سوپای سوریا دەگاتە دەوروبەری ئەدلب

جیهان 20/08/2019


دەزگاكانی راگەیاندنی سوریا بڵاویان كردەوە ئەمرۆ سوپای سوریا گەیشتوەتە دەوروبەری شاری خان شیخۆن ولەبەرامبەردا بەرەی نوسرە بڵاویكردەوە هێزەكانیان خۆیان رێكخستوەتەوە لەشارەكەدا.
بەرەی نوسرە لە راگەیاندراوێكدا بڵاویكردەوە تا ئێستا شاری خان شیخۆن لە ژێر كۆنترۆڵی چەكدارەكانیاندایە و لەباشوری ئەو شارەش هێزەكانیان جێگیربونەتەوە
ئاماژەی بۆ ئەوەش كردەوە ئەم هەنگاوە پاش ئەوە هات كە شارەكە زۆر بەتوندی لەلایەن فرۆكە جەنگییەكانی سوریاوە بۆردومان كراوە .
رۆژنامەی " ئەلوەتەن" كە سەر بەحكومەتی سوریایە بڵاویكردەوە ئەمرۆ سێشەممە هێزەكانی سوپای سوریا  لەهەردوو قۆڵی خۆرئاواو باكووری خۆرئاواگەیشتونەتە دەوروبەری خان شیخۆن لە ریفی ئەدلب و شەڕێكی سەخت لە نێوان هەردوولا بەرێوەدەچێت و ناوچەی ئۆتۆسترادسی نێودەوڵەتی كە دەكەوێتە نێوان خان شیخۆن و معەرە نوعمان كەوتوەتە ژێر كۆنترۆڵی ئاگری تفەنگی هێزەكانی سوریاوە .
خان شیخۆن ناوچەیەكی ستراتیژی زۆر گرنگە و دەكەوێتە سەر رێگەی خیرای نێودەوڵەتی كە حەلەب و دیمەشق پێكەوە دەبەستێت و بەگەورەترین شاری پارێزگای ئەدلب دادەنرێت 
رۆژنامەكە ئاماژەی بۆ ئەوەشكردوە سوپای سوریا توانیویەتی چەند خاڵێكی سەربازی لەوناوچانە جێگیر بكات كە لەدەستی بەرەی نوسرەو هاوپەیمانەكانی رزگاری كردوە.