کۆنگرە چ سەرکردایەتیەک هەڵبژێرێت؟

ئاشتی عەبدوڵڵا 01/06/2019


کۆنگرە دەبێت بکرێت، ئەمە داوای کادران و جەماوەری یەکێتیە، بەڵام ئامادەکاری بۆ کۆنگرە ھێندەی بەستنی کۆنگرە گرنگە.
لەکۆنگرەوە سەرکردایەتیەکی نوێ ھەڵدەبژێردرێت بۆ سەرلەنوێ دارشتنەوەی ستراتیژ و سیاسەتی یەکێتی و بونیادنانەوە و گۆڕانکاری لە ئۆرگانەکان و نوێبوونەوەیەکی گشتگیر.
ئەو سەرکردایەتیەی کە لەدوای کۆنگرە ھەڵدەبژێردرێت بۆ ئەوەی ئامانجی کادر و قاعیدەی یەکێتی بەدیبھێنێت و روئیایەکی نوێی ئەم حزبە بخاتە نێو ساحەی سیاسی ، جگە لەوەی دەبێت سەرکردایەتیەکی نوێ لە گەنج و ئەزموونی سیاسی رابردووی ھەڤاڵانیشی تێدا بەرجەستەبکرێت، دەبێت سەرکردایەتیەک بێت، کە روئیای سیاسی مام جەلال بکاتە روئیای خۆی و خاوەنی ستراتیژێکی یەکێتیانە بێت لەفۆرمێکی نوێدا، گرنگە سیاسەتی یەکێتی دابڕێژنەوە بەجۆرێک کەدووربێت لەموھاتەراتی سیاسی و سیاسەت بەدوونیابینیەکی فراوان و دیبلۆماسیەت  پەیڕەو بکەن،  چ لەنێوخۆی حزبەکەو چ سیاسەتی یەکێتیش بۆ دەرەوەی حزبەکە. 
زۆر جار ئاماژەم بەوە کردوە گەر بمانەوێت یەکێتی لەم دوڕیانەوە بکەوێتە سەر رێگا دروستەکەی خۆی لە فۆرمێکی نوێدا ئەوا بۆ سیاسەتکردن پێویستمان بەنەجابەتی سیاسیە نەک عەزەڵاتی سیاسی . (مار بەقسەی خۆش لەکون دێتەر) ئەم پەندە کوردیەی لەنێو کەوانەکەدایە کلیلی سەرکەوتنی مام بوو  لەژیانی سیاسیدا.