ماسك و كەل وپەلی خاوێنكردنەوە زیانێكی زۆر بەژینگە دەگەیەنن

جیهان 21/05/2020


بەهۆی بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا بەسەرتاسەری جیهاندا بەکارهێنانی ماسك زۆر زیادیکردبوو، بەڵام لە ئێستادا کە رێوشوێنەکانی دژ بە کۆرۆنا خاو دەکرێنەوە هاووڵاتییان لە شوێنە گشتییەکان و لە ناو هۆیەکانی گواستنەوەدا کەمامەی زیاتر بەکار دەهێننین.
 گەرچی ئامارێکی روون لەبارەی بەکارهێنانی ماسك لە رۆژێکدا لەسەرتاسەری جیهاندا لەبەردەستدا نییە، بەڵام مەزەندە دەکرێت رۆژانە زیاتر لە یەک ملیارماسك لەلایەن هاووڵاتییانەوە بەکار بهێنرێن.
هاوکات لەگەڵ بەکارهێنانی ماسك و کەلوپەلەکانی تری خاوێنکردنەوە و پاکژکردنەوە لەلایەن هاووڵاتییانەوە بەکاردەهێنرێن و ئەگەر هاووڵاتییان لەبەکارهێنانیاندا هۆشیار و هەستیار نەبن، زیانێکی زۆر بە ژینگە دەگەیەنن.
رێکخراوە تەندروستییەکان رایدەگەیەنن، ماسك و دەستکێش و کەلوپەلەکانی تری خۆپاراستن و خاوێنکردنەوە دەبێت راستەوخۆ فڕێبدرێنە زبڵدانەکانەوە، چونکە لە ئێستادا ئەستەمە ئەو کەلوپەلانە دووبارە بکرێنەوە بە کاڵای نوێ.
ماددە سەرەکییەکانی ماسك و دەستکێش، کەلوپەلەکانی تری خۆپاراستن و تەنانەت بەشێکی زۆر لە ماددە پاککەرەوەکان لە نەوت و لە رێگەی پرۆسەی پترۆکیمیاوییەوە دروست دەکرێن، ئەگەر ماسك و ئەو کەلوپەلانەی تر بە شێوەیەکی دروست فڕێنەدردێن، ماددە پێکهێنەرەکانی بۆ ماوەی ٤٥٠ ساڵ لە ناو ژینگەدا دەمێننەوە و دوای ئەو ماوە زۆر ئینجا لە ناو دەچن.