ئەم وڵاتە مافی پەنابەرێتی دەدات و مانگانە 820 دۆلاریش دەبەخشێت

جیهان 23/05/2019


چاودێر
تەمیم بن حەمەد ئال سانی، میری قەتەر، بڕیاریدا وڵاتەكەی، پێشوازی لەپێنج چین و توێژ بكات و دەتوانن داوای مافی پەنابەری سیاسی بكەن و مانگانەش بۆ كەیسی داواكار، 820 دۆلار دەبڕێتەوە و دەیداتە خێزان و منداڵەكانیان.
بەپێی بڕیارێكی نوێی تەمیم بن حەمەد ئال سانی، میری قەتەر، كە لەرۆژنامەی رەسمی حكومەتی قەتەر بڵاوكراوەتەوە، تیایدا ئاماژە بەوەكراوە، پێنج چین و توێژ دەتوانن داوای مافی پەنابەرایەتی سیاسی لەوڵاتەكەیان بكەن و ئەوانیش بریتیین لە(مافپەروەر، پەیامنێر و رۆژنامەنووس، كەسانی سیاسی و لایەنی ئاینی، نووسەر و لێكۆڵەر) لەگەڵ بەرپرسی ئێستا یان پێشوو، بەڵام بەو مەرجەی هەڕەشەی لێكرابێت.
ئەو بڕیارەی میری قەتەر، لەمانگی ئەیلولی ساڵی رابردوو دەركراوە، بەڵام لەرۆژی یەكشەممەی رابردوو، رێكەوتی 19ی ئەم مانگە بڵاوكراوەتەوە.
هەر بەپێی بڕیارە نوێیەكە، ئەو كەسەی مافی پەنابەرایەتی سیاسی لەقەتەر وەربگرێت، مانگانە820 دۆلار بەخۆی و220 دۆلاریش بۆ هاوسەر و هەر منداڵێكی دەدەرێت تا ئەو كاتەی كارێكی گونجاو دەدۆزێتەوە و ئەو كەسانەشی ئەو مافەیان پێدەدرێت جگە لەدامەزراوە ئەمنییەكان دەتوانێت لەهەموو دامەزراوەیەكی ئەو ڵاتە كاربكات و شوێنی نیشتەجێبوون و بیمەی تەندروستی و خوێندنی بۆ دەستەبەر دەكرێت.