بیستوهەشت ڕێگە بۆ ئەوەی قەناعەتی تەواو بە هاوڕێکەت بکەیت کتێب بخوێنێتەوە

ڕەخنەی چاودێر 23/04/2019

شاڵاو حه‌بیبه‌

■٢٨: ئەو کەسەی فێرت دەکات کتێب بخوێنیتەوە، هەر خۆی ڕۆژێک یان شەوێک کتێبت بەرچاو دەخات. ئاسایی وەری بگرە، ڕەنگە منداڵییەکی خراپ ژیابێت. تۆ کێشه‌ت له‌گه‌ڵ ئه‌ودا هه‌یه‌، نه‌ک کتێبه‌که‌، بۆیه‌ به‌رده‌وام به‌. نابێت هەرگیز شەڕەکە بە کتێب بفرۆشیت.

■٢٧: تەنانەت مام جەلالیش کتێبی دەخوێندەوە، ئیتر تۆ چیت بڵێی کتێب ناخوێنمەوە. خۆت بە چی دەزانیت!

■٢٦: کتێبخوێندنەوەش خۆ هین نییە هەر لە خۆتەوە هەستیت دەست بکەیت بە خوێندنەوە؛ سەرەتا دەبێت بچیت بیکڕیت، یان لانیکەم بە ئەمانەت وەری بگریت. پێت وا نەبێت ئێمەومانان هەروا بە ئاسانی بەم پلەیە گەیشتبین. من خۆم هاوڕێیەکم هەیە هەموو ئێوارەیەک سەعات شەش دەڕواتەوە بۆ ماڵ بۆ ئەوەی سەعات دوازە بتوانێت بەر لە خەو یەک-دوو لاپەڕە بخوێنێتەوە. یانی شتەکە تۆزێک مەراسیمیشی پێویستە، بەڵام بەو قورسییەش نییە.

■٢٥: خاڵی بنه‌ڕه‌تی له‌ کتێبخوێندنه‌وه‌دا ئه‌وه‌یه‌ که‌ سه‌ره‌تا ده‌بێت کتێبه‌که‌ت له‌به‌ر ده‌ستدا بێت، به‌بێ ئه‌وه‌ هیچ ناکرێت. پێم وا نییه‌ بتوانیت بیخوێنیته‌وه‌ ئه‌گه‌ر کتێبه‌که‌ له‌و شوێنه‌ نه‌بێت که‌ تۆی لێیت. که‌واته‌ لانیکه‌م ئه‌و چه‌ند جاره‌ که‌مه‌ بخوێنه‌وه‌، که‌ تۆ له‌ نزیک کتێبه‌که‌یت، یان کتێبه‌که‌ له‌ نزیک تۆیه‌. فه‌رقی چییه‌؟ گرنگ ده‌ستت بیگاتێ.

■٢٤: کتێبی ئەمڕۆ، مەخە سبەی.

■٢٣: بڕوات بەو قسەیە نەبێت کە دەڵێت ئەگەر دەتەوێت قەت پارەت لێ نەدزرێت بیخە بەینی کتێبەوە، تۆ پارەکە خەرج کە، بەڵام جارجار بەینی کتێبەکەش بخوێنەوە. زۆرێک له‌ شته‌کان بەس به‌ینه‌که‌یان خۆشە‌، که‌ ڕه‌نگه‌ پێویست نه‌کات لێره‌ ناوی هه‌موویان ڕیز بکه‌ین، به‌ڵام هه‌ر بۆ نموونه‌: وه‌ک له‌فه‌، وه‌ک به‌ینی من و تۆ. هەروەها وه‌ک کتێب.

■٢٢: ئەگەر گوتیان ئەرێ بۆ ئەوەندە کتێب دەخوێنیتەوە، بۆیان هەستە و جوان جوان دەستێکیان تێگەیەنە، کە بۆ ئەوەندە کتێب دەخوێنیتەوە. بێگومان خۆ دەبێ هۆکارێکت هەر هەبێت. ئه‌گه‌ر هێشتا ئه‌م پرسیاره‌ت لێ ده‌کرێت مانای ئه‌وه‌یه‌ جارێ کولتووری کتێبخوێندنه‌وه‌ دروست نه‌بووه‌. بۆیه‌ واز له‌ کتێبخوێندنه‌وه‌ بهێنه‌ و هه‌وڵ بده‌ سه‌ره‌تا کولتووره‌که‌ دروست بکه‌یت. جوانه‌ وا نییه‌؟ وه‌ک ئه‌وه‌ی بته‌وێت ته‌ماته‌و‌ڕۆن بکه‌یت، به‌ڵام چونکه‌ تاوه‌ت نییه‌، سه‌ره‌تا بته‌وێت شه‌ریکه‌ی تاوه‌دروستکردن دابمه‌زرێنیت.

■٢١: هه‌رگیز پێش کتێبخوێندنه‌وه‌ ڕه‌سمی مه‌گره‌، چووزانی؟ ڕه‌نگه‌ کتێبه‌که‌ دژی تۆ بێت.

■٢٠: که‌واته‌ به‌و ئه‌گه‌ره‌وه‌ که‌ ڕۆژێک له‌ ڕۆژان کتێبێک هه‌یه،‌ که‌ دژی تۆیه‌ و ته‌نانه‌ت زۆر خراپت پێ ده‌کات، ناچاریت بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و کتێبه‌ بدۆزیته‌وه، بە بەردەوامی ‌بخوێنیته‌وه‌. شان هه‌ڵمه‌ته‌کێنه‌ بڵێی نییه‌، بێگومان هه‌یه‌. من زۆر جار کتێبم بینیوه‌ که‌ دژی ئه‌و ئه‌قڵه‌ کاڵه‌ی تۆ نووسراوه‌، به‌ڵام دڵم نه‌هاتووه‌ پێت بڵێم. هاوڕێمی، پێکەوە نان دەخۆین، شەوان دێمە ماڵەکەت، پیاسە دەکەین، کچێکی بەڕێزی، حەزت لێیە جلی سادە لەبەر بکەیت، لە فێستیڤاڵیش یەکترمان بینی، گوتوبێژ لەسەر جیهان دەکەین. چیت لێ بکه‌م!

■١٩‌: ئه‌گه‌ر پاره‌ت نه‌بوو کتێب بکڕیت، خەمێ مەخۆ، وه‌ره‌ لای مامی خۆت به‌ دیاری ده‌تداتێ.

‌■١٨: یه‌کسه‌ر ڕامه‌که‌ ژن بێنی‌، یان شوو بکه‌ی‌، سه‌ره‌تا هه‌نێ کتێب بخوێنه‌وه‌. ئنجا زه‌واج بکه‌، چونکه‌ چه‌ندین کتێبم خوێندوونه‌ته‌وه‌، ده‌ر‌باره‌ی ئه‌و که‌سانه‌ن که‌ ژنیان هێناوه‌، یان شوویان کردو‌وه‌، بێگومان ده‌رباره‌ی به‌دبه‌ختییه‌کانیان، به‌ڵام ئه‌گه‌ر زۆریش کتێب ده‌خوێنیته‌وه‌ مه‌ڵێ من شووم کردووه‌ به‌ کتێب. ئه‌گه‌ر سه‌ره‌نجام هه‌ر زه‌واجیشت کرد، که‌ ژنه‌که‌ت تۆرا، مه‌چۆ یه‌کسه‌ر بۆ نادی، بیکه‌ به‌ ده‌رفه‌ت کتێب بخوێنه‌وه‌، چونکه‌ به‌یانی دێته‌وه‌ بۆ گیانت، یان ئه‌گه‌ر سوتفه‌ مێرده‌کەت‌ شه‌وێک نه‌هاته‌وه‌، یه‌کسه‌ر مه‌ڵێ لای ژنێکی تره‌، له‌ بری ئه‌وه‌‌ جارێ تۆزێ کتێب بخوێنه‌وه‌، سبه‌ی ئه‌گه‌ر هاته‌وه‌ ده‌توانی ده‌رسێکی دابه‌ی، به‌ڵام ئه‌وه‌نده‌ش نا‌ کتێبه‌که‌ی بیر به‌ریته‌وه‌.

■١٧: پەنجەت بۆ هەڵدانەوەی لاپەڕەی کتێب بەکار بێنە، نەک بۆ هەڕەشەکردن.

■١٦: ئەگەر تەنانەت بۆ ئەوەیش بێت کە خەوت لێ بکەوێت، کێشە نییە، لە بری ڤالیۆم دەتوانیت کورتەچیرۆکەکانی چێخۆف بخوێنیتەوە، یان ئەوانەی یاسوونەری کاواباتە، هێندێکیان هێندە کورتن، کە بە دڵنیایی لە نیوەیدا خەوت لێ ناکەوێت و تەواوی دەکەیت.

■١٥: ئاسایییە لە کافتریاکان نێرگەلە بکێشیت، بەڵام کە چوویتەوە ماڵەوەیش مەچۆ هەر جگەرە بکێشیت. هەڵبەت دەتوانیت بخوێنیتەوە و جارجاریش بە دیارییەوە جگەرە بکێشیت، یان جگەرە بکێشیت و جارجار لە سایتی باڵندە شیعرێک بخوێنیتەوە. بەڵام سایتەکە چونکە هیی شاڵاو حەبیبە و هاوڕێیەکەیەتی، هێشتاکە هیچ شیعرێکی شاڵاوی تێدا نییە، بەڵام نیگەران مەبە، شیعری جوانی زۆر تێدایە، کوردی و بیانی.

■١٤: بیستوومە هەر کتێب دەگریت بە دەستەوە خەو دەتگرێت، جا چییە، بخەوە و کە هەستایتەوە بخوێنەوە. مەگەر قەت هەڵناستیتەوە؟ خۆ ئەسحابول کەهف نییت.

■١٣: نیگەران مەبە لەوەی لە کاتی خوێندنەوەدا زۆر دەست بۆ خۆت دەبەیت، هەموو کەسێک هەر وا دەکات، بەڵام وا باشترە زۆرتر دەست بۆ کتێبەکە ببەیت، هەڵبەت خۆیشت ئازاد بکە لەوەی کتێبەکە دەستت بۆ بەرێت، هەرگیز بە پێشداوەرییەوە کتێب مەخوێنەوە.

■١٢: وەکوو ئابلوومووف مەبە، کە دوو لاپەڕەی لە کتێبێک دەخوێندەوە و لە ژوور سەری دایدەنا تا تۆزی لەسەر دەنیشت، دوای چەند ساڵێک دیسان دەستی بۆ دەبردەوە، دوو لاپەڕەی دیکەی دەخوێندەوە، تۆ لانیکەم جارجار تەپوتۆزەکەی بسڕە، بەڵام پێویست ناکات کلێنکسی تەڕ بەکار بهێنیت زۆر بێتام دەبێت.

■١١: ئەگەر لە کافێ‌کتێبێک بوویت و شەوێک لە شەوان یان لە ڕۆژان، بڕیارت دا کۆکتێلی شەربەت نەخۆیتەوە، ئەوا دەتوانیت کتێبێک بکڕیت، کە هەرکات تۆ بتەوێت، فرێشە.

■١٠: ئەگەر ماڵەوە زۆر سەریان خستە سەرت، کە هەر خەریکی کتێبیت، بێگومان تۆ نیگەران نابیت، چونکە خۆت دەزانیت کە هەر خەریکی موبایلیت. لانیکەم ئەگەر شەوێک نێتت نەبوو، بە پەلە یەک-دوو چیرۆکی جوان بخوێنەوە، ئەوانەی چێخۆف یان یاسوونەری کاواباتە بۆ نموونە، بشبوورە کە نموونەی زیاترت پێ ناڵێم، چونکە بە دەگمەن ڕوو دەدا نێتت نەبێت.

■٩: ئەگەر لە قەتاردا بوویت و ویستت سەیری دیمەنەکانی دەرەوە بکەیت، جارجاریش دەتوانیت سەیری دیمەنەکانی ناوەوە بکەیت کە لەناو کتێبەکەدان. زۆر جار ئەم دیمەنانەی دەرەوەی قەتار هەر لە فیلمەکاندا جوانن، بۆیە لە قەتاردا کتێب بخوێنەوە و لە فیلمەکاندا سەیری دیمەنەکانی دەرەوە بکە.
 
■٨: ئەگەر هەر بە جددی پێت وایە کتێبخوێندنەوە هیچ سوودێکی نییە، کەواتە گوتاری «سوودەکانی کتێبنەخوێندنەوە» هەر بە قەڵەمی ئەم عولەمایە بخوێنەوە، وەک دواهەوڵی ژیانت لەم بوارەدا.

■٧: هیچ بیانوویەک بۆ کتێبنەخوێندنەوە قبووڵکراو نییە، بەڵام دەتوانین هەمان ئەو بیانووانەت بۆ تەمبەڵی لێ قبووڵ بکەین. کەواتە کەیسەکەی تۆ هەرگیز پەیوەندیی بە کتێبەوە نییە، خەتای منە باسی کتێبت لەگەڵدا دەکەم. هەڵبەت تەنانەت تەمبەڵەکانیش دەتوانن ڕۆژانە چیرۆکێکی چێخۆف یان کاواباتە هەر بخوێننەوە. مەگەر ئیتر پێت چەقاندبێ.

■٦: یەکێک لە کێشەکانی کتێبخوێندنەوە ئەوەیە ئنجا خەڵک بە کەر دەزانیت، بەڵام مادەم باش دەخوێنیتەوە، کێشە نییە، بە کەرمان بزانە. بەڵام لە تۆڕەکانی کۆمەڵایەتی شتمان لەسەر مەنووسە.

■٥: ئەگەر جارجار کتێب دەخوێنیتەوە، کەواتە جارجار لە بارەی کتێبەوە قسە بکە، بەڵام ئەگەر حەز دەکەیت بەردەوام لە بارەی کتێبەوە (قسەی باش) بکەیت، کەواتە ناچاریت بەردەوام بخوێنیتەوە. مادامەکیش ناتوانیت بەردەوام بخوێنیتەوە، ئەوەیش چارەسەری خۆی هەیە؛ لە ساڵێکدا لە بری ئەوەی کتێبی (هەزارویەک... شتی ئەمەوئەوە) بخوێنیتەوە، یەک-دوو کتێب بخوێنەوە کە کهوولیان زۆر بەرز بێت. مخابن ڕێژەی کهوول لەسەر کتێبەکان نەنووسراوە. من پێشنیار دەکەم بینووسن.

■٤: هەر خودی کتێبخانە دیمەنی ماڵەکەت جوانتر دەکات. ئێ کەواتە بە خوێندنەوەی کتێبەکە دیمەنی خۆیشت جوان دەبێت. تا ئێرە زۆر سادە بوو قسەکەم؟ باشە. من چەند برادەرێکی کوڕم هەیە، کە زۆر باش دەخوێننەوە، لەبەر چاوم بوون بە کەیت وینسێڵت.

■٣: بە کتێب مەڵێ کاتم نییە، بە کات بڵێ کتێبم هەیە.

■٢: خەڵک هەیە مرۆڤکوژە، دەیخەنە سجنەوە، بۆ خۆی دەست دەکات بە کتێبخوێندنەوە، یانی تۆش هەر دەبێ شتێکی وات بەسەر بێت بۆ ئەوەی بخوێنیتەوە؟

■١: ڕەنگە پانزە ساڵ زیاتر، باوکم بەردەوام لێی دەپرسیم، ئەوە چییە هەر کتێب بۆ خۆت دەخوێنیتەوە، کەمێکیش بۆ من بخوێنەوە بزانم چیی تیایە. ئاخر جار کە پرسیی، ڕێک لە کوێدا بووم دەنگم هەڵبڕی: «ئنجا ئەوە ڕووی دا کە ببێتە...» یەکسەر گوتی: «ئەڵڵا، ئەمە ئەم شتە خۆشانەی تیایە بۆیە هەر کتێب ئەخوێنیتەوە.» ئنجا یەکسەر هەستا ڕۆی، بزر بوو. قەت نەمدیتەوە.

 

 

بەهەرحاڵ ئەگەر نەتتوانی قەناعەتی پێ بکەیت ڕەقەمەکەی بدە بە خۆم.