كرێـكاران و هێـزی گۆڕانكارییە سیاسییەكان

ئەحمەد محەمەد سەعید 21/09/2019

ئەحمەد محەمەد سەعید
ئەندامی مەكتەبی تەنفیزی یەكێتی سەندیكاكانی كرێكارانی كوردستان


بەشی دووەم
سەندیكاكانی كرێكاران لەسەرجەم وڵاتانی دنیادا سەر بەپارتە سیاسییەكانن، جا چ پارتە دەسەڵاتدارەكان ئەوانەی بەشدارن لە بەڕێوەبردنی كاروباری وڵات، یاخود ئەوانەی وەك پارتێكی سیاسی لە دەرەوەی دەسەڵاتی جێبەجێكردنن، ئەم شێوازە گشتگیرەو ناتوانین دایانبڕێنین لە پارتی سیاسی و ئەوەش ئاساییە، كاریگەری سەندیكاو یەكێتییە كرێكارییەكان لەگۆڕانكاری هاوكێشە سیاسییەكان لەكاتی هەڵبژاردنەكاندا كە بەشێوەیەكی دیموكراسیانە ئەنجام دەدرێت دەردەكەوێت، بەتایبەت لەم كاتانەدا نەخش ‌و كاریگەری دیارو ئاشكرا لەگۆڕانكارییەكاندا دەگێڕن.
ئەوەی گرنگە بۆ كرێكاران بەدەستهێنانی دەستكەوت و نزیكبوونەوەیە لە ئامانجە سەرەكی و بنەڕەتیەكانی كرێكارانە كە خۆی لە داڕشتنی یاسای نوێ یاخود هەمواركردنەوەی ئەو یاسا كرچ و كاڵ و بێهێزانەدا دەبینێتەوە بە بەرژەوەندی كرێكارانە.
رێكخراو و یەكێتی و سەندیكا كرێكارییەكان ئامانجیان بەدەسهێنانی دەسەڵات و گرتنەدەستی دەسەڵات نییە، بەڵكو پاڵپشتی لە جوانترین بەرنامەی داهاتووی ئەو پارتە سیاسییانە دەكات كە گۆڕانكاری بەسەر ژیان و گوزەرانی كرێكاران و خانەوادەكانیاندا دەهێنێت.
رێكخراوە دیموكراتی و بزوتنەوە پیشەیی و كۆمەڵایەتییەكان بەشێكی گرنگی بكەری دیموكراسین، كە هەر رێكخراو و كۆمەڵەو یەكێتییەك لە بەرژەوەندی چین یاخود توێژەكەیدا خەباتی رێكخراووەیی و بەرگری سەرسەختانە دەكات.
هەرچۆن یەكێتییە كرێكارییەكان دەتوانن پارتە سیاسییەكان لە وەرگرتنی دەسەڵات نزیك بكەنەوە، بەپێجەوانەشەوە لە دەسەڵات دووریان دەخەنەوەو سزای سیاسییان دەدەن، دەتوانن پارتە بەرژەوەندخوازەكان یاخود ئەوانەی خەبات و تێكۆشانی بزوتنەوەو یەكێتی و سەندیكاكانی كرێكاران بەشێوەی رووكەش دەبینن و وەك فۆرمێك مامەڵەی لەگەڵدا ناكەن و گرنگی و بەها كۆمەڵایەتی و ئابوورییەكانی لەبەرچاوناگرن و نایخەنە چوارچێوەی بەرنامەی كاری دەسەڵاتی یاسادانان و جێبەجێكردنەوە لە دەسەڵات دووریان دەخەنەوە لەكاتی هەڵبژاردنەكاندا لەسەدا سەد ئەو گۆڕانكارییە روودەدات و بەهاو گرنگی سەندیكاكان بەئاشكرا دەوری خۆیان دەگێڕن.
ئەوەی گرنگ و جێگای بایەخە یەكێتی سەندیكاكانی كرێكاران پێویستە قۆناغی وشیاری یاسایی و رێكخراوەیی زیاتر پەرەپێبدەن و ئەوەی لە بەرژەوەندی چینی كرێكارانە بەڕەچاوكردنی پاراستنی بەرژەوەندی كرێكاران و هاووڵاتیانە هەنگاوی زیاتری بۆ بنێن.