ئەوەندەی گوێی بۆ پارتی گرت بۆ دانەنانی وەزیرەكەی یەكێتی نەخوێندەوە، ئێستاش سەرباری ئەم پێش مەرجەی یەكێتی و داواكردنی ئەم پۆستە لە پارتی، دیار نیە ئەو پۆستە بە یەكێتی دەدرێت یان نا، بەڵام لە هەردوو حاڵەتدا یەكێتی پۆستەكە وەربگرێت یان نا، پارتی براوەیە!
بۆیە یەكێتی هەڵەی كرد لەو هەنگاوەیدا، ئەگەر نەیدەتوانی ئەو پۆستە وەربگرێت، قوربانی پێ بدابوایەو ئەو وەزیرەی نەویستایە باشتر بوو، نەك لەرووی سیاسیەوە خۆی بچوك بكردایەتەوەو بەم داوایەی خزمەتی بە پارتی بكردایە!
دووەم: كەركوك: یەكێتی لە كەركوك نەك هەر زۆرینەیە بەلكو زۆرینەی دەسەلاتیشی بەدەستیەوە بوو، دوای 16ی ئۆكتۆبەریش كە پارتی لەكەركوك نەما، یەكێتی وەك خۆی مایەوە كە بە هۆكار و ئەنجامدەری رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەریش لەقەڵەم دەدرێتە، ئەگەر یەكێتی هۆكاری گێڕانەوەی دەسەلاتی ناوەند و حەشدی شەعبی بووە بۆ كەركوك و لەگەلیان رێك كەوتووە، ئەوە دەبوایە پاداشتەكەی وەربگرێت، خۆ ئەگەر رێكەوتنیش نەبووەو یەكێتی لەبەر خاتری خزمەتی كەركوك و خەلكەكەی ئەوەی كردووە، دیسانەوە ناكرێت بێ دەسكەوت لێی دەربچێت، ئەمە لەكاتێكدا یەكێتی بارەگایەكی مەكتەبی سیاسی و مەڵبەندو دەیان كۆمیتەو بارەگای جۆراوجۆری تری لەو شارەدا هەیە و پارتی هیچ بارەگایەكی نیە، یەكێتی لە هەلبژاردندا زۆرینەی كورسیەكانی ئەنجومەنی نوێنەرانی پارێزگاكەی بردووەو لەبەرامبەردا پارتی بایكۆتی پرۆسەكەی كردو هیچ كورسیەكی نیە، كەركوك سەربە ناوەندەو لە ناوەنیش یەكێتی سەركۆماری هەیە، دۆستی حەشدی شەعبی و لایەنە عیراقیەكانە، كەواتە یەكێتی بەو هەموو هێزەوەو پارتی بەو بچوكیەوە! كەچی یەكێتی لەپرسی دانانی پارێزگاری كەركوكدا وەك مەرجێك داوا لە پارتی دەكات رەزامەند بێت لەسەری و پێی بدات! هەرچەند دیار نیە هێشتا پارتی رازی دەبێت لەسەر مەرجەكەی یەكێتی یان نا، بەڵام لەمەشیاندا پارتی براوەیە، چونكە یەكێتی بەم سیاسەتەی سەلماندی كە زۆرینە بەهایەكی نیە لەبەرامبەر سیاسەتی پارتی، بەم سیاسەتەی مەسعود بارزانی كرد بە مەرجەعێك و پێی وتین سەرۆك بێت یا نا بڕیار هەر بۆ ئەو دەگەڕێتەوە! 
ئەمەش سیاسەتێكی هەڵەی یەكێتی بوو. باشتر بوو ئەو پێش مەرجەی ئێستا بۆ پێكهێنانی حكومەتی هەرێم دایناوە سەبارەت بە دانانی پارێزگارێكی یەكێتی بۆ كەركوك، لە بەغدا بیكردایە، ئەو ساتە بە هێزە عیراقیەكانی بگوتبایە كە بەشداری پرۆسەی سیاسیی عیراق ناكەم تا پارێزگاری كەركوك وەرنەگرم، بەڵام ئەو ساتە بڕیاربەدەستانی یەكێتی ئەوەیان بەخەیالدا نەدەهات و سەرمەستی هەڵپەی وەرگرتنی پۆستی سەركۆمار بوون، بەهەڵەداوان بەشداریان كرد و هەرچی ئیستیحاقی تری یەكێتی هەبوو كردیانە قوربانی پۆستی سەركۆمار!
سێیەم: هەولێر: بەهۆی یەكلانەبوونەوەی یەكێتی و پارتی و داواكارییەكانی یەكێتیەوە، پێكهێنانی حكومەت دوواكەوتووە، یەكێتی داوای شەراكەتی راستەقینە دەكات! هەر لەسەرتاوە كۆمەلێك هەنگاوی هەڵەی نا، لە 18 ی شوباتدا بەشداری كۆبوونەوەی پەرلەمانی نەكرد و پێی وابوو پەرلەمان ناتوانێ‌ كۆبێتەوە، بەڵام پارتی پەرلەمانی كۆكردەوەو دەستەی سەرۆكایەتیشی هەلبژارد و سەرۆكێكی پەرلەمانیشی دانا، یەكێتی كارتی دوو ئیدارەیی بەكاردەهێنا ئەویش كارتێكی سوتاو بوو، یەكێتی داوای پۆستی زیاتر و شەراكەتی راستەقینە دەكات كەچی زۆرینەی پۆستەكانیشی لەدەست داو گۆڕان وەریگرت، وەك (جێگری سەرۆكی هەرێم، وەزیری دارایی، ....)، ئەمە لەكاتێكدا گۆڕان لە خولی پێشوودا كە كاك نەوشیروان لە ژیاندا بوو و بە (24) كورسیشەوە، بەقەد ئێستا كە گۆڕان بێ كاك نەوشیروانەو كورسیەكانیشی بۆ نیوە (12) دابەزیوە، ئینجا زیاتری وەرگرتووەو ئەوسا ئەوەندە پۆستەی نەبووە! هەرچەندە وە ئەو كاتیش رێكەوتنی پێشوەختە لەنێوان پارتی و گۆڕاندا كرابوو و دواتر یەكێتی چوە پێشەوەو رێكەوت.
ئەگەر یەكێتی پێی وایە هۆكاری ئەوە بووە كە گۆڕان بچێتە نێو حكومەتەوە تا لە رووی جەماوەرییەوە بیشكێنێت، هەڵە دەكات و ئەمەش راست نیە، چونكە گۆڕان پێشتر خۆی بڕیاریدا بوو هەر بەشداری حكومەت بكات، بەلكو یەكێتی بووە مایەی ئەوەی گۆڕان پۆستی زیاتری دەستبكەوێت، واتە یەكێتی بەم سیاسەتەی نەك نەیتوانی گۆڕان بچوك بكاتەوە بەلكو خزمەتی كرد. یەكێتی نەك هەر نەیتوانی هاوسەنگی رابگرێت بەلكو ئەوەی هەشبوو لەدەستیدا كە پێشتر دەوترا بەبێ یەكێتی حكومەت پێكنایەت. ئەوەتا هەلبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان، دانانی ئەندامانی لیژنەكان، بەبێ یەكێتی كرا، یاسای سەرۆكایەتی هەموار دەكەن، دوو ئیدارەیی كارتێكی سوتاو، كەواتە ئەوە سیاسەتی هەڵەی بڕیار بەدەستانی یەكێتی بوو كە بووە هۆی ئەوەی هەیمەنەی یەكێتی بشكێنن و ئەو حزبە خاوەنی بڕیار و ستراتیج نەبێت و ئەوەی بەڕێوەی ببات و سیاسەتی دابڕێژێت تەنها بەرژەوەندی گروپ و كۆمپانیاكان بن. ئەگەر وا نیە بۆچی لەسەروبەندی ئەنجامە بەراییەكانی هەلبژاردنەكەدا كە رایگەیاند تەزویرێكی زۆر كراوەو هەمان كات بەبێ لایەنەكانی تر و لەگەل پارتی ئەنجامەكانی پەسەند كرد! وەك خۆیان دەڵێن: خۆیان عەیبدار كرد!؟ كەچی دواتر لەساتی دەسكەوتدا كێكەكەیان دا بە پارتی و گۆڕان! ئەگەر وانیە بۆچی سەرەتا كەسیان بیری كەركوكیان نەبوو؟ ئەوەی كە دوای كەوتبوون و شەڕیان لەسەری دەكرد تەنها پۆستی سەركۆمار بوو! ئەگەر دوێنێ‌ مام جەلال هەبوو و دەیزانی لەكوێ  شەڕدەكات و بۆچیش ئاشتی، هەموو هاوسەنگیەكانی لەبەرچاو بوو رایدەگرت، بەڵام ئێستا یەكێتی بێ مام جەلال كەسی نیە ئەم سیاسەتەی درێژە پێبدات، ئێستا نە دەزانن بۆچی شەڕ دەكەن و نە ئاشتیشیان بەرهەمدارە! هەر بۆیەشە پارتی بەو هەموو كەموكوڕی و سیاسەتە هەڵەیەی خۆیەوە یەكێتی بەدوای خۆیدا رادەكێشێ و بڕیار بەدەستەكانی چاوەڕێی كەرەمی بارزانی دەكەن تا رەزامەند بێت لەبەغدای سەركۆمار و زۆرینەی هاوپەیمانانی یەكێتی وەزیری دادیان پێ بدات! لە كەركوكی 16ی ئۆكتۆبەر و شەش كورسیی پەرلەمانی و زۆرینەی یەكێتی، چاوەرێی مەرحەمەتی بارزانین كە تەنانەت بەشداری پرۆسەی سیاسیش نەبووە تیایدا، كەچی چاویان لەدەستی كاك مەسعودە رەزامەند بێت لەسەر پارێزگارێك بۆیان! لەكوردستان داوای شەراكەتی راستەقینە دەكەن كەچی پارتی ئامادە نیە وەزارەتە سیادییەكانیان پێ بدات، بەتایبەت ئەوانەی تاپۆكانیان بەناوی پارتیەوەیە! ئەمانە هەمووی ئەنجامی سیاسەتی هەڵەی ئەو بڕیار بەدەستانەن كە بوونەتە مایەی ئەوەی ئەم حزبە لەنێو فەشەلی سیاسیی خۆیدا بژی.
باشتر بوو یەكێتی لە بری ئەوەی ئەم سێ پاكێجە لە كاتی بەسەرچوودا كێك گرێ بدات، لەكاتی خۆیدا كاری لەسەر بكردنایە، لەبەغدا وەزیری دادی كە پێ وەرناگیرێت، وازی لێ بهێنایە نەك لە بارزانی بپاڕێتەوە، لەسەر پارێزگاری كەركوك كە بە ئیستیحقاقی خۆی دەزانێت هەر لەسەرتاوە وەك مەرج لە بەغدا تەرحی بكردایەو بەشداری پرۆسەی سیاسی نەكردایە، نەك هەموو شتێك بكاتە قوربانی پۆستی سەركۆمار. لە هەرێمیش زیاتر بچوایەتە پێش و موستەحەقاتی خۆی بە تەواوی وەربگرتایەو بە هۆكاری پەكخستنی پرۆسەی سیاسی ناو نەبرایە.