جەنگی ماسكیش بەڕێوەیە

جیهان 06/04/2020

 ن.هاوكار فایەق 

بەڕاستی كاتێك گوێبیستی ئەو هەواڵە بووم سەرم سوڕما كە چۆن وڵاتە زلهێزەكانی جیهان كەوتونەتە دزینی ماسكی یەكتر و دەستبەسەرداگرتنی پێداویستیە پزیشكییەكانی یەكتر ، بۆ دەستكەوتنی چەند كاڵایەكی پزیشكی  ئامادەن هەموو پەیوەندیە نێودەوڵەتیەكان و دیپلۆماسیەكانی نێوانیان بخەنە مەترسیەوە .
هەمومان دەزانین ئێستا لەجیهاندا بەهۆی بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا ئەو كاڵایانە قەیرانیان بۆ دروست بوە بەڵام ئەمە نابێتە ئەوەی كە وڵاتێكی زلهێز مافی وڵاتێكی لاوازبخوات و دور لەپرەنسیپە نێو دەوڵەتیەكان مافیا ئاسا هەڵ بكوتنە سەر بازاڕەكانی جیهان و بەزۆر دەست بەسەر پێداویستیە پزیشكیەكاندا بگرن.
ئێستا ئەمریكا بەهۆی ئەوەی كە نەخۆشیەكە بەشێوەیەكی فراوان تێیدا بڵاو بۆتەوە بەهەمو شێوەیەك هەوڵ دەدات زۆرترین كەرەستە و پێداویستی پزیشكی بۆ هاوڵاتیانی دابین بكات ، بۆ ئەوەی هەر هیچ نەبێـت ژمارەی توشبوانی كەم بكاتەوە. بەڵام ئەمە نابێت لەسەر حسابی وڵاتێكیتر بێت چونكە ئەو وڵاتانەی تریش هاوڵاتیەكانی مرۆڤن و ناكرێت پەراوێز بخرێن.
وەزیری ناوخۆی ئەڵمانیا ( ئەندرێس جێسڵ) دەڵێت ژمارەیەك ماسك و پێداویستی پزیشكیمان لەچین كڕیوە بەڵام فڕۆكەكە لەوڵاتی تایلەند نیشتۆتەوەو ، دواتر بۆمان دەركەوتوە كە لەلایەن ئەمریكاوە بە3 قاتی نرخەكەی كڕدراوەتەوە، ئەمەش پێچەوانەی یاسا نێو دەوڵەتیەكانە و ئەمەش مۆدێلێكی چەتەگەری نوێیە لەلایەن ئەمریكاوە بەرانبەر وڵاتانی جیهان.
بەرپرسانی فەرەنساش دەڵێن داوای 1 ملیار ماسكمان لەوڵاتی چین كردوە و بەنیازین لەڕێگە ئاویەكانەوە بیگوازینەوە ، تەنها بەم ڕێگایە دڵنیا دەبینەوە لەوەی ئەمریكا ماسكەكانمان لێنادزێت.
بەرپرسانی وڵاتانی ئەوروپاش بەگشتی ڕەخنەی زۆریان لەڕێكخراوی تەندروستی جیهانی گرتوە و دەڵێن دەبێـت ئەو كەرەستە و پێداویستییە پزیشكیانە بەشێوەیەكی دادپەروەرانە دابەش بكرێت و ڕێز لەپەیوەندیە نێو دەوڵەتیەكان بگیرێت و ئەمریكاش بەرپرسیارانە مامەڵە لەگەڵ دۆخەكە بكات.
بەرپرسێكی ئیسپانیاش دەڵێت 6 ملیۆن ماسك و پێداویستی پزیشكی كە لەچینەوە بۆ ئیسپانیا و ئیتاڵیا هاتبون لەفەرەنسا دەستیبەسەردا گیراوە  ، بەڕاستی ئەم جۆرە مامەڵانە لەو وڵاتانە ناوەشێـەوە، دەبێـت ڕێكخراوی تەندروستی جیهانی سەبارەت بەو بابەتانە ڕونكردنەوە بدات و سزای ئەو وڵاتانە بدات كە دزی لەوڵاتانی تردەكەن.
هەر وڵاتێك ئەویتر تاوانبار دەكات لەدزینی پێداویستی پزیشكی و هۆشداریش دەدەن لەتێكچونی پەیوەندیە دیپلۆماسیەكانی نێوانیان و هەڕەشەی توندیش لەیەكتری دەكەن .
بەڕاستی سەیرە ئەمە حاڵی ئەو وڵاتە زلهێز و خاوەن ئابوری و داراییە  باشانە بێـت ئەی ئێمەو هاوشێوەی وڵاتانی ئێمە چۆن بتوانین ئەو كەرەستانە دابین بكەین، ئەبێت هەمومان خوازیاری ئەوەبین ئەم دۆخە زوو كۆتایی بێـت دەنا دەبێت بڕیاری نەوت بەرانبەر ماسك  جێبەجێبكرێت،