توركیا داوایەكیتری بینینی ئۆجەلانی رەتكردەوە

جیهان 09/12/2018

 
چاودێر
دەوڵەتی توركیا جارێكی دیكە داوای بنەماڵەكانی ئۆجەلان و سێ زیندانیی دیكەی زیندانی ئیمراڵی ڕەتكردەوە، كە داوایان كردبوو سەردانی ئیمراڵی بكەن.
محەمەد ئۆجەلان برای عەبدوڵا ئۆجەلان و فاتمە ئۆجالانی خوشكی و مەزڵوم تونج پارێزەری ڕێگەپێدراوی بنەماڵەی ئۆجەلان بۆ ئەنجامدانی دیدار لەگەڵ ئۆجەلان سەردانی داواكاری گشتیی كۆمارییان لە بورسە كرد، بەڵام ئەمڕۆ داواكاری گشتیی كۆماریی دەوڵەتی تورك لە بورسە داواكەیانی بۆ بینیی ئۆجەلان ڕەتكردەوە.
هەروەها بنەماڵەكانی حامیلی یڵدرم، عومەر خەیری و ڤەیسەل ئاكتاش بۆ ئەنجامدانی دیدار سەردانی داواكاری گشتییان كرد، بەڵام داواكاری گشتی بە پاساوی نایاسایی داوای ئەو بنەماڵانەشی ڕەتكردەوە.

ئەوەش لە كاتێكدایە دوایین چاوپێكەوتنی نێوان محەمەد ئۆجەلان و عەبدوڵا ئۆجەلانی برای و سەرۆكی پارتی كرێكارانی كوردستان، لە ١١ی ئەیلولی ٢٠١٦دا بوو، لەو كاتەوە تاوەكو ئێستا دەوڵەتی تورك ڕێگای بە هیچ یەك لە ئەندامانی بنەماڵەی عەبدوڵا ئۆجەلان نەداوە، كە سەردانی ئیمراڵی بكەن و چاویان بە ئۆجەلان بكەوێت.
هەروەها دەوڵەتی تورك لە ٥ی نیسانی ٢٠١٥وە ڕێگای بە هیچ یەك لە ئەندامانی شاندی ئیمراڵی نەداوە سەردانی ئۆجەلان بكەن.
پارێزەرەكانی ئۆجەلانیش لە ٢٧ی تەمووزی ٢٠١١وە بە پاساوی جۆراجۆر ڕێگرییان لێدەكرێت و ڕێگایان پێنادرێت سەردانی ئۆجەلان بكەن.