سۆزێك بۆ هەڵەبجە

هەرمن ئەحمەد 19/03/2018

نەم دەزانی كۆچ، جوودایی،  وێرانكاری، زێد جێهێشتن، لەگۆڕنانی یادگاری، دواجار كۆمەڵكوژی ئەبێتە میوانی ناوەختی ئەورۆژەمان‌و  بۆنی سێو هەرمن بە تەنیا دەھێڵێتەوە.
وادەی گەڕانەوەی ئەوان بوو، لە دەلاقەو درزی دەرگاوە چاوەڕێی دەنگ‌و  رەنگی وان بوو، لەگەڵ هەر قومێكی ئاودا هەناسەیەكدا بەبیرمدا دەهات كە دەبێت زوو بگەڕێنەوە، لانی كەم دواپارووی بەختەوەریی خێزان پێكەوە بخۆین‌و  بۆ ئەبەدیی یەك جێبێڵین.
چ جێهێشتنێك، چ سەفەرێك، وەك ئەوە نا كە لە فلیمەكاندا دەیبینی، زۆر تراژیدی‌و  جودا لە هەر سەفەرێكی تر، سەفەرێك بێ جانتاو، بێ جلوبەرگ، بێ خۆراك‌و  بێ پێڵاو،  سەفەرێك قومە ئاوێكی پاكژی تێدا نادۆزرێتەوە.
هەر چاوەڕێ بووم‌و  ئەمڕوانی ئەوان بگەڕێنەوە، تا لە باخچە خنجیلانەكەی خۆمان بە بۆنی گوڵ‌و  پرتەقاڵە پیرەكەی بەر دەرگاكەمان بۆنیان بكەم‌و  دوا پێكی هەناسەیان هەڵمژم، چاوەڕێ بووم بە نانی گەرمەكەوە بێنەوە ماڵەوە، خەندەكانیان هەرچی مەینەتی‌و  ماندووبوونمە، بڕەوێنێتەوەو لە باوەشمدا هەرچی ئازارو نەهامەتیم هەیە، لە بیربەرێتەوە. خۆ دەمزانی كارەساتێك بەڕێوەیە، كارەساتێك كە هەرگیز بیر نەچێتەوە، وەلێ لانی كەم دەمویست لە قەومانی كارەساتەكەدا ئەوان لە ماڵ بن، لەگەڵ من بن، دەستم لە ناو دەستیان بێت، ئارامیان كەمەوە.
لانی كەم دەمویست لەشریخەو ناڵەی فڕۆكەو بۆمباكان بیان پارێزم‌و  هەر هیچ نەبێ خۆم بخەمە بەر ئازارو پارچەی بۆمبەكان، تا مۆمی تەمەنی ئەوان نەكوژێتەوە.
پەتی چاوەڕوانی بەدەنگی فڕۆكەكان پچڕا، نەعرەتەو قیژەی ژنان‌و  زارۆك هەرچی بۆشایی ئاسمان هەیە پڕی كردەوە، لەگەڵ رووخانی ماڵە خنجیلانەكەمان بۆنی گازی كیمیایی‌و  نركەی بۆمبەكاندا ئاوات‌و  بینینەوەی ئەوان داڕووخا.
بە زار خۆشە گێڕانەوەی ئەوساتە وەختانە، كەس هێندەی ئەو كەسانەی لە هەڵەبجە بوون، ناتوانێ ئازارو ئێشی ئەوساتە وەختانە هەست پێ بكات، دڵنیام  ئەوانەی كە دەبوو بگەڕێنەوە، هەمان چاوەڕوانی منیان هەبووە، بەگەڕانەوەیان بۆ ماڵە گەرم‌و  گوڕەكەیان‌و   هێنانی باوەشە نانە گەرمەكەی كۆشیان،  خواردنێكی گەرمی دەستی دایكیان هەموو دونیای ئەوان بوو، ئیدی قەدەر  ئەوەی خۆڵقاند كە روویدا، من مامەوەو ئەوان دیار نەمان، دەبێت لەچ شوێنیكی ئەم گەردوونەدا خامۆش‌و  سارد بەجێمابن، ئەبێت كێ بیان لاوێنێ‌و  نانێكی گەرمیان بۆ بهێنێ؟
منیش كە دایكێكم، هیوا بڕاو بووم لە گەڕانەوەی ئەوان، وەلێ فرمێسكی چاوەڕوانیم وشك نابێتەوە، داخۆ ئەو تەمەنە مەینەتیەی كە ماوە، كێ دڵنەواییم دەكاتەوە، كێ بمدوێنێ، وادەی گەڕانەوەی گوڵەكان بوو بۆ بەهار، نەك دابڕانی ئەبەدییان، دڵمان لەژێڕ دارو بەردی ماڵە رووخاوەكانی شار بەجێما.

تێبینی:
ئەم نوسینەی سەرەوە، چیرۆكێكی واقیعی دایكێكی هەڵەبجەیە لە خەیاڵەكانی مندا نەخشێندراوە.