ئەمەریکا هێزی زیاتر بۆ ڕۆژئاوای کوردستان دەنێرێت

جیهان 19/09/2020

چاودێر

 

بەرپرسانی ئەمەریکا ئاشكرایان کرد، هێزی زیاتر ڕەوانەی باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا دەکەن، ئەوەش بە ئامانجی ڕێگریکردن لە پەڕینەوەی ڕوسیا بۆ ئەو ناوچانەی کە هێزی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی و هێزەکانی سوریای دیموکراتی تێدایە.


تۆڕی هەواڵی ئێن بی سی نیوزی ئەمەریکا بڵاوی کردووەتەوە، ئامانجی ڕەوانەکردنی ئەو هێزانە بۆ ئەوەیە کە ڕوسەکان لە پەڕینەوە بەرەو ناوچەی ڕۆژهەڵات کە ئەمەریکا و هاوپەیمانان و قەسەدە تێیدا کار دەکەن، دووریان بخەنەوە.


سێ بەرپرسی وەزارەتی بەرگریی ئەمەریکا پشتڕاستیان کردووەتەوە، پنتاگۆن بەشێکی کەم لە هێزەکانی لە سوریا بڵاوە پێدەکات، پاش ئەوەی ڕووبەڕووبوونەوەکانی لەگەڵ ڕوسەکان زیاتر بووە.


بەرپرسانی ئەمەریکا باسیان لەوەش کردووە، هەبوونی هێزەکانی ئەمەریکا بۆ دەرکردنی هێزەکانی ڕوسیا لە  ناوچەی ئاسایشی ڕۆژهەڵات، کە ئەمەریکا و هاوپەیمانان و قەسەدە تێیدا کار دەکەن، خزمەت دەکات.


هێزە زیادەکەی ئەمەریکا لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا، لە شەش ئۆتۆمبێلی سەربازی جۆری برادلی و کەمتر لە ١٠٠ سەرباز پێک دێت کە بۆ ماوەی ٩٠ ڕۆژ دەمێننەوە.


کاربەدەستێکی ئەمەریکا دەڵێت: ئەم هەنگاوانەی ئەمەریکا ئاماژەیەکی ڕوونە بۆ ڕوسیا و پێویستە ڕوسیا و حزبەکانیتر خۆیان لە کردەوەی ناپیشەیی و ناسەقامگیر و ئیستیفزازانە  لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا بپارێزن.