دەمیرتاش داوای پاڵپشتی لە لایەنگرانی دەكات

جیهان 08/12/2018

 

چاودێر-ئاژانسەكان

سەڵاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆكی پێشووی هەدەپە، كە ماوەی دوو ساڵ و مانگێكە لە گرتووخانەی سزا قورسەكانی پارێزگای ئەدیرنە زیندانیكراوە، لەڕێگەی پارێزەرەكانییەوە نامەیەكی بۆ رۆژنامەی لومۆندی فەرەنسی ناردووە و تێیدا داوای ئامادەبوونیان لە دانیشتنی دادگاییكردنی رۆژی 12-12-2018 لێدەكات، ئەوەش بۆ پشتیوانیكردن و هاوئاهەنگیكردن بۆ گەیاندنی دەنگی بۆ دامەزراوە نێودەوڵەتییەكان.  
دەمیرتاش لە نامەكەیدا نووسیویەتی: "ئەم نامەیەتان‌ لە نێو ژووری تاكەكەسی گرتووخانەی سزا قورسەكانەوە بۆ دەنووسم، كە ماوەی دوو ساڵ زیاترە تێیدا زیندانیكراوم. تاوەكو ئێستا نزیكەی پێنج هەزار ئەندام و كادیری پارتەكەم لەبەر هەمان هۆكار دەستبەسەر كراون". دەمیرتاش نووسیویەتی: "تاوەكو ئێستا 58 سەرۆك شارەوانی و نۆ پەرلەمانتاری هەدەپە لە زینداندان. بەهۆی كوردبوونمان و سیاسەتكردنمان و داواكردنمان بۆ پاراستنی گیان و ماڵی هاونیشتمانیانمان كە مافی خۆمانە و بەهۆیەوە جیاكارییەكی روون و ئاشكرا له دژمان ئەنجام دەدرێت، ئێمەیان خستووەتە نێو زیندانەكانەوە".
هەروەها لە نامەكەیدا دەشڵێت " داوای پشتیوانی و هاوئاهەنگیتان لێ دەكەم. تكا و هیوا دەخوازم لە خەباتی دیموكراسی و ئازادیدا هاوكارمان بن و لەو باوەڕەشدام تواناكانتان دەخەنەگەڕ بۆ گەیاندنی پەیام و دەنگمان بۆ پێگە نێودەوڵەتییەكان كە پرسەكە بۆ ئێمە هێندەی مان و نەمان گرنگە. بۆیە داواتان لێدەكەم رۆژی 12ـی ئەم مانگە لەسەر یەكێك لەو كەیسانەی تۆمەت خراوەتە پاڵم، بۆ ماوەی سێ رۆژ دادگایی دەكرێم. ئەگەر بكرێت، ئامادەی دانیشتنەكە بن، پشتیوانیكردنمان و هاوئاهەنگیكردن بۆ گەیاندنی پەیامەكانمان بەرز دەنرخێنم".