ئەوە كەسەی هەوڵی دەرمانخواردكردنی ترامپی دابوو ئاشكرا دەكرێت

جیهان 20/09/2020


رۆژنامەی نیویۆرك تایمزی ئەمریكی بڵاویكردوەتەوە دەسەڵاتدارانی ئەمریكا ناسنامەی ئەوكەسەیان ئاشكراكردوە كە لەپشت هەوڵی دەرمانخوارد كردنی دۆناڵد ترامپ سەرۆكی ئەمریكا بوە ، رووداوەكە هەفتەی رابردوو روویداوە.
 رۆژی شەممە دەسەڵاتدارانی جێبەجێكردنی یاسا لەكۆشكی سپی  رێگەیان لە زەرفێك گرت كە ئاراستەی دۆناڵد ترامپ ی سەرۆكی ئەمریكا كرابوو زەرفەكە كە دەستی بەسەردا گیراوە مادەی ریسین ی ژەهراوی تێدابوە.
سەرچاوەكە ئاشكرای كردوە ئەو زەرفە بریتی بوە لە زەرفێكی نامە لە وڵاتی كەنەداوە رەوانە كرابوو و ناسنامەی ئەو ژنەشیان ئاشكراكردوە كە زەرفەكەی رەوانە كردبوو.
زەرفەكە لە ناوەندێكی پۆستی حكومی دەستی بەسەردا گیراوە بەر لەوەی بگاتە كۆشكی سپی 
بەرپرسێكی ئەمنی ئاشكرای كردوە تا ئێستا هیچ پەیوەندیەك نەدۆزراوەتەوە لەنێوان زەرفەكە و هیچ رێكخراوێكی تێرۆریستی نێودەوڵەتی.
ماددەی ریسین ماددەیەكی ژاهراوی بەهێزە لە تۆوی گەنەگەرچك بەرهەم دەهێنرێت وپێشتریش تێرۆریستان لەچەندین كردەوەی تێرۆریستیدا بەكاریان هێناوە 
 دەتوانرێت ئەو ماددەیە لەشێوەی هاڕاوە یان دەنك یاخوود دووكەڵ بەكاربهێنرێت لەكاتی قووتدانی ئەو ماددەیە مرۆڤ تووشی ڕشانەوەو خوێن بەربوونی گەدە دەكات وپاشان جگەرو سپڵ و گورچیلە لەكاركردن دەوستێن و كەسەكە گیان لەدەستدەدات.
سایتی "بیزنیس ئینسایدەر" بڵاویكردوەتەوە خواردنی یەك ژم لە هاڕاوەی ریسین دەبێتە هۆی گیان لەدەستدانی كەسەكە لەماوەی 3 بۆ 5 رۆژ.