(پیری دڵ)

رۆشنبیری 26/10/2019



خدر مستەفا

كەتوڕەی لێم، لێت تێ ئەگەم..
وا ئەزانیت لە دووری تۆ
دڵ خیانەتی كردوەو
خۆی بەخشییوە بە نەیار و
دۆستێكی تر؟!
كە پڕیت لێم ..
وا هەست ئەكەیت بێجگە لە تۆ
رۆحی من قیبلەی گۆڕیوەو
سوژدە ئەبات
بۆ بتی باڵای غەریب و
دەم ئەبا بۆ دەستێكی تر؟!
كە چاوت بە ڕووم هەڵنایە،
وا تێ ئەگەی چاوەكانم
ڕوانگەی خۆیان ونكردوەو
ئەڕواننە جێ و مەقامی پیرێكی تری تەریقەت؟
دەخۆنەوە بادە و پیاڵەی
شەرابی چاو مەستێكی تر؟!
نەخێر گیانە٫..
نەخێر هەرگیز
باوەڕ بكە
دڵ هەر دڵەكەی جارانە و
ڕۆحیش هەر یەك قیبلەی هەیە،
سۆمای چاوم ڕۆژی ڕووتە
نەستیشم تەنها تۆی هەیە