توركیا نەیتوانی رەزامەندی رووسیا و ئەمریكا بۆ هێرشی سەر رۆژئاوا بەدەستبهێنێت

ڕاپۆرت 15/06/2022


چاودێر:

نوێنەری سەرۆكی رووسیا فلادیمیر پووتین هۆشداری توندی دایە توركیا لە ئەگەری هێرشی سەربازی سەر بۆ رۆژئاوای كوردستان.

نوێنەری سەرۆكی رووسیا فلادیمیر پووتین بۆ كاروباری سووریا لە لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی تاس-ی رووسی لەبارەی ئەگەری هێرشی توركیا بۆ سەر رۆژئاوای كوردستان گوتی: ئۆپەراسیۆنێكی لەوشێوەیە بەبێ گومان ناسەقامگیری و ئاڵۆزییەكان زیاد دەكات، دەبێتەهەڕەشەیەكی نالۆژیكی.

نوێنەری سەرۆكی رووسیا بۆ كاروباری سووریا گوتی: داوامان لە توركیا كردووە كە كێشەكان بە دیالۆگ چارەسەر بكەن، بیر لە هەڕەشە و ئۆپەراسیۆن نەكەنەوە.

لێدوانی ئەم كاربەدەستە باڵایەی رووسیا دوای سەردانی سێرگی لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوەی رووسیا دێت بۆ توركیا، یەكێك لە بابەتەكانی گفتوگۆی نێوانیان، پرسی هێرشی توركیا بوو بۆ سەر رۆژئاوا.

هەر لەم سەروبەندەدا خولوسی ئاكار وەزیری بەرگری توركیا پێوەندی بە هاوتا رووسییەكەیەوە كرد، لەبارەی ئەگەری هێرشی سەر رۆژئاوا گفتووگۆیان كرد.

لە چەند رۆژی رابردوودا كاربەدەستانی باڵای توركیا دووپاتیانكردەوە كە كاتی گونجاو هێرشدەكەنەسەر رۆژئاوای كوردستان و رازی نابن، تیرۆر لەسنووری باشووری توركیا هەبێت، دەبێت پشتێنەی ئەمنی تەواو بكەن.
 
 بەپێی زانیارییەكان، توركیا هەوڵی زۆریداوە كە ئەمریكا و رووسیا رازی بكات بۆ هێرشی سەر رۆژئاوا، بەڵام هیچ كام لە مۆسكۆ و واشنتن رازی نابن بەم ئۆپەراسیۆنە، چونكە ئاڵۆزی زۆر دروست دەكات.

سەرچاوە رۆژنامەوانییەكان لە واشنتنەوە ئاشكرایدەكەن، بەڕێوەبەرایەتییەكەی جۆ بایدن سەرۆكی ئەمریكا زۆر بە توندی دژی هەر ئۆپەراسیۆنێكی توركیایە بۆ سەر رۆژئاوای كوردستان، بۆیە لەچەند رێگەوە هۆشداری دراوە بە توركیا.

كاربەدەستان لە رۆژئاوای كوردستانەوە دەڵێن، توركیا لە هەوڵی فراوانخوازی و داگیركارییەكانیدایە لە باكوور و رۆژهەڵاتی سووریا بە قۆستنەوەی رەوشی ئۆكرانیا.

لە سەر ئاستی هەرێمیش هەر یەكە لە دەوڵەتانی سووریا و ئێران زۆر بە تووندی دژی هێرشی توركیان بۆ سەر رۆژئاوا.

ئێستا بەلەبەرچاوگرتنی رەوشەكە، مەترسییەكانى هێرشەكانی توركیا تا ئاستێك خاوبوونەتەوە، بەڵام وەك كاربەدەستانی رۆژئاوای كوردستان باسیدەكەن مەترسییەكان هەمووكات دەمێنن.