مافناسێكی نزیك لە هەدەپە، كاندیدە بۆ خەڵاتێكی نێودەوڵەتی

جیهان 10/11/2018

 
چاودێر
ئەرەن كەسكین، چالاكوان و پارێزەری مافەكانی مرۆڤ، كە میدیاكانی ئاكەپە بە "تیرۆریست" ناوی دەبەن، ١٠ رێكخراوی جیهانیی كاندیدیان كردووە بۆ وەرگرتنی خەڵاتێكی نێودەوڵەتی.
پارێزەری بە ڕەگەز تورك ئەرەن كەسكین، كە بەشێكی زۆری ژیانی لە دادگا و زیندانەكان بەسەربردووە، هەمیشە وەك ژنێكی پۆڵایین بەرگری لە مافی مرۆڤی كورد و هەموو ستەملێكراوێك كردووە لە توركیا.
كەسكین لە پای هەوڵ و تێكۆشانەكانی لە پێناوی داكۆكیكردن لە مافەكانی مرۆڤدا، لەلایەن ڕێكخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی و ڕێكخراوی جیهانی بۆ چاودێریكردنی مافەكانی مرۆڤ و ٨ ڕێكخراوی دیكەی هاوشێوەوە پاڵێوراوە بۆ وەرگرتنی خەڵاتی مارتن ئێنالس-ئ نێودەوڵەتی.
ڕێوڕەسمی بەڕێوەچوونی خەڵاتەكە مانگی شوباتی ساڵی داهاتوو لە جنێڤ - سویسرا بەڕێوە دەچێت و دوو كەسی تریش بە ناوەكانی مارینۆ كۆردۆبا بەریۆ (كۆڵۆمبیا) و عەبدول عەزیز محەمەد (ئوسترالیا) لەگەڵ كەسكیندا بۆ هەمان خەڵات پاڵێوراون.
ئەم هەواڵە شۆكێكی گەورەی بۆ میدیاكانی توركیا، بەتایبەتیش میدیاكانی ئاكەپە، دروست كردووە، ڕۆژنامەی "یەنی شەفەق"ی زمانحاڵی ئاكەپە هەواڵەكەی بە سەردێڕی "سكانداڵ - فەزیحە" بڵاو كردووەتەوە و تیایدا كەسكینی وەك "تیرۆریست" و ئەندامی پەكەكە لە قەڵەم داوە.
كەسكین چەندینجار پشتیوانی خۆی بۆ هەدەپە راگەیاندووە بەوەی كەسێكی ئاشتیخوازە و بەشێكی زۆری ژیانی لە دادگا و زیندانەكانی توركیا بەسەربردوە بەهۆی بەرگریكردن لە مافەكانی كورد و ستەملێكراوانی دیكەی توركیا، ئەرەن كەسكین پارێزەر و چالاكوانی مافەكانی مرۆڤە و دوو جار بوەتە سەرۆكی ڕێكخراوی مافەكانی مرۆڤی توركیا.