ئێران دو زیندانی سیاسی لەسێدارەدا

جیهان 14/07/2020

بەپێی هەواڵێکی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، کاتژمێر ١٢:٣٠ خولەکی شەوی ڕابردوو، سابیر شێخزادە و دیاکۆ ڕەسولزادە زیندانیانی سیاسیی کورد، لە زیندانی ناوەندیی دەسەڵاتی ئێران لە ئورمیە لە سێدارە دراون.
جێگای ئاماژەیە، بەیانی دوێنێ و بە شێوەیەکی لەناوکاو، سابیر شێخزادە و دیاکۆ ڕەسولزادە برابوون بۆ ژوورە تاکەکەسییەکانی زیندانی ئورمیە و شەوی ڕابردووش لە ژووری تاکەکەسییەوە برابوون بۆ هۆڵی جێبەجێکردنی سزاکان.
دوابەدوای ئەم هەواڵە هەر دوێنێ، ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی (ئەمنستی ئیترناشنال) لە بەیاننامەیەکدا بۆ کاربەدەستانی ئێران، داوایکردبوو کە جێبەجێی کردنی سزای ئەو دوو زیندانییە سیاسییە کوردە ڕابگرێت.
ئەمنستی لە بەیاننامەکەیدا ئاماژەی بەوەداوە کە، ئەم دوو زیندانییە سیاسییە کوردە لە “ئەو پەڕی نادادپەروەری” لێکۆڵینەوەیان لێکراوە و سزاکەیان لەسەر دانپێدانان لەژێر ئەشکەنجەی توند و هەڵسوکەوتی خراپ دەرکراوە و ئاوڕ لە سکاڵاکەیان بۆ ئەشکەنجەدانیان و دەستنەگەیشتنیان بە پارێزەر نەدراوەتەوە.
ئەمنستی جێبەجێی کردنی سزای ئەم دوو گەنجە زیندانییە وەک؛ “ئەوپەڕی نکۆڵی لە دادپەروەری و پێشلکردنی کارەساتباری مافی ژیان کە ناگەڕێتەوە” ناوبردووە.
هەروەها ڕێکخراوی مافەکانی مرۆڤی ئێران لەسەر لەسێدارەدانی، سابیر شێخزادە و دیاکۆ ڕەسولزادە، نووسیویەتی؛ ئەم دوو زیندانییە پێش لەسێدارەدان، لە بینینی خانەوادە و کەسوکاریان بێبەشکراون.
ڕێکخراوەکە دەڵێت: سابیر و دیاکۆ لە کاتێکدا لەسێدارە دراون کە هەم لە کاتی لێکۆڵینەوەکان و هەمیش لە کاتی بەڕێوەچوونی دادگا، ئەو تاوانەی خرابووە ئەستۆیان، ڕەتیان کردبووەوە.
تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان-یش دوێنێ نووسیبووی: ئەو دوو زیندانییە چەندین جار مافەکانیان پێشلکراوە، ئەشکەنجەی توندی جەستەیی و دەرونی دراون و دوای ئەوەی بە شێوەی زۆرەملێ دانپێدانانیان لە تەلەفزیۆنی ئێران بڵاوکراوەتەوە بە شێوەیەکی نادادپەروەرانە سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپاوە.
لە کاتێکدا سابیر شێخزادە و دیاکۆ ڕەسولزادە، پێش لەسێدارەدانیان لە بینینی خانەوادە و کەسوکاریان بێبەش کراون، بەپێی هەندێک سەرچاوە، شەوی ڕابردوو، بە بەرچاوی خانەوادەی ئەو کەسانەی لە تەقینەوەکەی مەهاباد کوژراون لەسێدارە دراون.
بەپێی زانیاریی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، تا ئێستا تەرمی ئەو دوو زیندانییە سیاسییە کوردە، ڕادەستی خانەوادەکانیان نەکراوە.
جێگای ئاماژەیە، سابیر شێخزادە و دیاکۆ ڕەسولزادە، مانگی ٣ی ساڵی ٢٠١٤، لەلایەن وەزارەتی ئیتڵاعاتی ئێران لە مەهاباد دەستگیرکران و دوای ساڵێک ئەشکەنجە لە زیندانەکانی ئیتڵاعات لە شاری ئورمیە، ناچارکران لە بەردەم کامێرادا دان بە تاوانێکدا بنێن کە نەیانکردووە، ئەوش دانانی بۆمب لە مەراسیمێکی حکومی لە ناوەندی شاری مەهاباد لە مانگی ٩ی ساڵی ٢٠١٠، لە کاتێکدا، دوای ئەو ڕووداوە (تەقینەوەی بۆمب لە مەراسیمەکە)، ڕۆژی ٢٦ی ٩ی ٢٠١٠، محەمەد پاکپور فەرماندەی هێزی زەمینی سوپای پاسدارانی ئێران ڕایگەیاند کە بکەرانی سەرەکیی تەقینەوەکەیان کوشتووە.
س.ح