هەڵبژاردن گۆڕان ‌و ئیسلامییەكانی خستە تەنگەژەوە

ڕاپۆرت 11/01/2021


بزوتنەوەی گۆڕان و حزبە ئیسلامییەكان لە تەنگەژەدان بەهۆی بڕیاردان لە چۆنێتی بەشداریكردنیان لە هەڵبژاردنەكانی عێراق.

سەرچاوەیەك بۆ چاودێر گوتی: بزوتنەوەی گۆڕان، تووشی دابەشبوون و فرەبۆچوونی بووە لەسەر چۆنێتی بەشداریكردن لە هەڵبژاردنەكان.

سەرچاوەكە،  گوتیشی: بەشێك لە سەركردایەتی گۆڕان لەگەڵ ئەوەن گۆڕان و پارتی پێكەوە بەشداری هەڵبژاردن بكەن، بشكرێت یەكێتیش بەشدارییان لەگەڵدا بكات، گروپێكی دیكەی گۆڕان لەگەڵ ئەوەن تەنها لەگەڵ یەكێتی بەشداری بكەن و گروپێكی دیكەش لەگەڵ ئەوە سەربەخۆ بەشداری بكەن.

كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق ماوەی حەفتەیەكی داناوە بۆ تۆماركردنی حزب و هاوپەیمانییەكان.

حزبەكان بەهۆی یاسای نوێی هەڵبژاردنەكانەوە دووچاری قەیران بوون بەتایبەت حزبە بچوكەكان، چونكە ناتوانن بە تەنها كورسی بهێنن، بۆیە دەبێت یان بە یەكەوە یان لەگەڵ یەكێتی و پارتیدا بەشداری بكەن.

چاودێرێكی سیاسی بە چاودێری گوت: بزوتنەوەی گۆڕان ناتوانێت بە تەنها بەشداری هەڵبژاردن بكات چونكە بەهۆی دابەزینی ئاستی جەماوەری و ناكۆكیە نێوخۆییەكانی و گۆڕینی یاسای هەڵبژاردنەوە ناتوانێت دەنگی پێویست بهێنێت.

گوتیشی: بەشداریكردن لەگەڵ پارتیش لە هاوپەیمانێتییەكدا زیاتر ئاستی جەماوەری گۆڕان دادەبەزێنێت، بەشداریكردنیشی لەگەڵ یەكێتی كێشە بۆ رێككەوتنەكەی لەگەڵ پارتیدا دروست دەكات.

بەپێی زانیارییەكانی چاودێر، باشترین بژاردەی گۆڕان بەشداریكردنی بووە لەگەڵ پارتی و یەكێتی پێكەوە لە هاوپەیمانیەتێكدا، بەڵام ئەو هەوڵە شكستی خواردووە كە ئەو حزبانە پێكەوە بەشداری بكەن.

لەلایەكی دیكەوە حزبە ئیسلامییەكانیش بەتایبەت كۆمەڵ و یەكگرتوو دووچاری هەمان تەنگەژە بوونەوە، چونكە دروستكردنی هاوپەیمانێتییەك لەنێوانیاندا قورسە بەتایبەت كە پێشتر هەوڵەكانیان شكستی هێناوە لەوبارەیەوە، هاوپەیمانیشیان لەگەڵ یەكێتی و پارتی قورسە بە نیسبەت جەماوەرەكەیانەوە و قەبوڵكراو نییە.

بەپێی یاسای نوێی هەڵبژاردنەكان تەنها حزبە گەورەكان دەتوانن دەنگ و كورسی بهێنن بۆ نمونە لە هەرێمی كوردستان تەنها پارتی و یەكێتی دەتوانن كورسی بهێننەوە، هیچ كام لە لایەنەكانی دیكە ناتوانن كورسی بهێنن بە تەنها.

چاودێرە سیاسییەكە، گوتی: لە ئێستا پێكهێنانی هاوپەیمانی لەنێوان یەكێتی و پارتی یان یەكێتی و پارتی و گۆڕان، یان لایەنەكانی دەرەوەی پارتی و یەكێتی زۆر قورسە، بەهۆی پەرشوبڵاویانەوە، ئەمەش كاریگەری لەسەر كەمبوونەوەی كورسییەكانی كورد دەبێت لە داهاتودا.

 بڕیارە نێوەڕاستی ئەمساڵ هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق بەڕێوەبچێت.