عەقڵییەتی سمێڵ بابڕی

نیگار عومەر 02/10/2019


كاتێك باس لە سمێڵ دەكەم مەبەستم باس كردن نیە لەوەی كەسێك سمێڵی هەبێت وەك ئەو سمێڵەی كە پیاوان هەیانە ، بەڵكو باس لە عەقڵ دەكەم عەقڵێك كە ئاساییە عەقڵ و هزری ژنێك بێت  واتە پەیوەستە بە بیركرنەوەكان نەك شێوەو ڕەگەزی  تاكەكان ،
بەمانای ئەوەی ئەو كەسە بەعەقڵی سەردەمی كۆن بیردەكاتەوە چونكە یەكێك لەنیشانەكانی پیاو بون لە كۆندا سمێڵ بوو زۆرجار ئێستایشی لەگەڵ بێت بەگەنجێك دەوترێت كە تازە سمێڵ دەكات شوكور بووە بە پیاو كێشە لەسەر ناوەخن و بیركرنەوەی نیە ، بەتایبەت تریش ئاغاو كوێخاكان سمێڵی تایبەتیان هەبوو ، وە زۆر نابەجێ دەبوو پیاوێك سمێڵی  لابردایە كۆمەڵ  و دارو بەرد هەموی هێرشی دەكردە سەری و بەوە ناوزەندی دەكرد پیاو نیە بەو مانای پیاو بون بە سمێڵە پێش هەر نیشانەیەكی تر .
ئەم بابەتەم بۆ ئەوە نیە لە شكۆو ڕێزی پیاو كەم بكەمەوە چونكە هەمو خاوەنی باوك و هاوسەرو براو كوڕین و هیچ ڕەگەزێك ناتوانێ‌ تەنها ژیان بكات و هەر ڕەگەزێكیش ژن بێت یان پیاو پەروەردەی ئەم كۆمەڵەیە ، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ناتوانین ئەو ڕاستیە فەرامۆش بكەین كە لە ئێستاداو لەدوای  هاتنی ئەو لێشاوە كە وەك گڕكان تەقییەوە بەسەر سەرجەم كۆمەڵدا لە گەورەو بچوك لە ژن و لە پیاو بە شێوەیەكی گشتی ، تەنانەت وای لێ‌ هاتووە ناكرێت ڕۆژێك بەسەر بچێت  بەبێ‌ سەیر كرن و ڕوماڵ كردنی  چەند تۆڕێكی كۆمەڵایەتی  لە نمونەی (فەیسبوك و انستگرام واتس ئاپ و تویتەر .....)
لێرەوە دێینە سەر ناواخنی بابەتەكە كە ئەگەر چی پێشكەوتنەكان گەیشتۆتە ئەو ڕادەیە بەڵام هێشتا هەندێ‌ بیركردنەوە و عەقڵییەت هەیە بەبیركردنەوەی سەردەمی كۆن بیر دەكەنەوە واتە عەقڵییەتی سمێڵ بابڕانە ، بیرم نەچێت ئەم  بیركردنەوەیە پەیوەست نیە بەتەنها بە پیاوانەوە  بەڵكو ژمارەیەكی زۆر لە ژنانیش وا بیر دەكەنەوە ، ئەم عەقڵییەتە بە ژنی ڕەوا نابینێت هاوتای پیاو بێت وە تا ئێستا وابیر دەكاتەوە كە هەندێ‌ ئیش هەیە بۆ ژن ناگونجێت  ، لەناویاندا كاری سیاسی كە  ئەو عەقڵانە بەدوری دەزانن  ژن بەشێك بێت  و كاریگەری هەبێت لە پرسە سیاسیەكاندا ، ئەگەر ڕازی بن بەهاتنە پێشەوەی بەناچاری قبوڵی دەكەن ، ئەوەی كێشەی سەرەكی دروست دەكات ئەوەیە زۆرجار ئەو بۆچونانە مەرج نیە بە زەقی باسی لێ‌ بكرێت یان ڕوبەڕوی ببنەوە ، بەڵكو ناخی ئەو تاكەدا قەتیس دەمێنێتەوە ، لە هەندێ‌ شوێنی كاریگەر و لەكاتی بڕیاردان كاری لەسەر دەكات و دەریدەبڕێت  ناخ و بۆچونەكانی خۆی فەرز دەكات.
ئەم عەقڵانە پەیوەند نە بە بونی بڕوانامە نە بەشێوازی جل لەبەركرنەوە نیە یاخود پلەو پۆستەوە نیە ، هەندێ‌ جار دور نیە عەقڵی جوتیارێك پێشكەوتو تر بێت لە خاوەن بڕوانامە یان پلەدارێك ،وەك وتم ئەوە عەقڵە خۆی فەرز دەكات و هیچ ڕوكەشێك ناتوانێت ئەوە حەشار بدات .
كاتێك دێینەوە ناو سیاسەت باس لە بونی ژن دەكرێت وەك كاراكتەرێكی سیاسی و هاوتای پیاو  ، یاخود شتێك باڵانسی بەرزتر بێت لەوەی كە لە ئێستادا  بونی هەیە. نابێت لە یادی بكەین ئەو ژنە كێیەو چ كاراكتەرێكە  ئایا ئەو ژنە خۆی عەقڵییەت و بیركرنەوەی چۆنە ئەگەرچی قورسە ئەوەش بتوانی بە تەواوی بڕیاری لێ‌ بدەیت.
خاڵێكی تری گرنگ كە ڕوبەڕومان دەبێتەوە ئەوەیە كە زۆر جار خاڵە لاوازەكان لە ژناندا زەق دەكرێتەوە چونكە هەمیشە ژمارەی ژنان كەمە لە دەزگاكاندا پشتیوانیان كەمە ، لە كاتێكدا ژمارەیەكی بێشومار لە پیاوان دەزگاكانیان گرتۆتەوە كەمترین كات باس لە لاوازییان دەكرێت، هەمیشە ژنان لەژێر نەشتەری كامێرای كۆمەڵ و دەوروبەرییانن زیاتر لە پیاوان ،  وە چونكە هەمیشە دەبێ‌ پیاوان دەستپێشخەری پۆستێك بن بۆ ژنان بۆیە هەوڵ دەدەن ژنێكی سمێڵ بابڕ واتە بە عەقڵ  سمێڵ بابڕ بێنێتە پێش بۆ پشتیوانی ئەو باشە .
هەر بۆیە زۆرێك لەو ژنانەی دێنە پێش ناتوانن هیچ گۆڕانكارییەك لە كۆی ئەو كێشانەدا بكەن كە پەیوەستە بە بەرەوپێش بردنی ڕەوتی ژنان و ناتوانن ببنە ژنێكی كاریگەر لەو ڕوەوە ، بەڵكو ناچار دەچنە ناو كۆمەڵەی سمێڵ بابڕەكان بەڵام بە شێوەیەكی ژنانە .
لە كۆتاییدا هیوادارم ژن و پیاوەكانیشمان بەو عەقڵە بیر نەكەنەوە چونكە هیچ كات ناتوانین ڕۆڵی ژن فەرامۆش بكەین و بەهەندی وەرنەگرین ، خۆ ئەگەر وا بكەین بێگومان كۆی گشتی پرسەكان لاسەنگ دەبێت و بەرەو لاوازی و پوكانەوە دەچێت ، ئەم لاوازییە هەر پەیوەست نیە بە پرسە سیاسیەكان بەڵكو تەنانەت لە چواچێوەی خێزانیشدا  دایكێكی لاواز خێزانێكی لاواز بەرهەم دێنێت  لە داهاتودا كارەساتی چاوەڕوان نەكراو دێنێتە كایەوە.