ئەمەریکا دوو کەس لە هەولێر بە بەرتیلدان تۆمەتبار دەکات

جیهان 19/09/2020

چاودێر

 

حکومەتی ئەمەریکا دوو کەسی بە تۆمەتی پێدانی بەرتیل بە تۆمەتبار ناساند، کە هەردووکیان لە شاری هەولێر دەژین. 

وەزارەتی دادی ئەمەریکا بڵاوی کردەوە، مارک ئالان فرایدەی تەمەن 37 ساڵ و لارە جومعە محەمەدی تەمەن 30 ساڵ لەسەر بنچینەی سکاڵایەک لە دادگایەکی شاری واشنتن دی سیی پایتەخت بە تۆمەتبار ناسێندراون. 

بە گوێرەی ڕاگەیەنداوەکەی وەزارەتی دادی ئەمەریکا، ئەو دوو کەسە تۆمەتبارن بە بەرتیلدان لە بابەتی گرێبەستەکانی وەزارەتی بەرگریی ئەمەریکا و بە تۆمەتبارناساندنیشیان لە چوارچێوەی هەوڵەکاندایە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و ساختەکاری لە گرێبەستەکانی دامەزراوە سەربازییەکان لە دەرەوەی ئەمەریکا. 

بە گوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، دەگوترێت مارک ئالان و لارە جومعە کۆمپانیایان لە هەولێر هەبووە و هەوڵی بەدەستهێنانی گرێبەستیان داوە بۆ ئەوەی کەلوپەل و خزمەتگوزاری بۆ بنکە سەربازییەکانی ئەمەریکا لە عێراق دابین بکەن و بۆ ئەو مەبەستەش بەرتیلیان داوەتە بەرپرسێکی سوپای ئەمەریکا لە بنکەی ئاسمانیی هەولێر. 

وەزارەتی دادی ئەمەریکا ئاماژە بەوە دەکات، دەگوترێت لە سەرەتای ساڵی 2020دا مارک ئالان و لارە جومعە هەوڵیان داوە بڕە پارەیەک بدەنە بەرپرسێکی بواری بەڵێندەرەکانی سوپای ئەمەریکا کە بڕی 20٪ی بەهای ئەو گرێبەستە بووە دەدرێتە کۆمپانیاکانیان و دواتریش پێشنیازیان کردووە پارەیەکی کاش بدەن، ئەوەش لە بەرامبەر پێشکەشکردنی گرێبەستەکە پێیان، کە لە مانگی ئاداری 2020 ڕاگەیەندراوە.