چامپیۆنس لیگ مەترسی لەسەرە.. رەنگە گۆڕانكاریی تێدابكرێت

وەرزش 17/02/2019

چاودێر: بەپێی ئەنجامەكانی توێژینەوەیەكی نێودەوڵەتی، خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەوروپا كە گەورەترین پاڵەوانێتییە لەسەر ئاستی كیشوەری ئەوروپا مەترسی كەوتۆتە سەر و رەنگە گۆڕانكاریی گەورەی بەسەردا بێت.
توێژینەوەكە، كە رۆژی دووشەممە بڵاوكراوەتەوە، ئاماژە بەوەدەكات: لە قۆناغی یەكەمی چوار وەرزی رابردووی چامپیۆنس لیگدا، لە هەر پێنج یارییەك، یەك یاری یاخود زیاتر بە بردنەوەی تیپێك كۆتاییهاتووە بەجیاوازیی سێ گۆڵ یان زیاتر. 
هەر بەپێی راپۆرتەكە، ئەو یانانەی پێشەنگی گروپەكانی قۆناغی یەكەمیان گرتووە بەراورد بە 15 ساڵی رابردوو، خاڵی زۆر زیاتریان كۆكردۆتەوە. لەكاتێكدا تیپەكانی خوارەوەی ریزبەندیی گروپەكان، كەمترین خاڵیان كۆكردۆتەوە.
ئەمانەیش ئاماژەن بۆ ئەوەی جیاوازییەكی زۆر گەورە كەوتۆتە نێوان یانەكانی ئەوروپاوە، هەندێكیان زۆر بەهێزن و هەندێكی دیكەیشیان زۆر لاوازن. بۆیە ئەگەر زۆرە بەرپرسانی یوفا گۆڕانكاریی لەپاڵەوانێتییەكەدا بكەن بۆ ئەوەی تاموچێژی خۆی لەدەست نەدات.
لەو راپۆرتەدا كە "سەنتەری توێژینەوەی وەرزشی نێودەوڵەتی" بڵاویكردۆتەوە و بارەگاكەیان لە سویسرایە، هاتووە "ئەو شیكارییە ئاماژەی زۆر جیاوازی تێدایە.. دەركەوتووە هاوسەنگیی نێوان یانەكان تێكچووە.. هەلی ئەوەی رەخساندووە كە پێشبینی بۆ ئەنجامی یارییەكان بكرێت".
توێژینەوەكە ئاشكرایكردووە: لەساڵانی نێوان 2003 تاكو 2006 رێژەی یارییە ناهاوسەنگەكان (واتە ئەو یارییانەی تیپێك بە جیاوازیی سێ گۆڵ یان زیاتر سەركەوتنی بەدەستهێناوە) لە قۆناغی یەكەمدا 16.9% بووە، بەڵام لە ساڵانی 2015 تاكو 2018 ئەو رێژەیە بەرزبۆتەوە بۆ 22.9%.